ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لیژنەی ڕێكخەرانی مۆندیالی 2022ی وڵاتی قەتەر ئاشكرایانكرد، بڕی فرۆشراو لەبلیتی یارییەكانی مۆندیالی قەتەر گەیشتووەتە یەك ملیۆن و 200 هەزار بلیت و ئەوەش بەراورد بە مۆندیالەكانی ڕابردوو ژمارەیەكی نوێ و پێوانەییە.

لیژنەی سەرپەرشتی مۆندیال ئاماژەی بەوەكرد، لە ساتە وەختی ڕاگەیاندنی كاتی فرۆشتنی بلیتی یارییەكانی مۆندیال زیاتر لە 40 ملیۆن داواكاری لەسەرتاسەری جیهان پێشكەش كراوە كە 17 ملیۆن لە قۆناغی یەكەم و 23 ملیۆن داواكاری لە قۆناغی دووەم، ئەوەش لە كاتێكدایە ژمارەی دانیشتیوان بە هاوڵاتی ئەوانەی لەو وڵاتەدا مافی مانەوەیان هەیە دەگاتە دوو ملیۆن و 200 هەزار كەس.

هاوكات ئاماژە بەوەكراوە، لە كاتی یارییەكانی مۆندیالدا 160 گەشتی ئاسمانی چوون و گەڕانەوە لە نێوان قەتەر و وڵاتانی كوەیت و ئیمارات و سعوودیە و عومان ڕێكدەخرێت تا پێشوازی لە هاندەرانی مۆندیال بكەن، تایبەت بە نرخی بلیتی یارییەكان ئەوە ئاشكراكراوە بۆ دانیشتوانی قەتەر نرخی بلیت 11 دۆلار و بۆ میوانانی دەرەوە 69 دۆلار و بلیتی یاری كۆتایش نرخەكەی گەیشتووەتە هەزارو 607 دۆلار.

لە 21ی مانگی تشرینی دووەمی ئـەمساڵ بە بەشداری 32 هەڵبژاردە و بە یاری سەنیگال و قەتەر زەنگی یارییەكانی مۆندیال لێدەدرێت و 18ی مانگی كانوونی دووەمیش كۆتا یاری مۆندیال دەبێت، هەشت یاریگاش لە سێ شاری قەتەر بۆ ڕووداوە جیهانییەكەی تۆپی پێ بە پێشكەوتووترین سیستەمی فێنككەرەوە بۆ میوانداریكردنی گەورەترین كەرنەڤاڵی تۆپی پێ ئامادەیە پێشوازی لە هەڵبژاردە و هاندەران بكات.