ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، دووپاتیكردەوە كە ئەوان هەموو شتێك دەكەن لەپێناو رازیكردنی هاندەرانی یانەی شەیتانە سوورەكان، گوتیشی "عەقڵ و مێشكمان ئامادەیە بۆ چامپیۆنزلیگ".

رۆناڵدۆی تەمەن 36 ساڵ، كە لە دوایین رۆژەكانی مێركاتۆی هاویندا، لە یوڤێنتوسی ئیتاڵییەوە گەڕایەوە ریزەكانی یانە كۆنەكەی، مانچێستەر یونایتد، یەكەم یاری خۆی لە پرێمەرلیگدا بەرامبەر نیوكاسڵ ئەنجامدا و بە تۆماركردنی 2 گۆڵ سەركردایەتی تیپەكەی كرد بۆ بەدەستهێنانای 3 خاڵی یارییەكە.

ئەمشەو مانچێستەر یونایتد بە سەركردایەتی رۆناڵدۆ لە یەكەم یاری ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا، دەبێتە میوانی یانەی یەنگ بۆیزی سویسری.

كریستیانۆ لەبارەی ئەو یارییەوە، گوتی "بەڕاستی ئێمە بۆ ئەو یارییە و بۆ چامپیۆنزلیگ ئامادەین، عەقڵ و ژیرمان ئامادەیە".

ئەستێرەی پۆرتوگالی، بە دەرفەتی زانی سوپاسی جەماوەری مانچێستەر یونایتدیش بكات، بۆ ئەو پێشوازییەی لە خۆی و خێزانەكەی كردیان و گوتی "زۆر سوپاسی جەماوەری یانەكەمان دەكەین بۆ ئەو پێشوازییە جوانەی لە من و منداڵەكانمیان كرد لە ئۆڵدترافۆرد".

كریس زیاتر باسی هاندەرانی كرد و دووپاتیكردەوە "لە تیپەكەماندا هاوبەشی و لەیەكگەیشتنێكی سەرسوڕهێنەر لە نێوان تیپەكەمان و جەماوەرەكەماندا هەیە، ئەوان بە بەردەوامی پشتگیریمان دەكەن، كە بێگومان ئەوە ئەركەكەمان هەندێك ئاسانتر دەكات، ئەوەی بتوانین دەیكەین لەپێناو پاراستنی هەست و سۆزیان بۆ تیپەكەمان".