لە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدڕاڵی عێراق لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامییەتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەریەک لە ھاوپەیمانی تەقەدووم، ھاوپەیمانی سەروەریی و ھاوپەیمانی عەزم کە بە سێ لایەنی سەرەکی سوننە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دادەندرێن، سەرەرای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ، بەڵام لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتنە ڕێککەوتن.
لەئێستادا ھەریەک لە ھاوپەیمانی سەروەریی بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و ھاوپەیمانی عەزم بەسەرۆکایەتی موسەننا سامەڕایی و ھاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی لەسەر بەربژێرکردنی سالم عیساوی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێککەوتوون.
ھاوکات بەربژێری ھاوپەیمانی تەقەدووم بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بریتییە لە مەحموود مەشھەدانی، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەم دواییانە ناوبراو لەگەڵ سێ ئەندامی دیکەی سوننە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بریتین لە تەڵاڵ زوبێعی، خالید عوبەیدی و محەمەد نوری لە ھاوپەیمانیی عەزم جیابوونەوە، فراکسیۆنی سەدارە-یان لە ئەنجوومەنی نوێنەران راگەیاند و دواتر چوونە پاڵ ھاوپەیمانی تەقەدووم.
ھاوپەیمانی تەقەدووم، بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبووسی، بە فەرمی پشتوانی خۆی بۆ مەحموود مەشھەدانی ڕاگەیاند تا وەک سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی عێراق، ھەڵبژێردرێت.
ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە ھاوپەیمانی تەقەدووم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتبوو: "دوای نزیکەی شەش مانگ لە نەبوونی نوێنەرایەتی سیاسی پێکھاتەیەکی سەرەکی لە پرۆسەی سیاسیدا و دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ، لە ڕوانگەی سووربوونی ھاوپەیمانی تەقەدووم وەک نوێنەری زۆرینەی سوننە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای ڕێککەوتن لەگەڵ فراکسیۆنی سەدارە، پشتیوانی خۆمان بۆ بەربژێرکردنی مەحموود مەشھەدانی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕادەگەیەنین".
ھەروەھا ھاوپەیمانی تەقەدووم داوای لە فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە کە پاڵپشتی لە کاندیدەکەی بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو شایستەیە و، کۆتاییھاتنی پەکخستن و کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و، تەواوکردنی ڕێککەوتنی سیاسی کە ئەنجوومەنی نوێنەران لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتدا دەنگی لەسەر داوە.
ناکۆکی نێوان لایەنە سوننەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، لایەنە شیعەکانی بەسەر دوو بەرەدا بەشکردووە، بەجۆرێک بەرەیەک لە لایەنە شیعەکان پاڵپشتیی لە بەربژێری پارتی تەقەدووم دەکەن و بەرەکەی دیکەی پاڵپشتیی لە بەربژێری لایەنە سوننەکانی دیکە دەکەن.
بەھۆی ئەوەی لایەنە سوننەکان لەبارەی کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، ئێستا تەنھا بە دەنگدان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە.
تا ئێستا ڕوون نییە کاندیدی کام لایەنی سوننە چانسی ئەوەی ھەیە وەک جێگرەوەی محەمەد حەلبووسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردرێت، چونکە لایەنەکانی سوننە، شیعە و کورد کۆدەنگی تەواویان لەسەر کاندیدەکان نییە.
لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەسەر دوو بەرە دابەش بوون، بەجۆرێک بەرەیەکیان لەگەڵ ئەوەدان پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەموار بکرێتەوە و تەقەدووم بەربژێرێکی دیکە پێشکەش بکات، بەرەکەی دیکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ ئەوەدان کە لایەنە سوننەکانی دیکە ھاوشێوەی تەقەدووم بەربژێری خۆیان پێشکەش بکەن.
لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی کە ژمارەیەک لایەنە شیعەکان لەخۆدەگرێت لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، خاوەن ١٣٠ کورسین و بەوەیش لە ئەنجوومەنەکە زۆرینە پێکدەھێنن.
ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی نائاسایی ئەنجام دەدات و لە میانیدا سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنەکە، ھەڵدەبژێرێت.
فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کارنامەی دانیشتنەکەی ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بڵاوکردەوە.
بەپێی کارنامەکە، دانیشتنەکەی ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی نوێنەران یەک تەوەر لەخۆ دەگرێت کە ئەوەیش تایبەتە بە ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنەکە.
لەئێستادا بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەنێوان هەریەک لە مەحموود مەشەھدانی و سالم عیساوی کێبڕکێی لەسەر دەکرێت.