ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی رایگەیاند، یانەی پاریس سانجێرمان 10 ملیۆن یۆرۆ دەداتە یانەی نیس، وەك قەرەبوویەك بۆ دەستبەرداربوون لە گالتیێر، كە گرێبەستی لەگەڵ یانەكە دوو ساڵی ماوە.

 بەپێی دوایین زانیارییەكان، رۆژی دووشەممە رێككەوتنی سەرەتایی لەنێوان پاریس سانجێرمان و ئەو راهێنەرەدا كراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا پاریس سانجێرمان ماوریسیۆ پۆچێتینۆی دوورنەخستووەتەوە كە گرێبەستەكەی ساڵێكی ماوە.

 لە ئەگەری دوورخستنەوەی راهێنەرە ئەرجەنتییەكە، پاریس سانجێرمان دەبێت 15 ملیۆن یۆرۆ بداتە پۆچێتینۆ، وەك مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە، بەمەش دەستنیشانكردنی راهێنەری نوێ 25 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەكە دەكەوێت.

 لیكیپ دەڵێت "ئەگەری هەیە رۆژی پێنجشەممە پاریس سانجێرمان رێككەوتن لەگەڵ هەردوو راهێنەرەكە بكات، پۆچێتینۆ دووربخرێتەوە و گالتیێر بەفەرمی ببێتە راهێنەری یانەكە".

 یانەی پاریسی زۆر هەوڵیدا زینەدین زیدانی ئەفسانەی تۆپی پێی فەرەنسا بكاتە راهێنەری تیپەكەی، بەڵام دوای هەوڵێكی زۆر نەیتوانی زیزۆ رازی بكات ئەو پۆستە وەربگرێت، بۆیە بەرپرسانی یانەكە پێیانباشبوو ئەو ئەركە بە گالتیێر راسپێرن.