وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا داوادەكات هەرچی زووە ئاگر بەست لە كەرتی غەززە رابگەیەنرێ و بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵەكانمان چڕ كردۆتەوە.
ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هێشتا دەیان بارمتە لە غەززە چاوەڕێی ڕێککەوتنن بۆ گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان، کاتی ئەوە هاتوە ئەو ڕێککەوتنە ئەنجام بدرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، "گەلی ئیسرائیل ناتوانن زیاتر چاوەڕێ بکەن، گەلی فەلەستین کە بەهەمان شێوە بەدەست کاردانەوە ترسناکەکانی ئەو جەنگەوە دەناڵێنن ناتوانن زیاتر چاوەڕێ بکەن، جیهانیش ناتوانێت زیاتر چاوەڕێ بکات".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە باسی لەوەشكرد، "لە ڕۆژانی داهاتودا ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی"، وەک ئاماژەیەک بۆ قەتەر و میسر کە لەگەڵ واشنتۆن، چەندین مانگە بەردەوامن لە هەوڵەکانی نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس .