نووسراوی فەرمی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی دوورخستنەوەی حەلبووسی گەیشتە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق هەواڵی گەیشتنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی لە پەرلەمان بڵاو كردەوە.
بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردەوە، كەمێك پێش ئێستا، نووسراوی فەرمی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی گەیشتە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق.
ئاماژە بەوەش كراوە، دوای گەیشتنی بڕیاری سەرۆكی پەرلەمان بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەپێی دەستوور دەبێت لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا پەرلەمان سەرۆكێكی نوێ هەڵبژێرێت.
ڕۆژی سێشەممە، ١٤/١١/٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە تۆمەتی “ساختەكردنی واژۆی پەرلەمانتار لەیس دلێمی” ئەندامێتیی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە، حەلبووسیش بڕیارەكەی ڕەتكردەوە و وتی، دادگای فیدراڵی دەستووری پێشێل كردووە.