ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەڵبژاردەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، نازناوی یەكەم وەشانی خولی نەتەوەكانی كۆنكاكافی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا 3 - 2 لە مەكسیكی بردەوە.

یاریی كۆتایی خولی نەتەوەكانی كۆنكاكاف لەسەر یاریگەی برۆنكۆس ئات مایل های لە شاری دێنڤێر لە ویلایەتی كۆلۆرادۆی ئەمریكی، لەنێوان ئەمریكا و مەكسیك بەڕێوەچوو.

خۆسێ كۆرۆنا خولەكێك دوای دەستپێكردنی یارییەكە گۆڵی پێشكەوتنی بۆ مەكسیك بەدەستهێنا.

جیۆڤانی ریێنا لە خولەكی 27 گۆڵی یەكسانبوونی بۆ خاوەن ماڵ بەدەستهێنا و نیوەی یەكەم بەیەكسانبوونی هەردوولا بە گۆڵێك كۆتاییهات.

لە نیوەی دووەمدا هەردوولا چەندینجار هێرشیان بردە سەر گۆڵی یەكدی و لە خولەكی 79ـدا دیگۆ لانز جارێكی دیكە مەكسیكی پێشخستەوە، بەڵام وێستۆن ماكێنیی یاریزانی یانەی یوڤێنتوس دوای تەنیا 3 خولەك گۆڵی یەكسانبوونی بۆ ئەمریكا تۆماركرد.

یارییەكە گەیشتە دوو گێمی زیادكراو، بەڵام كریستیان پۆلیسیچی یاریزانی یانەی چێڵسی نەیهێشت یارییەكە بگاتە لێدانەكانی یەكلاكەرەوە، كاتێك لە خولەكی 114 گۆڵی سێیەم و بردنەوەی بۆ هەڵبژاردەی ئەمریكا تۆماركرد و نازناوی یەكەم پاڵەوانێتی خولی نەتەوەكانی كۆنكاكافی بە ئەمریكا بەخشی.

هەڵبژاردەی هندۆراسیش بووە سێیەمی پاڵەوانێتییەكە، دوای ئەوەی لە یاریی دیاریكردنی پلەی سێیەمدا بە لێدانەكانی یەكلاكەرەوە 5 - 4 لە هەڵبژاردەی كۆستاریكای بردەوە، پاش ئەوەی ئەنجامی یارییەكە بە یەكسانبوونی هەردوولا بە ئەنجامی 2 - 2 كۆتاییهات.