ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئۆلیڤەر فرانكنباخی بەڕێوەبەری دارایی یانەی ئینتراخت فرانكفۆرتی ئەڵمانی لە كاتی پێشكەشكردنی ڕاپۆرتی دارایی یانەكەی بۆ وەرزی 2021 بۆ 2022ی ڕابردوو ئاشكرایكرد، داهاتی یانەكەی لەو وەرزەدا 31 ملیۆن و 900 هەزار یۆرۆ كورتی هێناوە.

فرانكنباخ دەڵێت "شتەكە پەیوەندی بە قەیرانی كۆرۆناوە هەیە، 13 یاری لە كۆی 17 یاری یانەكەمان لە یاریگای خۆمان لە بۆندس لیگا و چوار یاری لە كۆی شەش یاری لە یاریگای خۆمان لە یۆرۆپا لیگدا بە ئامادەبوونی ڕێژەیەكی دیاریكراو لە هاندەران ئەنجامدراون".

فرانكنباخ ئاماژەی بەوەشكرد، بەدڵنیاییەوە قەرزەكانیان بەهۆی قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زیادی كردووە، بەڵام هەوڵ دەدەن قەرزەكانیان كەمبكەنەوە و هاوسەنگی لە نێوان باڵانس و قەرزدا ڕابگرن.

باسی لەوەشكرد، پێشبینی دەكەن كەمێك دەستكەوتیان هەبێت لە وەرزی داهاتوودا، لەبەرئەوەی بۆ یەكەم جار بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا دەكەن.

ئینتراخت فرانكفۆرت لە وەرزی ڕابردوودا بۆ دووەم جار نازناوی خولی ئەوروپای بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاری كۆتاییدا لە گلاسكۆ ڕینجەرزی سكۆتلەندی بردەوە.