ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمڕۆ لە یارییەكانی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی چامپیۆنز لیگ و لە كاتژمێر 11ی شەودا، یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی لە یاریگای ئیتیحاد میوانداری یانەی لایپزیگی ئەڵمانی دەكات.

یاری چوون كە لە ئەڵمایا بەڕێوەچوو، بە یەكسانی و بە ئەنجامی گۆڵێك بۆ هەردوو یانە كۆتاییهاتبوو، لەم یاریەدا پێویستە یەكێكیان بردنەوە بەدەستبهێنێت تا ناسنامەی یانەی سەركەوتوو بۆ قۆناغی داهاتوو ئاشكرابێت و ئەگەر بە هەر ئەنجامێكیش یەكسانبوون ئەوا لێدوانی یەكلاكەرەوە براوە دیاریدەكات.

لە هەمان كاتدا، یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی كە لە یاری چووندا بە گۆڵێكی بێبەرامبەر بردنەوەی بەدەستهێنابوو لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی پۆرتۆی پورتوگالی دەبێتەوە و پێویستی بە تەنیا یەكسانبونێكە كە بگاتە قۆناغی چارەكی كۆتایی.

چوارشەممەش دوو یاریتر لە كاتژمێر 11دا بەڕێوەدەچن، یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی میوانداری یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی دەكات و هەلی گەیشتنی بە قۆناغی چارەكی كۆتایی زیاترە چونكە لە یاری چووندا بە ئەنجامێكی گەورە و بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردنەوەی بەدەستهێنابوو.

لە هەمان كاتدا، یانەی ناپۆلی ئیتاڵی كە لە یاری چووندا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یاریەكەی بردبووەوە لە یاریگای دێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا میوانداری یانەی ئینتراخت فرانكفۆرتی ئەڵمانی دەكات.