ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دوای بردنەوەكەی بەرامبەر لیڤەرپوڵ و سەركەوتنیان بۆ قۆناغی چارەكی كۆتایی چامپیۆنز لیگ، كارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید ئاماژەی بەوەكرد، كلیلی بردنەوەی یارییەكە سادەیی یاریزانە گەورەكان بووە.

ئەنچیلۆتی دەڵێت "دڵخۆشین و تیپێكی نوێی و زیندومان هەیە، كروس و مۆدریچ یارییەكی نایابیان كرد، شایستەی ئەوەش بوون یاری بكەن نەك بەهۆی كاروانە وەرزشیەكەیانەوە".

ئەنچیلۆتی لە بارەی ڕكابەرەكەیان لە قۆناغی داهاتووی چامپیۆنز لیگدا دووپاتیكردەوە، ئارەزوو دەكات لە یاری كۆتاییدا بەرامبەر ئەی سی میلان یاری بكەن نەك لە قۆناغی چارەكی كۆتایی.

ئەنچیلۆتی باسی لەوەشكرد، دوای یارییەكە لەگەڵ یۆرگن كلۆپی ڕاهێنەری لیڤەرپوڵ قسەیان لەسەر مان سیتی كردووە و هەردووكیان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئەو لێدانە سزایەی بەرامبەر لایپزیگ بۆی هەژماركرا درووستنەبووە و دەڵێت "تۆپەكە بەردەستی ناكەوێت، بەڕاستی لێدانێكی سزای شێتانەبوو".

ئەنچیلۆتی ستایشی ڤینیسیۆس دەكات و دەڵێت "بەلای منەوە ڤینیسیۆس باشترین یاریزانی جیهانە، گۆڵی تۆمارنەكرد، بەڵام یارییەكی باشی كرد و گۆڵی بردنەوەی یارییەكەی درووستكرد".