-1-

 گەمەی منداڵانی شەقامیش گۆڕا بوو، ئەوان لەجیاتی تۆپی پێ، کۆمەڵ کۆمەڵ لەکۆڵان و لا کۆڵانەکاندا کۆدەبوونەوە، بەدار و قایش تفەنگیان دروستکردبوو، لەناوەڕاستی شەقامەکەدا چەند بەردێکیان دانابوو، هەر کەس بەوێدا تێپەڕ بوایە وەک مەفزرەکانی حکومەتی پێشوو و پێشمەرگە داوای هەوییەیان لێدەکردن، یان ئەگەر هەر شتکێکیان پێ بوایە داوایان دەکرد، ئەو پیاو و ژنانەی بەوێدا تێپەڕ دەبوون تەنیا پێدەکەنین و دەستیان بەسەر ئەو منداڵانە دادەهێنا، لەکۆڵاندا پیر و گەنجەکان بەژن و پیاوەوە سەیری ئەو دیمەنەیان دەکرد و پێدەکەنین، یاخود منداڵان دەبوون بەدوو کۆمەڵەوە بەشێکیان سووپا و ئەویتریان پێشمەرگە بوون، لەناکاوێکدا هێرشیان دەکرد سەر یەک دەبوایە هێزی پێشمەرگە لەو یاریەدا سەربکەوێ، بۆیە زۆربەی منداڵەکان حەزیان دەکرد ببن بەپێشمەرگە، هەرچۆنێک بێ رێکدەکەوتن، یاریەکە بەخۆشی کۆتایی دەهات، دایکان بەبزەوە سەیری یاری منداڵەکانیان دەکرد.

لەو رۆژانە تا دەهات نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی بۆ نیشتمان لەدڵی هاووڵاتیاندا زیاتر دەبوو، لەگەڵ ئەوەی تا دەهات ژیان و گوزەرانی ماڵە هەژارەکان زۆرتر زەحمەتر دەبوو، لەتەک ئەمەشدا دزی و جەردەیی هێدی هێدی پەرەی دەسەند، بەعسیش دەیویست بۆ دووبارە دەست بەسەر هەموو جومگەکانی فەرمانڕەوایی دابگرێتەوە، گەنجانی وڵاتیش لەبێ ئومێدیدا نەیان دەزانی چی بکەن، بەڵام بەشێک لەو گەنجانەی لەپێشتردا ئەندامی رێکخستنی حزبە کوردییەکان بوون، هەردەم دەیانویست تۆڵە لەبەعس بکەنەوە و لەناکاوێکدا گوزرێک لەحکومەت و بەعس بدەن، لەو سەردەمەدا هیچ یاسا و پاسا و رێسایەک بوونی نەبوو، هەر کەسێک لەسەر شەقام کلاشینکۆفەکەی دەردەهێنا چەندین گوللە یان بەسەر شەقامەکەوە دەنا یاخود گوللەی بەئاسمانەوە دەنا، ئەوانەی دوژمنکاریان هەبوو، هەل بوو تا تۆڵەی خۆیان بکەنەوە، بەتایبەتی ئەو دوژمنکاریانەی چەندین ساڵ بوو چارەسەر نەکرابوو، یان کەسانی بکوژی پێشتر موستەشار و جاش بوون، لەو کاتەدا ئەوانە تەنیا خۆیان شاردبۆوە، بەڵام لێرەو لەوێ گوێبیستی ئەوە دەبووین بەهۆی کێشەی عەشارییەوە کەسێک کوژراوە.

