ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەك ئاشکرایە کەپیتالیزم، بەتایبەت شێوەی ئەمەریکی، لەسەر بنچینەی ئابوری تاکە کەس پێكهاتووە، ئەوەش دوورە لە بۆچوونی سۆشیالیستی و کۆمونیستی کە لەسەر بنچینەی کۆمەڵ و گشتیی دامەزراوە. فەیلەسوفی گەورەی یۆنانی ئەریستۆ سروشتی کۆمەڵایەتی مرۆڤایەتی دیاریکردووە و ئەو پێی وابوو کە مرۆڤ گیانلەبەرێکی کۆمەڵایەتیە. واتە مرۆڤ لەناو کۆمەڵدا دەژی، بۆیە بەرهەمی کارەکانی هەر مرۆڤێك دەبێ ڕەنگدانەوەکەی بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵ و گشتی بێت.

لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابووردودا ئەمەریکا و هەندێ لە ووڵاتە سەرمایەدارەکانی ئەوروپا هێرشێکی توندوتیژیان ئەنجام دا بۆ بەهێزکردنی تاکەکەسی و لاوازکردنی هەموو بۆچونێکی پێکەوەیی گشتیی. ڕمانی سیستەمی کۆمونیستی لەناوخۆوە ئەوەندەی تر ئەو بۆچوونە کەپیتالیستیەی بەهێزکرد. ڕۆنالد ڕێگانی ئەمەریکی و و مارگەریت تاتشەری ئینگلیزی بوونە پاڵەوانی ئەو هێرشە و بەتایبەت تاتشەر بەهیچ شێوەیەك باوەڕی بە بۆچوونی گشتی نەبوو، بەلای ئەوانەوە کۆمەڵ لە تاکە کەس پێكهاتبوو. لە ڕاستیدا لە ئیتالیاش بێرلوسکۆنی کە سەرمایەدارێکی بەهێز بوو بە یارمەتی هەندێ حیزبی سیاسی بنەمای بۆ خۆی سازکرد و لە ساڵی ١٩٩٤ دا بە سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرا و حوکمەتی نوێی پێکهێنا. بێرلوسکۆنی لە کۆبوونەوە و دانیشتنەکانیدا ووشەی کۆمونیستی وەکو جنێو بەکاردەهێنا، سەیر ئەوەبوو کە چەند ساڵێك لەوە وپێش ئیتالیای فاشی لە جەنگی جیهانی دووهەمدا لایەنگری نازیەکان بوو و بە دەیان هەزاران هاوڵاتی ئیتالیان کوشت و ئیتالیایان وێران کردبوو. یەکێتی سۆڤێیتی کۆمونیستیش دژی فاشیزمی ئیتالی و نازیزمی ئەڵمانی دەجەنگی لەو سەردەمەدا.(تەنها بۆ زانین، بێرلوسکۆنی چەند جار ڕاکێشراوەتە دادگا بە تۆمەتی دەست تێکەڵاوکردنی لەگەڵ مافیای ئیتالیدا) بەهەرحاڵ ئەوە مێژووە.

یەکێك لە سیاسەتەکانی ئەو کەپیتالیزمە لاوازکردنی سەندیکای کرێکاران بوو، هەموو هەوڵێکیان دەدا وا پیشان بدەن کە بوونی سەندیکا دەبێتە ڕیگرتن لە پێشکەوتنی کەپیتالیزم و بڵاوبوونەوەی هەژاری. لەهەمان کاتدا هێرشی بەردەوامیان دەکردە سەر حیزبە چەپیەکان و وایان بڵاودەکردەوە کە ئایدیۆلۆژی نەماوە و تەنها زەرەرە بۆ کۆمەڵ، هەوڵیان دەدا لەبەرچاوی ڕای گشتدا حیزبە چەپیەکان وەکو مشەخۆر و ڕەشبین و دواکەوتوو ببینرێن و ئەو حیزبانە زەرەر لە بەرژەوەندی ووڵاتەکانیان دەدەن. وایان پیشان دەدا کە سیاسەت گرنگ نیە، بەپێچەوانەوە پاڵەوانێکی سەرمایەدار دواڕۆژی ووڵاتەکانین دەپاریزێت. ئەمانە هێرشەکانیان لە پەرلەمان و بە تایبەت لەڕێی تەلەڤیزیۆنەکانی سەربەخۆیانەوە ئەنجام دەدا.

