ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جەولەی هەشتەمی كۆمەڵەی یەكەمی قۆناغی كۆتایی پاڵاوتنی نەتەوەكانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2022ی قەتەر، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و لوبنان لە بەیروت ڕووبەڕووی یەكبوونەوە.

عێراق دەستپێشخەری كرد و لە خولەكی 39دا گۆڵێكی لە ڕێگەی ئەیمەن حسێنەوە تۆماركرد، بەڵام لوبنانی خاوەن یاریگا و هاندەر لە خولەكی 45دا گۆڵی بەرامبەری لەلایەن ماهیر سەبرەوە تۆماركرد و یارییەكەش بە یەكسانی و بە گۆڵێك بۆ هەردوولا كۆتایی هات.

بەم ئەنجامە، عێراق لە هەشت یاری قۆناغەكەدا هیچ بردنەوەیەكی بەدەستنەهێناوە ودوای پێنج یەكسانبوون و سێ دۆڕاند بە پێنج خاڵ لە پلەی پێنجەمی پێش كۆتایی كۆمەڵەكەدایە، لوبنانیش بە شەش خاڵ پلەی چوارەمی كۆمەڵەكەی گرتووە.

لە یاری لوتكەی كۆمەڵەی دووەمیشدا، هەڵبژاردەی ژاپۆن بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە هەڵبژاردەی سعودیەی بردەوە، بەڵام سعودیە بە 19 خاڵ لە پێشەنگدا مایەوە و ژاپۆنیش لە پلەی دووەمدایە و 18 خاڵی هەیە.