ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی ئیسپانی ڕۆژی یەكشەممە پەرەسەندنێكی نوێی لەسەر مێركاتۆ هاوینەی ڕیاڵ مەدرید ئاشكرا كرد.

 بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی ئەی بی سی ئیسپانی، ڕیاڵ مەدرید لەم هاوینەدا لیستێكی ئامادەكردوە لەگەڵ حەوت یاریزان پێكدێت و هەریەكە لە "ڕافائێل ڤاران، ئیسكۆ، ئەلڤارۆ ئۆدریۆزۆلا، دانی سێبایوس، ماریانۆ دیاز، لوكا یۆڤیچ و ئیبراهیم دیاز" لەخۆدەگرێت، كە یانەكە دەیەوێت لەم مێركاتۆیەدا بەڕێیان بكات.

 ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بەوەشكردوە كە ڕیاڵ مەدرید ئامانجی ئەوەیە لانی كەم 160 ملیۆن یۆرۆ لە مێركاتۆی هاویندا بەدەست بهێنێت، بۆیە نرخی ئەو یاریزانانەی بەمشێوەیە دیارییكردوە، ڤاران ( 70 ملیۆن )، یۆۆڤیچ ( 35 ملیۆن )، سیبایۆس ( 30 ملیۆن )، ئیسكۆ ( 25 ملیۆن )، ئۆدریۆزۆلا ( 20 ملیۆن )، ماریانۆ ( 20 ملیۆن ) و ئیبراهیم دیاز ( 20 ملیۆن )، كە بە تێكڕا دەگاتە ( 220 ملیۆن یۆرۆ.

 هەمان سەرچاوە باسی لەوەش كرد كە ڕیاڵ مەدرید ئامادەیە بۆندەكەی گارێس بەیڵ و مارسیلۆ هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر ئەو دو یاریزانە داوای رۆیشتن بكەن لە یانەكە، هەروەها تاكفۆسا كوبۆ جارێكی دیكە دەداتەوە بە خواستن.

یانەی ریاڵ مەدرید لەو بڕە پارانەی لە فرۆشتنی ئەو یاریزانانە دەستی دەكەوێت، دەیەوێت 160 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنەوەی مباپێ تەرخان بكات.