تا ئەو کاتەی بەتەواویی خەڵک لەخۆی بێزار بوو، کەچی پیاوانی رژێم دەیانویست هەلێک وەربگرن تا وەک پێشتر دەسەڵاتیان بکەوێتەوە دەست، لەمبارەیەوە ماوەیەکی دوور و درێژە دەمەوێ چیرۆکێکی کورت یان درێژ، یاخود نۆڤلێتێک-کورتە رۆمانێک لەبارەی ١٧ی تەمموز بنووسم، پرسیارم زۆر لەهاوڕێیەکانم کرد، زۆر بەکەمی ئەو رۆژەیان لەبیر ماوە، هیچ کام لەحزبەکانیش خۆی لێ نەکردۆتە ساحێب، چونکە ئەو رۆژە گەنجانی شاری هەولێر دەتوانم بڵێم سەرتا سەد کەسێک دەبوو، لەسەرەتای شەقامی باتەوە و لەتەک قەلا بەرەو پارێزگا دەرۆیشتن، هاواریان دەکرد بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە حزبی بەعس بۆ دەرەوە، دواتر بووە خۆپیشاندانێکی زۆر گەورە، هەر کەس لەلای خۆیەوە هاواری دەکرد بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە حزبی بەعس بۆ دەرەوە هێرشکرایە سەر پارێزگا، لەپێش چاوانمە چۆن بەعسییە کورد و عەرەبەکان رایان دەکرد، هەتدێک لەو بەعسیانە تەقەیان دەکرد، نەمبینی کەس بریندار بێ، بەڵام تا دەهات دەنگی تەقە زیاتر دەبوو، دواتر هێزی پێشمەرگە، ئەو کات هەموو شتێک بەناوی بەرەی کوردستانییەوە بوو، بەهانای خۆپیشاندەرانەوە هاتن.

هەموو ئەوانەی داخ لەدڵ بوون لەبەعس، خۆیان وا ئامادە کردبوو، ئەگەر بشکوژرێن هەر دەبێ بەعسییەکان وەدەرنێن و چاوشکێنیان بکەن، چاوانی پڕ ئەسرینی دایکان لەم کاتەدا ناونیشانی هێرش و بەرخودان بوو، تا تۆڵەی هەموو دڵۆپە فرمێسکێنان بکرێتەوە.

شەقامەکانی شار بۆنی خوێنیان لێدەهات، وەک ئەو رۆژە بوو، کاتێک رژێمی بەعس گەڕایەوە شاری هەولێر بەهەموو زەبروزەنگێکەوە کەوتبووە قەڵاچۆکردنی ئەو کەسانەی لەناو شار مابوونەوە، وەکخۆم سێیەم رۆژ دوای هاتنەوەی رژێمی بەعس گەڕامەوە ناو شار، لەبەستۆڕە هێدی هێدی، لەگەڵ خێزانێکی دیکە رێگەمان گرت تا بێینەوە، لەتەک ئەوەی خەڵکێکی زۆر بەپێ و بەهیلاکی و بە ئۆتۆمبێل دوای چەند رۆژێک گەیشتبوونە سنوور تا ئاودیووی ئیران ببن، لەیەکەم بازگە لەنزیک کارگەی جگەرەی هەولێر چەند سەربازێک و ئەفسەرێک وەستابوون، داوای هەوییەیان لێکردین، دوای تەماشاکردنی هەوییەکان، ئەفسەرەکە هەندێک جوێنی پێداین و گوتی: بڕۆن لێرە نەمێنن.

کاتێک بەشەقامەکاندا تێپەڕ دەبوویت بەچاوانی خۆت دەتبینی، تەرمەکان لەسەر شەقام بۆگەنی بوو بوون، دەبوایە لووتی خۆت بگری دەنا گێژ دەبووی لەبۆن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی تووشی هێرشی هیلۆکۆپتەرەکان بوو بوون، لەهەموو لایەکەوە سووتابوون، دیار بوو چەندین تەرمیشی تیادایە، هەر چۆنێک بێ، بەلا کۆڵانەکاندا دوای چەند سەعاتێک خۆم گەیاندەوە ماڵ، بینیم، ماڵی ئێمەش بەتەواوی هاتوونەتەوە، ئەوان تا کەسنەزان رۆیشتبوون، دوای ئەوەی بەنزین لە ئۆتۆمبیلەکە نامێنێ دوو شەو لەکەسنەزان دەبن، دواتر بەهۆی لێبووردنی گشتی دەگەڕێنەوە.

گەڕەکەکانی شار تاکە تاکە ماڵی تیادا بوو، ژیان لەو گەڕەکانە نەمابوو، کاتێکیش دەتویست بێیە دەرەوە، ئەوا بەترسەوە دەبوایە رێ بکەی، نەوەک سەربازێک لەدوورەوە تەقەت لێ بکات، دوای چەند رۆژێک تاک تاک خەلک دەگەڕایەوە، دوای هەفتەیەک ئەو جارەیان خەڵک بەکۆمەڵ و بەکۆ دەگەڕانەوە ناو شار، بازگە و هێزی سەربازیش لەنێو شاردا کەمتر بۆوە، بەماوەی مانگێک شار بەتەواویی ئاوەدانی تێکەوتەوە، تا ناوەڕاستی مانگی پێنجی ١٩٩١ هێدی هێدی خەڵک دەگەڕایەوە، لەمانگی شەشی ئەو ساڵەدا زۆربەی خەڵک گەڕایەوە ناو شار، لەتەک ئەوەی لەشارۆچکەی شەقڵاوە هێزی پێشمەرگە و بەرەی کوردستانی بارەگایان هەبوو، زۆربەی حزبەکان بارەگان لەوێدا بوو.

