ئهمڕۆ چوارشەممە هەردوو وڵات تۆپبارانی یەكتریان كردوو بەهۆیەوە چەندین كوژراو و بریندار هەیە و هەردوو لاش ژمارەی کوژراوانیان ڕاگەیاند، ئهوهی ئێستا ڕودهدات خراپترین شەڕی نێوان "دوو دوژمنە دێرینەکەیە" لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵدا.
بەرپرسێکی هیندستان ڕایگەیاند، بەهۆی تۆپبارانەکانی پاکستان بۆ سەر بەشی هیندستانی کشمیر، 7 کەس کوژراون و 35 کەسیش برینداربون.
بەرپرسێکی ئەمنی هیندستانیش ڕایگەیاند، کە سێ فڕۆکەی جەنگی هیندستان بە هۆکارێکی نادیار لە سەر خاکی هیندستان کەوتونەتە خوارەوە.
هاوکات، وتەبێژی سوپای پاکستان ئهمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی سوپای هیندستان بۆ سەر "شەش شوێن" لە پاکستان و لە ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان هەردو سوپاکە لە ناوچەی کشمیر، "لانیکەم 26 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و 46 کەسیش برینداربون".
هیندستان ئهمڕۆ چوارشەممە هێرشی کردە سەر پاکستان و بەشێک لە کشمیر کە لە ژێر ئیدارەی ئیسلام ئاباددایە، پاکستانیش بانگەشەی ئەوەی کردوە کە پێنج فڕۆکەی جەنگی هیندستانی خستوهتە خوارەوە، ئەوەش خراپترین شەڕی نێوان دو دوژمنە دێرینەکەیە لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵدا.
هیندستان ڕایگەیاندوە، کە نۆ شوێنی "ژێرخانی تیرۆریستی" پاکستانی کردوەتە ئامانج، کە هەندێکیان پەیوەندییان بە هێرشێکی چەکدارییەوە هەیە بۆ سەر گەشتیارانی هیندۆس کە مانگی ڕابردو لە کشمیر کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت، 26 کەسی کوشتوە.
سەرچاوەیەکی بەرگری هیندستان بە ئاژانسی ڕۆیتەرز-ی ڕاگەیاند، هێزەکانی هیندستان هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی گروپە چەکدارەکانی جەیش محەمەد و لەشکر تەیبە.
وەزارەتی بەرگری هیندستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، هیندستان خۆگرتنێکی زۆری لە هەڵبژاردنی ئامانجەکان نیشانداوە.
پاکستان بڵاویکردەوە، موشەکەکانی هیندستان له سێ شوێن کەوتونەتە خوارەوە و وتەبێژی سەربازی هیندستان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە، پێنج فڕۆکەی هیندستان خراونەتە خوارەوە.