ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە یاریی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و سێلتا ڤیگۆ لە ركابەرییەكانی لالیگادا كە لەسەر یاریگەی كامپ نو بەڕێوەچوو، رۆناڵد ئاراوخۆ و گاڤی، یاریزانانی بارسێلۆنا بەریەككەوتن، هەرچەند ئەو كاتە لە خولەكی 57ـدا ئاراوخۆ هەستاوەیە، بەڵام دوای چەند هەنگاوێكی كەم لە رۆیشتن كەوتە سەر چیمەنی یاریگە و لەهۆش خۆی چوو.

دوای رووداوەكە ئێریك گارسیا، بەرگریكاری بارسێلۆنا و یاگۆ ئاسپاس كاپتنی یانەی سێلتا ڤیگۆ خۆیان گەیاندە لای یاریزانەكە و داوای هاوكاریان كرد، ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن هاتە نێو یاریگە و دوای مانەوەی بۆ چەند خولەكێك راستەوخۆ ئاراوخۆ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.

یانەی بارسێلۆنا لە راگەیێنراوێكدا رایگەیاند، ئاراوخۆ تووشی شڵەژانی مێشك بووە، بەو هۆیەوە بارودۆخی تەندروستیی تێكچووە، بەڵام دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بارودۆخی كۆنتڕۆڵكراوە و پشكنینی پزیشكی بۆ دەكرێت.

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا دوای یارییەكە گوتی " ئاراوخۆ ئەمشەو لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، ئەگەر بارودۆخی باشتر بێت دەگەڕێتەوە ماڵەوە."

میدیای ئیسپانیا رایگەیاند " شەوی رابردوو ئاراوخۆ بەهۆش خۆیدا هاتووەتەوە خواردنی خواردووە، خانەوادەكەی چوونەتە لای و ئێستا بارودۆخی تەندروستیی جێگیرە."

بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ئێریك گارسیا بەهۆی نزیكییەوە لە ئاراوخۆ و هاوكاریكردنی لەكاتی دروستبوونی رووداوەكەدا بووەتە هۆكاری ئەوەی یاریزانەكە بەردەوامبێت لە هەناسەدان.