ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی ئیسپانی نهێنی شكستی گواستنەوەی گۆڵپارێزی ئیتالی جیانلویجی دۆناڕۆما بۆ یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرادەكات.

دۆناڕۆما بە گرێبەستێك و بۆ ماوەی پێنج وەرز لە مامەڵەیەكی بێ بەرامبەردا چوە پاڵ یانەی پاریس سان جێرمان، دوای بەسەرچونی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ئەی سی میلان و هەڵوەشاندنەوەی بۆندەكەی.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشكرایكردوە، مینۆ ڕایۆلای بریكاری كارەكانی دۆنارۆما لە ئەم هاوینەدا گۆڵپارێزی ئیتالی پێشكەشی بەرشەلۆنە كردوە.

ڕایۆلا داوای موچەی ساڵانەی 12 ملیۆن یۆرۆی كرد بۆ دۆناڕۆما بە بێ باج، كە بەرشەلۆنە ڕاستەوخۆ ڕەتیكردەوە، چونكە بارشە لە ڕوی ئابورییەوە كێشەی هەیە و نەیدەتوانی ئەو بڕە پارەیە دابین بكات.

ڕایۆلا ڕازی بو بە كەمكردنەوەی موچەی دۆنارۆما لە وەرزی یەكەمدا بە مەرجێك لە وەرزی دوەمدا 24 ملیۆن یۆرۆ وەربگرێت، بەڵام بەرشەلۆنەش ئەو پێشنیارەی ڕەتكردەوە.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردوە كە بەرشەلۆنە ئەوەشی پێباش بوە كە پارێزگاری لە مارك ئەندرێ تێر شتیگن بكات و كێشە بۆخۆی دروست نەكات لەگەڵ ئەو گۆڵپارێزە.

هەروەها ئەوەشی ڕونكردەوە كە دۆناروما ڕازی بوە ببێتە دوەم گۆڵچی بەرشەلۆنە، بەڵام بەو مەرجەی لە وەرزەدا لانیكەم 15 یاریی ئەنجام بدات.