سەرۆکی لوبنان ڕایگەیاند، وڵاتەكەیان تەنها لەلایەن دەوڵەتەکەی و سوپاکەی و هێزە ئەمنییە فەرمییەکانییەوە پارێزراوە و هەر چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت یان بڕیارەکەیدا هەبێت، بەرژەوەندییەکانی لوبنان دەخاتە مەترسییەوە، دەشڵێت، "توندوتیژی و ڕق و کینە هیچ دوڕیانێک لە لوبنان چارەسەر ناکات و پێویستە قوربانیەكانی ڕابردو لەبیر نەكەین".
جۆزێف عەون، لە وتارێکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەروبەندی 50 ساڵەی شەڕی ناوخۆی لوبنان بۆ گەلی لوبنان پێشکەشی کرد ڕایگەیاند، "تەنها دەوڵەت دەتوانێت بمانپارێزێت، دەوڵەتی بەهێز، سەروەر و دادپەروەر کە ئەمڕۆ ئامادەیە، ئەو دەوڵەتەیە کە ئێمە دەپارێزێت تا ئەو کاتەی هاوڕابین کە هەر چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت یان بڕیارەکەیدا هەبێت، بەرژەوەندییەکانی لوبنان دەخاتە مەترسییەوە، ئەوەش لەبەر زیاتر لە هۆکارێک".
ئاماژەی بەوەشكرد، "هەمومان دەڵێین لوبنان تەنها لەلایەن دەوڵەتەکەی و سوپاکەی و هێزە ئەمنییە فەرمییەکانییەوە پارێزراوە. ئێمە پابەندین بە مەرجەکانی ئەم پێگەیە، بۆ ئەوەی لوبنان بمێنێتەوە".
سەرۆكی لوبنان باسی لەوەشكرد، "هەمومان لەم وڵاتە جگە لە دەوڵەتی لوبنان هیچ پەناگەیەکمان نییە، نە بیرۆکەی بچوکتر لە لوبنان لە واقیعی وڵاتەكەمان جێگەی هەیە، نە وەهمی گەورەتر لە لوبنان، هیچ خێرێکی بۆ گەلەکەمان و وڵاتەکەمان هەیە".
عەون لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "ئەرکی ئێمەیە لە پەنجا ساڵی ڕابردوەوە فێربوین کە توندوتیژی و ڕق و کینە هیچ دوڕیانێک لە لوبنان چارەسەر ناکات، هەروەها بە تەنیا دیالۆگەکەمان توانای بەدیهێنانی چارەسەرەی کێشە ناوخۆیی و سیستماتیکییەکانمانی هەیە، هەروەها هەرکاتێک کەسێک هەوڵی بەهێزکردنی خۆی لە دەرەوەی وڵات بدات بەرامبەر هاوبەشەکەی لە ناوخۆدا، ئەوا دۆڕاوە، هەروەک چۆن هاوبەشەکەی دۆڕاوە، میللەتیش بە هەمان شێوە".