​لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاشکرای کرد کە سەرقاڵی تاوتوێکردنی هەموارکردنی یاسای خزمەت و خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن، وەک ئامادەکارییەک بۆ خستنەبەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان.
​ئەندامی لیژنەکە، پەرلەمانتار ئەحمەد دەلفی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لیژنەکە میوانداریی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە مرۆییەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی و بەڕێوەبەری فەرمانگەی خانەنشینیی وەزارەتەکەی کردووە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی گرنگترین بڕگەکانی هەموارکردنی یاسای خانەنشینیی تایبەت بە کارمەندانی وەزارەت.
​دەلفی ڕوونی کردەوە کە دیارترین هەموارە پێشنیارکراوەکان بریتین لە ڕەوانەکردنی کارمەند بۆ خانەنشینی دوای تەواوکردنی ١٥ ساڵ خزمەت بەبێ ڕەچاوکردنی تەمەنی، لەگەڵ ئەژمارکردنی دەرماڵەی خۆراک و مەترسی  لەناو بنەڕەتیی مووچەکەدا.
​ئاماژەی بەوەش کرد،لە ئێستادا مووچەی ژمارەیەک لە خانەنشینان لە ٥٠٠ هەزار دینار تێپەڕ ناکات، ڕاشیگەیاند کە لیژنەکە کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینی تا بگاتە نزیکەی یەک ملیۆن دینار.
​زانیاریی زیاتری خستەروو کە هەموارەکان بەخشینی دەرماڵەی مەترسی بە بڕی ٢٥٠ هەزار دینار بۆ گرێبەستە نوێیەکانی وەزارەتی ناوخۆ لەخۆدەگرێت، هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی خەرجکردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ سەرجەم کارمەندانی وەزارەت بە بڕی ٤٨٥ هەزار دینار.
​لەلایەکی دیکەوە، ئەندامی لیژنەکە پەرلەمانتار نایف شەمەری ڕایگەیاند، لیژنەی ئاسایش و بەرگری بەردەوامە لە تاوتوێکردنی بڕگەکانی یاساکە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئاراستەیەک هەیە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پسپۆڕ بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی هەموارەکە پێش پێشکەشکردنی بۆ پەسەندکردن، لەگەڵ بوونی پاڵپشتییەکی پەرلەمانیی بەهێز بۆ تێپەڕاندنی یاساکە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا