ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پاش گفت و گۆ و مشت و مڕێکى سێ مانگە لە نێوان وەفدى هەرێم و حکومەتى مەرکەزى دا لە لایەکەوە, لە نێوان کەرت و کۆمەڵە جیاجیاکان دالە لایەکى ترەوە. هەر چۆنێک بو وەکو باس ئەکەن بە کۆمەڵێک کەم و کوڕیەوە ـ میزانیەى ساڵى ٢٠٢١ لە پەرلەمان دا پەسەند کرا.

سەرۆکى وەفدى هەرێم جێگرى سەرۆکى وەزیران ئەم ڕێکەوتنەى هەرێم بەغداد/ ى بە سەرکەوتن بۆ هەرێم لەقەڵەم دا. و هیواى خواست کە کێشەکانى تریش بەم پێ و دانە چارەسەر بکرێن.

لەساڵى ٢٠١٤ بەم لاوە حکومەتى هەرێم لەبەر ئەوەى بەغداد ـ نورى مالیکى ـ موچەى کارمەندانى بڕیوە یارى بە موچەى فەرمانبەران ئەکات. دەمێک موچە هەر نادات و دەمێک ئارەزومەندانە لێى ئەشکێنێ بەبێ ئەوەى جیاوازى لە نێو موچەخۆرێکى (٤٠٠) چوارسەد هەزار دینارى و چوار ملیۆنى دا بکات!!

ئەم موچە بڕین و داشکاندنە خانەنشینان/ یشى گرتۆتەوە. هەرچەندە موچەى ئەوان پارەى حکومەت نیە, بەڵکو ئەو بڕە پارەیە کە مانگانە لێیان گل ئەدرێتەوە و حکومەت بەکاری ئەهێنێ.

پرسیارەکە لێرە دایە, بەبڕیاردانى بودجە / لەمەو دوا حکومەتى مەرکەزى موچەى کارمەندان ئەنێرێ بۆ هەرێم. بەم سێ مانگەیشەوە کە دواکەوتوە. جا ئاخۆ ئەو سزا ئابوریە ناڕەوایەى کە ئەمە حەوت ساڵە سەپێنراوە بەسەر موچەخۆران و خانەنشینانەوە هەر بەردەوام ئەبێ, یان کۆتایى پێ دێت؟

ئاخۆ ئەو (١٠-١٥) موچەیەى کە بە زۆردارى لە موچەخۆران سەندراوە پێیان ئەدرێتەوە یان نا؟

ئایا ژیان و گوزەرانى ئەو جەماوەرەى کاسبى بە موچەى کارمەندان و خانەنشینان ئەکرد. ئەو بازاڕەى کە پشتى بەو پارەیە بەستبو. لانى کەم ئەگەڕیتەوە پێش ساڵى ٢٠١٤؟ ئەم پرسیارانە ئەمڕۆ لەسەر زمانى چەند ملیۆنێکە لە هاوڵاتیان و چاوەڕوانى وەڵام لە حکومەتى هەرێم ئەکەن...

گومان لەوەدا نیە کە بەهۆى ئەو سزا ناڕەوایەوە تێکڕاى ژیانى ئابورى (٣-٤) ملیۆن لە خەڵکى ئەم هەرێم/ ە ساڵ لە دواى ساڵ لە شکست و داهێزراندایە. بێکارى و هەژارى بە جۆرێکى سەرنج ڕاکێش پەرەیان سەندوە و بەتایبەتى ئەوانەى کە موچەکانیان لە (٧٥٠) هەزار دینار کەمترە لەلایەک. هەزاران خوێندکار کە خوێندیان تەواوکردوە و ڕژاونەتە ڕوبارى بێکارانەوە لەلایەکى ترەوە...

چارەسەرى ئەم داهێزرانە ئابوریە. ئەم بێکارى و هەژاریە لە ئەستۆى حکومەتى هەرێم/ ە و ئەبێ چارەسەرى بکات.. جاتۆ بڵێى خۆى بە خاوەنى ئەم ئەرکە نیشتمانی و مرۆڤایەتیە بزانێ؟

هەندێ کەسى وریاو شارەزا پێش بینى ئەوەیان کردوە کە سبەى ڕۆژ حکومەت بڵێ(( ئێمە قەرزێکى زۆرمان لەسەر کەڵەکە بوە و ئەبێ بیدەینەوە و ئەوە بکەن بەبیانو بۆ درێژەپێدانى ئەم بارودۆخە ئابوریە سەختە!! بەڵام پرسیارێکى تر خۆى ئەسەپێنێ ئەى داهاتەکانى [ گومرگى مەرزەکان و بازرگانى لەگەڵ دەرەوە, باج و خەراجى دام و دەسگاکانى دەولەت (هەرێم), داهاتى نەوت, فڕۆکەخانەکان, هتد] چەندن و چۆن و لەکام بواردا خەرج ئەکرێن؟!

لەم (٥-٦) ساڵەى دواییدا بە تایبەتى وەکو تەنانەت خەڵکى نەخوێندەوارى سەر شەقامەکان هەستیان پێ کردوە, جیاوازیەکى پان و بەرین لە ئاستى ژیانى دانیشتوان دا پەیدا بوە. کۆمەڵگاى هەرێم کراوە بە دو بەرەى دور لە یەکترەوە. شارەزایان دو جیهان بەدى ئەکەن ـ جیهانى ملیاردێرەکان کە جەماوەر ناوى ناون ـ حوتەکان ـ . جیهانى زۆرینەى خەڵکى لادێ و شارو شارۆچکەکان کە زۆر بە زەحمەت پێداویستى ژیانى ڕۆژانەیان پێ زامن ئەبێ. ژیانێکى کولەمەرگى ئەوتۆ کە هەرگیز پاش ٣٠ سی ساڵ دەسەڵاتى خۆنەتەوەیى چاوەڕوان نەئەکرا.