ئەو هەوڵانەی کە کەپیتالیستەکانی ساڵانی هەشتاکان دایان، ڕێگای خۆشکرد بۆ هاتنە پێشەوەی هەندێ کەسایەتی کە تەنها سەرمایەدار بوون و سیاسی نەبوون، ئەمانە توانیان هەڵبژێردرێن بۆ سەرۆكایەتی ووڵاتەکانیان، وەکو ترامپ لە ئەمەریکا و بۆلسۆنارۆ لە بەرازیل و ماکری لە ئەرجەنتین و سێبەستیان پینێرە لە چیلێ.

لە ئەمەریکا و لە ئینگلتەرا سوپای هەژاران هەر لە زیادبووندایە و جیاوازی ئاستی چینی هەژار لەگەڵ چینی زۆر دەوڵەمەند هەمیشە بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت، چینی ناوەندی لە زۆر ووڵاتانی سەرمایەداریدا بەرە و لە ناوچوون دەچێت. بە پێی ڕاپۆرتێکی نوێ لەسەر باری ئابووری، ئەشێ لە ساڵی ٢٠٥٠ دا چینی ناوەندی بەیەکجاری نەمێنێت و بخزێتە ڕیزی چینی هەژارانەوە. لەلایەك گەورە ملیاردارەکان هەتا دێ زیاتر گەشە دەکەن، چینەکانی دیش ئەو مووچەیەی کە لەلایەن کارەوە پەیدا دەکەن ناتوانن بەشێکی لابدەن بۆ دواڕۆژیان.

لەو ووڵاتە سەرمایەداریانەدا، هەموو هەوڵێك دەدەن کە هاوڵاتیان نەفام و توانای لێکدانەوە و بیرکردنەویان کەم بێتەوە، هەول دەدەن کە ڕێكخراوی کۆمەڵایەتی پێکنەهێنن و بە تەنهایی بەرامبەر بە تەلەڤیزیۆن دانیشن و سەیری ئەو بەرنامانە بکەن کە بێ کەڵکن و تەنها کاتی پێ دەکوژن، بەڵام لەهەمان کاتدا هاوڵاتی پێ دەبەنە دواوە لە رووی کولتورەوە. بۆ ئەم مەبەستانەتان ڕێخۆشی دەکەن بۆ سازکردنی چەندەها بەرنامەی بێ کەڵك. هەروەکو نۆام چۆمسکی لە کتێبەکانیدا باسیان دەکات.

ئۆفیسی سەرژمێری ئەمەریکا پێی وایە کە لە ووڵاتەکایاندا زیاد لە ٤١ ملیۆن کەس هاژاری تەواون، لەوانە لە ٪٣٢،٦ ی منداڵ و ئەو کەسانەن کە لە سەر شەقامەکان دەژین. لە ئینگلتەرا یەك لەسەر پێنجی هاوڵاتیانی هەژارە واتە ١٤ ملیۆن کەس.

نابێت ئەوە لە بیر بکەین کە کەپیتالیزم بە گشتی و بەتایبەت ئەو شێوەیە توندو تیژەی ئەمەریکا بە بێ بازاڕ ناتوانێت بژی، بۆیە ئەوان هەمیشە هەموو هەوڵێك دەدەن کە بازاڕی کۆن و نوێ بخەنە ژێر فشاری خۆیانەوە بۆ ساغبوونەوەی بەرهەمەکانیان، بە تایبەت بەرهەمی چەك و تەقەمەنیان. بەخۆشی بێت یان بە شەڕ ئەمەریکا دەبێ چەکێکی زۆر بە ووڵاتانی بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بفرۆشێت، لەهەمان کاتدا داوا لە ووڵاتەکانی ئەندامی ڕێکخراوی ناتۆ دەکات و لە زۆر حاڵەتدا دەیسەپێنێت کە چەکی نوێی بەرهەمی ئەمەریکی بکڕن، وەکو فڕۆکەی جەنگی F٣٥ . تەنها یەك فڕۆکە لەوانە نرخی نزیکی ١٢٠ ملیۆن دۆلارە.

ئەمەریکا لەجیانتی بڵاوکردنەوەی دیموکراسیەت لە ووڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا دەبوو چاوێك بە بارودۆخی ووڵاتەکەی خۆیاندا بخشێنێت، زیادبوونی هەژاری و دەوڵەمەندبوونی بەشێکی زۆرکەمی هاوڵاتیانی نیشانەی کەمبوونەوەی دیموکراسیەتە.

 

 

  • 1