ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چەند بەرپرسێكی پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەتۆمەتی ساختەكاری و گەندەڵی لە گرێبەستی گواستنەوەی نیمار دا سیلڤای بەڕازیلی لە یانەی سانتۆسی بەڕازیلییەوە لە 2013دا، دادگایی دەكرێن، لە سەروی هەمویانەوە ساندرۆ ڕۆسێڵی سەرۆكی پێشووی یانە كەتەلۆنیەكەیە.

فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی یەكێك دەبێت لەو 18 شایەتحاڵەی 17ی تشرینی یەكەمی داهاتوو بەشداری لە دادگاییەكەدا دەكات لە دادگای شاری بەرشەلۆنە، كە سندوقی وەبەرهێنانی بەڕازیل و سەندیكای وەرزشكارە پیشەگەرەكانی بەڕازیل نوێنەرایەتی دەكەن.

پێرێز لە ڕۆژی دووەمی دادگاییەكەدا بەشداری دەكات، دوای ئەوەی فەرمانگەی ئاسایشی ناوخۆ وەك شایەتحال بانگهێشتی كردووە، دوای لێدوانەكانی لە بارەی مامەڵەی گواستنەوەی هێرشبەرە بەڕازیلیەكەوە بۆ بەرشەلۆنە لە شوباتی 2016دا.

داواكاری گشتی داوای لە دادگا كردووە بە زیندانیكردن بۆ پێنج ساڵ و بە پێبژاردنی 10 ملیۆن یۆرۆ ڕۆسێل سزابدرێت، بەهۆی ساختەكاری و گەندەڵیەكانی لە گرێبەستەكەدا.

سندوقی وەبەرهێنانی بەڕازیلی، كە سكاڵاكەی تۆماركردووە، داوای 150 ملیۆن یۆرۆ قەرەبوودەكات و دەڵێت لە سەدا 40 مافی بڕی گرێبەستی فرۆشتنی نیماری هەبووە، بەڵام سودمەندنەبووە لێی.