ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یۆرگن كلۆپ راهێنەری یانەی لیڤەرپوڵ دوپاتیكردەوە كە هێشتا رون نەبوەتەوە كە ئایا ڤێرجیل ڤان دایك و محەممەد سەڵاح دەتوانن بەشداری لە یاری داهاتوی تیپەكە بكەن كە لە دوایین یارییان بەرانبەر ساوسهامپتۆن یاریی دەكات لە ڕكابەرییەكانی هەفتەی 37هەمینی پریمەرلیگ.

سەڵاح لە یاریی كۆتایی جامی یەكێتی ئینگلتەرا بەرانبەر چێڵسی توشی پێكان بوو، بەو هۆیەشەوە لە نیوەی یەكەمی یارییەكەدا یاریگەی جێهێشت، لە كاتێكدا ڤان دایك نەیتوانی یارییەكە تەواو بكات، دوای ئەوەی پێش دەستپێكردنی یەكەم قۆناغی زیادكراو هەستی بە پێكان كرد.

كلۆپ رونیكردەوە كە تاوەكو ئێستا بڕیاری لەسەر پێكهاتەكەی نەداوە بۆ یاریی بەرانبەر ساوسهامپتۆن، بەڵام لە هەمان كاتدا دوپاتی كردەوە كە فابینیۆی بەرازیلی لە یارییەكە ناتوانێت ئامادەبێت.

كلۆپ لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند‌و پرسیاری لێكرا سەبارەت بە ئەگەری بەشداریكردنی سەڵاح و ڤان دایك، وتی: "هێشتا ئەم پرۆسەیە كۆتایی نەهاتوە، چونكە تەنها دو رۆژ پێش ئێستا 120 خولەك یاریمان كرد، بڕیارێكی زۆرمان لەبەردەستە، ئێمە تیپێك پێكدەهێنین لەبەر هۆكاری سەرەكی، ئەویش هەوڵدان بۆ بردنەوەی یارییەكە لە ساوسهامپتۆن، 30 خولەكی زیادە جیاوازییەكی گەورەی دروستكرد".

كلۆپ جەختی لەوە كردەوە كە هەوڵ نادات زۆر گەشبین بێت، دوای ئەوەی ئێوارەی یەكشەممە مانچستەر سیتی لەگەڵ وێستهام یونایتد كەوتە داوی یەكسانبون بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ.

وە لە ئەگەری ئەوەی لیڤەرپوڵ لە ساوسهامپتۆن بباتەوە، جیاوازی لەگەڵ مان سیتی پێشەنگ بۆ خاڵێك كەم دەبێتەوە، تەنها یەك یارییەك ماوە، كلۆپ وتی: "من بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی یارییەكەی سبەینێم، نازانم دوایین جار سیتی كەی بو كە دو یاریی دو خاڵ بدۆڕێنێت لەسەریەك، ئەستۆن ڤێلا دەبێت لە ناوەڕاستی هەفتە یاری بكات، ئەوان بەو شتە ڕاهاتون، پێشبینی ناكەم سیتی لەوێ خاڵ لەدەست بدات".

كلۆپ ئاماژەی بە یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگ كرد كە دوای دو هەفتە بەرانبەر ریاڵ مەدرید یاریی دەكەن و وتی: زۆر گەورە دەبێت ئەگەر لە دو هەفتەدا نازناوی چامپیۆنزلیگ ببەینەوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ خاوەن ئەزمونترین تیپەكانی ئەم ركابەرییەدا یاری دەكەین، ئێمە پاڵێوراوی گەورە نین، ئەوان پێشتر خولەكەیان بردوەتەوەو تیمەكە بە گشتی لە پشودایە، لە كاتێكدا ئێمە دو یاری گەورەمان لە پێشە".