ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سادیۆ مانێی سەنیگالی گرێبەستەكەی لەگەڵ بایرن میونشن واژۆ كرد و پەیامێكیشی بۆ هاندەرانی لیڤەرپوول نارد و رایگەیاند بۆ هەتاهەتایە خۆشەویستی هاندەرانی لیڤەرپوول لە نێو دڵم دا دەمێنێتەوە.

سادیۆ مانێ پشكنینە پزیشكییەكانی بایرن میونشنی تێپەڕاند و گرێبەستەكەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ بایرن واژۆ كرد و بەپێی سەرچاوەكانیش گرێبەستەكە بەرامبەر 32 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

مانێ دوای واژۆكردنی گرێبەستەكە ئاشكرای كرد كە بڕیارێكی گونجاوی داوە و دەیەوێت هاوكاری بایرن میونشن بكات لە بردنەوەی نازناوكان و دەشڵێت: هەرگیز لیڤەرپوول و هاندەران لەبیر ناكات و دەبێتە هاندەری یەكەمی یانە ئینگلیزیەكە.

لەمبارەیەوە سادیۆ مانێ لە پەیامێكی ماڵئاوایی دا دەڵێت: هەستێكی نامۆیە، بەڕاستی نامۆیە كە ئیدی من یاریزانی لیڤەرپوول نیم، كاتێكی باوەڕپێنەكراوم لەوێ بەسەر برد، چێژم لە هەموو ساتێك وەرگرت و هەرگیز ئەو ساتانە لەبیر ناكەم.

هێرشبەرە سەنیگالییەكەی پێشووی لیڤەرپوول دەشڵێت: كاتێك بۆ یەكەمجار گەیشتمە لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگیش نەبووین، دەتوانم بڵێم دەستكەوتێكی زۆرمان بەدەستهێناوە، كاتێكی باوەڕپێنەكراوم لەگەڵ لیڤەرپوول بەسەر برد، پێموایە هەركەسێك لیڤەرپول بەجێبهێڵێت بیری هاندەرانی دەكات، ئەوان باشترین هاندەری جیهانن.

مانێ گوتیشی: لێرەوە دەست بە ركابەرییەكی نوێ دەكەم، لیڤەرپوول هەمیشە لە دڵمە و تا هەتایە بە هاندەری ژمارە یەكی لیڤەرپوول دەمێنمەوە، لیڤەرپوول باشترین یانەی جیهانە، چونكە خۆشترین ساتم لەگەڵ لیڤەرپوول ئەو كاتە بوو كە بە چوار گۆڵ لە بارسێلۆنامان بردەوە، هەروەها باشترین گۆڵم یەكەمین گۆڵم بوو لە یاریگای ئیمارات بەرامبەر ئارسێناڵ، دووەم باشترین گۆڵیشم بە داوای لێبوردنەوە بەرامبەر بایرن میونشن بوو، بێگومان دوای هەر یارییەكی بایرن چاودێری ئەنجامی یارییەكانی لیڤەرپوول دەكەم و چاوم لە سەریان دەبێت.