دەیان تیمی فریاگوزاری سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی بێسەروشوێنانی روداوی لافاوەکەی لیبیا، لای خۆشیەوە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماری زیانە گیانی و ماددیەکان ئاشکرا دەکات.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھەماھەنگیی کاروباری مرۆیی (UNOCHA) ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەھۆی دروستبونی لاوفاوەوە لە شاری دێرنەی ڕۆژھەڵاتی لیبیا گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ 11 ھەزار و 300 کەس، ھەروەھا 10 ھەزار و 100 کەسی دیکەیش بێسەروشوێنن.
پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی ڕۆژھەڵاتی لیبیا بەرزببنەوە، لەکاتێکدا تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لە ھەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە بەھۆی لافاوەکەوە بێسەروشوێنن.
ڕۆژی 10ی ئەم مانگە زریانی "دانیال" ژمارەیەک ناوچەی رۆژھەڵاتی لیبیای گرتەوە، لەوانەش شارەکانی (بەنغازی، بەیزا، سوسە و دێرنە) کە بەھۆیەوە زیانێکی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتەوە.
ژمارە و داتاکان بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان
زیانە گیانییەکان:
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 11 هەزار و 300 کەس
ژمارەی بێسەروشوێنەکان بۆ 10 هەزار و 100 کەس بەرزبووەوە
لە شوێنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی لیبیا 170 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ژمارەی ئاوارەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی لیبیا نزیکەی 40 هەزار کەسە
زیانی ماددییەکان:
1500 بینا توشی داڕوخان و زیان بوون
891 باڵەخانە بەتەواوی روخاون
211 باڵەخانە بەشێکیان داڕوخاوە
398 باڵەخانە بەتەواوەتی وێران بون
کۆی روبەری ئەو ناوچەیەی کە بەهۆی لافاو و لافاوەوە لە دێرنا ژێر ئاو کەوتووە ٦ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
هەزاران ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتوە.