ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یانەی مانچێستەر یونایتد نزیكە لە واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ رافایل ڤارانی بەرگریكاری یانەی ریال مەدرید لە مێركاتۆی هاوینەدا.

بەگوێرەی زانیارییەكانی سكای سپۆرتی ئینگلیزی: "مانچێستەر نزیكە لە گەیشتن بە رێككەوتنی تاكەكەسی لەگەڵ بریكاری بەرگریكارە فەرەنسییەكە، ڤارانیش پێشوازی لە بیرۆكەی جێهێشتنی ریال مەدرید دەكات".

میدیا وەرزشییەكە ئاماژەی بەوە كردووە: "لە ماوەی رابردوودا بەرپرسانی یانە ئینگلیزییەكە تەنیا چاوەڕێی هەڵوێستی كۆتایی ڤاران بوون، بۆ ئەوەی بەخێرایی دەست بە دانوستاندن بكەن، بۆ ئەوەی هەنگاوی جددی بۆ پڕۆسەی واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ ڤاران بنێن و لەگەڵ بەرپرسانی ریال مەدرید دەست بە گفتوگۆ بكەن بۆ تەواوكردنی گرێبەستەكە، ئێستا ڤاران ئاسانكاریی كردووە، بۆ ئەوەی مانچێستەر هەنگاوەكانی بۆ دانوستاندن دەستپێبكات".

گرێبەستی ڤاران لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی 2022 بەسەردەچێت، بۆیە بەرپرسانی ریال مەدرید دەیانەوێ لە ئەگەری رۆیشتنی ڤاران قازانجی ماددی بكەن، چونكە وەرزی داهاتوو بەرگریكارە فەرەنسییەكە بە بێ بەرامبەر دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ مانچێستەر واژۆ بكات.

یانەی مانچێستەر یونایتد ماوەیەكی زۆرە ڤارانی وەكو یەكێك لە ئامانجە لەپێشینەكانی ماوەی مێركاتۆی هاوینە داناوە، بۆ بەهێزكردنی ریزەكانی، تاوەكو بتوانێت لە وەرزی نوێ، كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ بكات، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو هیچ نازناوێكی بەدەستنەهێنا.