بۆ مانگی حەوت شار جوولەیەکی تێکەوت، کەمێک لەدووکان و بازاڕەکان کرایەوە، بەڵام ترس لەهەموو شتێک هەبوو، بەشێک لەهێزی پێشمەرگەش لەنێو شاردا بوو.

شار بەتەواویی خرۆشا بوو، هیچ کار و کاسبییەک نەمابوو، ئەوەی هەبوو، چۆن بتواندرێ رۆژانە شتێک بخۆین، چەند مانگێک بوو، خەڵکی شار و گوند و شارۆچکەکانی دیکە لەئاوارەیی گەڕابوونەوە، دوای ئەوەی راپەڕینێک هەموو کوردستانی گرتەوە، دواتر سووپای رژێمی بەعس بەسووپایەکی زەبەلاحەوە هێرشی کردە سەر شارە گەورەکانی کوردستان، کەس بەتەمای ژیان نەبوو، نەوەک لەلایەکەوە پیاوانی رژێمی بەعس، گوللەیەک بتەقێنن لەلایەک تەرمەکەت بکەوێ، سەربازەکانی بەعس هەندێکیان بۆ پاراستنی ئەمن و ئیستغباراتی رژێم لەلایەکەوە مۆڵگەیان کردبوو، لەهەموو شتێک دەترسان، هەتا لەخۆیان و لەدەوروبەر و ئەفسەرەکانیان دەترسان، ترس باڵی بەسەر هەموو شتێکدا کێشابوو، دایکان لەگەڕەکە جوان و میللییەکان هەردەم دڵیان بەمنداڵەکانیانەوە بوو، لەشەواندا هیچ شتێک نەدەجوولا تەنیا ئەوە نەبێ ئۆتۆمبیلە تیژڕەوەکان تاک تاک بەسەر شەقامەکاندا دەڕۆیشتن، کەس نەیدەزانی ئەمانە پێشمەرگەن یان جاش و پیاوانی ئەمنی رژێمن، شەوان شار دەبوو بەیەک پارچە ئاگر، هەر کەس لەلای خۆیەوە تەقەی بەئاسمانەوە دەنا، زۆر کەس لەو تەقە و تۆقە بریندار دەبوون و دواتر بەهۆی تلانەوە و ئازارەکانیان دەمردن، رۆژ نەبوو خەڵک بەکۆ نەچنە گۆڕستانەکان، بۆ ناشتنی تەرمی ئازیزەکانیان، ئێستا ئەگەر بچییە گۆڕستانەکان رێککەوتەکانی سەر گۆڕەکان ئەم راستییەمان بۆ دەردەخەن.

سەرەتا لەوانەیە بپرسن بۆ ١٧ی تەمموز، ئەوە رۆژی کودەتا یان ئەگەر بەزمانی بەعسییەکان بدوێین، دەڵێن شۆڕشی ١٧-٣٠ی تەمموز، یان یادی لەدایکبوونی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکییە، ئەو کاتەی بەسەرکردایەتی ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر و سەدام حسێن عێراق کەوتە دەست کۆمەڵە چەتەیەک، ناویان لەخۆ نابوو حزبی بەعس، نەوەی ئێستا نازانێ ئەو بەعسە چ کارەساتێکی بەسەر خەڵکی عیراق بەگشتی و بەتایبەتی خەڵکی کوردستان-باکووری عێراق هێنابوو، کوشتن و بڕین لەهەموو لایەک بوو، بەتایبەت بۆ ئەوانەی بزاندرایە بەخەیاڵیش بڕوایان بەبەعس نییە، یان دژ بەبەعسن.

ئێستا خۆم لەنێوەندی ئەم باسەدا لەدڵەڕاوکێدام نازانم چۆن هەموو جوولە و بزاوتێکی گەنجان باس بکەم، نامەوێ لەنێوەندی چیرۆکێکدا بیبەستمەوە بەخەیاڵ، ناشکرێ رۆژێکی مێژووی شارێک بەچەند دێڕێک باس بکەم.

