ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی تۆپی پێ، چووە پاڵ ئەو یاریزانانەی دژی بەڕێوەچوونی كۆپا ئەمریكان كە بڕیارە لە بەرازیل بەڕێوەبچێت، بەڵام لیۆ دڵخۆش نییە بەشداری ئەو پاڵەوانێتییە بكات بەهۆی زیادبوونی ژمارەی مردن و تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

رۆژنامەیەكی نزیك لە یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرایكرد: "مێسی هاوشێوەی كارلۆس كاسیمیرۆی ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل، هاوڕایە كە بەڕێوەچوونی كۆپا ئەمریكا لە كاتێكی نە گونجاو بەڕێوەدەچێت كە وڵاتەكەش كە بەرازیلە گونجاو نییە بۆ میوانداریكردنی یارییەكان، بەڵام تاوەكو ئێستا بە ئاشكرا هیچ قسەیەكی لەوبارەیە نەكردووە".

هەروەها رۆژنامەكە باسی ئەوەشی كردووە: "لیۆنێل مێسی لەگەڵ لویس سوارێز ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئۆرگوایی قسەی كردووە سەبارەت بە بیرو راگۆڕینەوە دەربارەی دروستكردنی كۆدەنگی ئەستێرەكانی ئەو كیشوەرە، بۆ ئەوەی رێگری لە بەڕێوەچوونی كۆپا ئەمریكا بكەن".

هەروەها باس لەوە دەكرێت، مێسی لەو بارەیەوە هۆشداری بە سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین داوە كە لە دۆخێكی لەم شیوەیە، دڵخۆش نییە بەشداری كۆپا ئەمریكا بكات.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش كردووە: "سێشەممەی داهاتوو رۆژێكی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ دیاریكردنی چارەنووسی پاڵەوانێتییە، بەڵام ئێستا كاپتنی سەرجەم هەڵبژاردەكان لە هەوڵی ئەوەدان سەرجەم یاریزانەكانی هەڵبژاردە بەشداربووەكان رازیی بكەن كە بایكۆتی ئەو پاڵەوانێتییە لەو كیشوەرە بكەن".

بڕیاربوو كۆپا بە هاوبەشی لە هەردوو وڵاتی كۆڵۆمبیا و ئەرجەنتین بەڕێوەبچێت، بەڵام هەردوو وڵات بە پاساوی باری تەناهی و ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕیاریاندا میوانداری كۆپا ئەمریكا نەكەن، پاشان بۆلسۆنارۆی سەرۆكی بەرازیل، ئامادەیی نیشاندا بەرازیل میوانداری پاڵەوانێتییەكە بكات، ئەمەش نارەزایەتی شەقامی بەرازیلی و هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەرازیلی لێكەوتەوە.