ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەكان لە ئیسپانیا، ئاشكرایانكردووە كە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بارسێلۆنا، ئامادەیە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی كەتەلۆنی نوێ بكاتەوە و مووچەكەیشی كەمبكاتەوە، بۆ ئەوەی یارمەتی بارسا بدات بتوانێت گرێبەست لەگەڵ ئێرلینگ هالاندی یاریزانی یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی بكات.

ماوەی گرێبەستی ئێستای لیۆنێل مێسی لەگەڵ بارسێلۆنا لەم هاوینەدا كۆتاییدێت و هێشتا بڕیار نەداوە گرێبەستەكەی نوێ دەكاتەوە یان نا، كە یاریزانەكە تاوەكو ئێستا لەگەڵ بەرپرسانی بارسێلۆنا نەگەیشتووەتە هیچ رێككەوتنێك لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی.

بەپێی ئەو راپۆرتە رۆژنامەڤانیانە، مێسی گرێبەستێكی نوێ لەگەڵ بارسێلۆنا لەسەر بنەمای چەند مەرجێكی ئاسان نوێدەكاتەوە، بەو مەرجەی یانەكە ئارەزووی خۆی بۆ چوونە نێو بازاڕی گواستنەوەكان نیشان بدات.

ئەو سەرچاوانە روونیانكردەوە كە براوەی 6 باڵۆن دۆر بە خوان لاپۆرتای سەرۆكی بارسێلۆنای گوتووە ئامادەیە گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە مووچەكەیشی كەمبكاتەوە، بەڵام بەمەرجی ئەوەی یانەكە وەبەرهێنانی زۆر بكات بۆ بەهێزكردنی تیپەكە. 

بە گوێرەی ئەو راپۆرتانە، خوان لاپۆرتا بە لیۆنێل مێسی راگەیاندووە كە یانەكە ئامادەیە دانوستاندن لەگەڵ هالاند دەستپێبكات، بەڵام پێشیگوتووە "بارسا ناتوانێت پارەی گرێبەستی هالاند دابین بكات، ئەگەر لە گرێبەستە نوێیەكەی تۆدا مووچەكەت وەك خۆی بمێنێتەوە، كە 40 ملیۆن یۆرۆیە".

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی پێشتر دەستەوارەیەكی سەرنجڕاكێشی پێشكەشی مێسی كردووە، بەڵام ئامانجی یەكەمی یاریزانەكە مانەوەیە لە بارسێلۆنا، بەڵام بە مەرجی ئەوەی یانەكە خواستی بازاڕكردنی هەبێت لە مێركاتۆی هاوینەدا.

لاپۆرتا فەرمانی داوە بەدواداچوونێكی نوێی بكرێت بۆ دیاریكردنی باری دارایی ئێستای یانەكە، بەڵام پێشبینی دەكرێت دوای بڕینی مووچەی مێسیش، یانەكە پێویستی بە هەندێك دەرماڵەی دەرەكی دیكەش هەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هالاند بتوانێت گرێبەست واژۆ بكات.

سەرۆكی بارسێلۆنا ئێستا لەگەڵ كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان لە گفتوگۆیدایە بۆ بەدەستهێنانی پارەی پێویست.

سەرچاوەكانی هەواڵ باس لەوە دەكەن كە سەرەڕای ئەوەی زۆر لە یانەكان لەسەر تواناكانی هالاند ركابەری بارسا دەكەن، بەڵام بارسێلۆنا دڵنیایە كە دەتوانێت تواناكانی هالاند بەدەستبێنێت، بەهۆی ئەو پەیوەندییە باشەی لە نێوان خوان لاپۆرتا و مینۆ رایۆلادا هەیە.