ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

جولیان ناگلیسمان ڕاهێنەری یانەی بایرن میونشنی ڕایگەیاند كە باوەڕ ناكات بەرشلۆنە لەدوای ڕۆیشتنی لیۆنێل میسی ئەرژەنتینی خراپتر بێت و ئەوەشی وت كە بەرپرسیارێتییەكە لەلایەن چەندین یاریزانەوە هاوبەشە.

ناگلیسمان دوێنێ‌ كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسی ئەنجامدا بۆ قسەكردن لەسەر یارییەكانی یانەی بەرشلۆنە و بایرن میونشن كە ئەمشەو سێشەممە لەیاریگای كامپ نو لە یەكەم دیدارەكانی قۆناغی گروپی چامپیۆنس لیگدا ئەنجام دەدرێت.

ئەو ڕاهێنەرە ئەڵمانیە وتی: "ئێستا بەرشلۆنە جیاواز یاری دەكات، لیونێل مێسی ئەو یاریزانەیە كە وا دەكات یارییەكە بە خواستی ئەو بڕوات، هاوتیمەكانی بەدوایدا دەگەڕێن ئێستا بەرپرسیاریەتیەكە لە ئەستۆی چەند یاریزانێكی دیكەیە، وەك مێمفیس دیپای و لوك دی یۆنگ، بەرشلۆنە دوو یاریزانی نوێی زۆر سەرنجڕاكێشیان هەیە كە توانای جیاوازیان هەیە، من ناڵێم كە بەرشلۆنە ئێستا بە بێ مێسی خراپترە".

ناگلیسمان ستایشی ئەدای فرێنكی دی یۆنگ و پێدری دوانەی بەرشلۆنەی كرد و جەختیشی كردەوە كە باوەڕ ناكات "بلاوگرانا" ئێستا خراپتربێت لە جاران.

سەبارەت بە یارییەكەی ئەمڕۆش، وتی:"ئەگەر ئەوان باشترینن، كاتی ئەوە هاتوە بیسەلمێننن، بەڵام لە هەر حاڵەتێكدا بمانەوێت ئەو سێ خاڵە بەدەست بهێنین، بیرۆكەیەكمان هەیە كە مامەڵە لەگەڵ شێوازی جۆراوجۆری بنەڕەتی یاریكردندا بكەین، ئێمە بە باشی ئامادەین و هیوادارم بیبەینەوە".

ئەو راهێنەرە وتیشی "لەگەڵ ئەوەی گنابری كە بەدەست ئازاری پشتییەوە دەناڵێنێت، بەڵام یاوەری تیمەكەی دەكات و كارمەندانی تەكنیكی و پزیشكیش لە كاتژمێرەكانی داهاتودا چاودێری ڕەوشی یاریزانەكە دەكەن.

سەبارەت بە لیڤاندۆڤیسكیش كە نیگەرانی بۆ ستافی ڕاهێنەرانی تیپەكە دروستكردوە، ئەمڕۆ ڕاهێنانی كردوە و لەگەڵ گروپەكەدا گەشت دەكات و ناگلیسمان پێی وایە دەتوانێت بەشداری بكات بۆ یارییەكەی بەرشەلۆنەی.