ئەمشەو كاتژمێر 10، لە یاریگای ئۆلمپیكۆ لە ڕۆمای پایتەخت یاری كۆتایی ئەم وەرزەی جامی ئیتاڵیا لە نێوان هەردوو یانەی یۆڤانتۆس و ئینتەر میلان بەڕێوەدەچێت.
یۆڤانتۆس لە مێژوودا خاوەنی زۆرترین نازناوی جامی ئیتاڵیایە بە بردنەوەی 14 نازناو و دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەكە بكات كە وەرزی ڕابردوو بەدەستیهێناوە.
ئینتەریش تا ئیستا حەوت نازناوی جامی ئیتاڵیای بردوەتەوە و كۆتا جاریش لە ساڵی 2011دا بوەتە پاڵەوان و دەیەوێت ژمارەی نازناوەكانی بۆ هەشت نازناو بەرزبكاتەوە.
یۆڤانتۆس لەم وەرزەی جامی ئیتاڵیا چوار یاری ئەنجامداوە بەرامبەر یانەكانی سامپدۆریا و ساسۆلۆ و دوو یاریش بەرامبەر فیۆرینتینا و لەسەرجەمیاندا براوە بوە.
ئینتەر میلانیش چوار یاری بەرامبەر بۆلۆنیا و ڕۆما و دوو یاریشی بەرامبەر میلان كردووە لە قۆناغی پێش كۆتاییدا و لە سێ یاریاندا براوە بوە و یاریەكیش یەكسانبوە.
تا ئێستا 33 جار یۆڤانتۆس و ئینتەر میلان لە جامی ئیتاڵیا رووبەڕووی یەكبونەتەوە، یۆڤانتۆس 16 بردنەوە و ئینتەریش 10 بردنەوەی هەبوە، لە حەوت یاریشدا یەكسانبوون.