لەسەرەتای راپەڕین، مانەوەی بەرەی کوردستانی تەنیا بیست رۆژێک بوو، واتە لە ٧-٣-١٩٩١ تا ٣١-٣-١٩٩١ تا ئەو کاتەی شاری کەرکووک ئازاد کرا، لەدواتر رژێمی بەعس بەهەموو هێزێکەوە هێرشی کردە سەر شارەکانی کوردستان و بەتایبەتیش شارە گەورەکان وەک هەولێر و سلێمانی و دهۆک، خەڵکی کوردستان هەر یەک لەلای خۆیەوە بنە و بارەگەی خۆی تێکنا و بەرەو سنورەکان ملی نا، بەبێ ئەوەی هیچ ئاسۆییەکی هەبێ، ئەگەر هێزە نێودەوڵەتییەکان و دانوساتەکان نەبوایە، لەوانەیە بۆ ماوەی چەند مانگێک شارەکان جەنجاڵ نەدەبۆوە، دوای گەڕانەوەی بەشێک لەخەڵک بۆ ناو شارە گەورەکان، جوولە گۆڕا، وەک لەسەرەتادا گوتم: زۆربەی باوکان دەیانویست هەر چۆنێک بێ بژێوی رۆژانەیان دەستبکەوێ تا بتوانن منداڵ و خێزانەکەیان لەبرسییەتی رزگار بکەن، دایکانیش دەستیان لەسەر دڵیان بوو نەوەک گوللەیەک خۆیان و منداڵەکانیان بپێکێ.

ئەو کات تەمەنم بیست و یەک ساڵان بوو، دیمەنەکە لەپێش چاومە، ئەو کات لە چاپخانەی هەولێر دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ کوردستان لەدووکانەکانی نزیک باڵەخانەی پارێزگای هەولێر شاگردی چاپخانەی کوردستان بووم، دەمبینی پیاوانی بەعس لەپێش رۆژی ١٧ی تەمموز بەهەمان شێوەی پێشتر بەخۆنیشاندانی جەبوورەتیانە دەیانویست خۆیان وا نیشان بدەن، بەوەی حزبی بەعس و دەسەڵاتییان لەم شارە هەر ماوە، بەڵام ترسێکی گەورەیان لەهەموو جوولەیەک هەبوو،

ترس لەخۆیان، ترس لەخەڵک، ترس لەجاش و چڵکاوخۆرەکانیان، ئەمنەکانم دەبینی رووخساریان هەڵبزرکابوو، ئەوانیش نەیاندەزانی داهاتوویان چۆنە، بەڵام دەیانویست وەک پێشتر لێبخوڕن، کەچی منداڵێک بەلایاندا تێپەڕ بووایە، ئەوان گومانیان لێی هەبوو، نەوەک نارنجۆکێک لەلایان بتەقێنێ، هەروەها بەچاوە ترسنۆکەکانیان سەیری ئافرەتانیان دەکرد، دەیانویست وەک پێشتر گاڵتە بکەن، کەچی خۆیان لەکونجەکانیان نابوو، بەلەرزەوە سەیری دەوروبەریان دەکرد ئەوانەی پێشتر لەگەڵ ئەمنەکان ئاشنایەتی هەبوو، دیار بوو بەچاو ئاماژەیان بە کێشە و رووداوەکانی رۆژانە دەکرد، ئەوان لەیەکتر تێدەگەیشتن، کەچی نامەکان بەنیوەچڵی دەگەیشت، تا دەهات ترسی زیاتریان لەسەر دەنیشت، بەڵام خەڵکیش بەگشتی نەی دەزانی بداهاتوویان چۆن دەبێ.

ئەوەی لێرەدا دەیخەینە روو باسکردنی تەواوی راپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١ نییە، بەڵکو لەنێوەندی ئەم چەند دێڕەدا باسکردنی چوار مانگە ، بەتایبەتیش رۆژی ١٧ی تەمموزی ١٩٩١. لەدوای ئەم رێککەوتە و خۆپیشاندانە، حکومەتی عێراق، یان راستتر بڵێین بەتەواوی بنە و بارەگەی خۆی تێکنا و هەرچی ئیدارە و چەک و تفاق هەیە بردییەوە ناو ئەو شارانەی دەسەڵاتی بەسەردا هەیە.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە