ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

تا ئێستا حکوومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان هەنگاوی عەمەلی بۆ بڕیاڕدانی دەستوور نەناوە. لەکاتێکدا پێویستیمان بە دەستوورێک هەیە کە ئەم پرەنسیپانە بگرێتە خۆ:

1ـ  کوردستان نیشتمانە و یەکەیەکى جوگرافى سیاسى یەکگرتووی نیشتمانییە. ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە لە لایەن پەرلەمان و حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن، و ئەو ناوچانەی کە بە گوێرەى ماددەى 140ى دەستوورى هەمیشەیى عێراق چارەنووسیان دیاریدەکرێت، و بۆ ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.

2ـ هەرێمی کوردستان پابەند دەبێ بە سنوورە مێژوویی و جوگرافییەکانی کوردستانی باشوور و کار بۆ یەکلاکردنەوەی هەموو کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە دەکات و بە شێوەیەک کە ببێتە مایەی چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش.

3ـ پەیوەندى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ناوەندی عێراقدا لە سەر بنەماى یەکێتى ئارەزوومەندانە دەبێت بەپێى ئەو بنەمایانەی لە دەستوورى هەمیشەیى کۆمارى فیدڕاڵى عێراق و دەستوورى هەرێمى کوردستانى عێراق ئاماژەیان پێدراوە، و گەلى کوردستان مافى هەیە چاو بە پەیوەندى هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوەنددا بخشێنێتەوە.

4ـ گەلى کوردستان سەرچاوەى دەسەڵات و بنچینەى ڕەوابوونییەتى، ئەمەش لە رێگەی هەڵبژاردنی بێگەردەوە بەپێی پرۆسەیەک کە لەلایەن کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ و بە سەرپەرشتی دادوەری بەڕێوە دەچێ و بە گوێرەی سیستمێکی هەڵبژاردنی وا کە ببێتە مایەی زامنکردنی دادپەروەریی لە نوێنەرایەتیکردن بۆ هاووڵاتیان بەبێ هیچ جیاوازی و دوورخستنەوەیەک، و نوێنەرایەتی پێکهاتەکان لە رێگای کۆتا زامن بکات وێڕای مافەکانیان لە لیستە گشتییەکاندا.

5ــ سیستمى سیاسى لە سەر بنەماکانى فەرمانڕەوایى دیموکراسى فرەیى پەرلەمانى دەبێت، و پشت بە هاووڵاتیبوون و سەروەریی یاسا دەبەستێت، و فرەیی سیاسی، و ئازادیی و دادوەریی و یەکسانی و خولقاندنی دەرفەتی یەکسان بۆ سەرجەم هاووڵاتیان بەبێ جیاوازیی یان رەچاوکردنی ئاین و رەگەز دابین دەکات.

6ـ دەسەڵات لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادوەریی، وەک زامنکردنێکی بنەڕەتی بۆ هێنانەدی دادوەریی بۆ هەموو هاووڵاتیان، و لێکجیاکردنەوەى هەر سێ دەسەڵاتەکانى جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەرى، بونیاد دەنرێت.

7ـ پێکهێنانى دادگایەکى دەستوورى لە هەرێمدا.

8ـ پێڕەوکردنى لامەرکەزیەتى ئیدارى بۆ هەڵسوڕاندنى کاروبارى پارێزگاکان.

9ـ هەرێمی کوردستان نیشتمانێکە بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمەکە لە کورد و تورکمان و ئاشووری کلدان سریان و ئەرمەن و عەرەب، و بە پاراستنی کەلەپوری تایبەت بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان پابەند دەبێت، و ئەمەش لە ئاڵا و سروودی نیشتمانی هەرێمی کوردستاندا دەردەکەوێ کە رەنگدانەوەی فرەیی نەتەوەیی و ئاینی تیادا بەدی دەکرێ.

10ـ دەستوورى کوردستان مافە نەتەوەیى و رۆشنبیرییەکان و مافى بەشدارى لە بەڕێوەبردنى کاروبارى وڵات بۆ هەموو نەتەوە پێکەوەژیاوەکانى کوردستانى عێراق دەستەبەر بکات.

11ـ پەێڕەوکردنى پرەنسیپى هاووڵاتیبوون وەک مافێک کە ناکرێ پێشێل بکرێت، و دامەزراندنى دەوڵەتى یاسا و دامەزراوەکان و دادوەرى و دەستەبەرکردنى فرەیى سیاسى و ئاڵوگۆڕى ئاشتیانەى دەسەڵات.

12ـ لێکجیاکردنەوەى ئایین و دەوڵەت و رێزگرتنى لە بیروباوەڕ و ناسنامە و شوناسی سەرجەم ئاین و ئاینزاکان، و پاراستنی ئازادیی سەرجەم هاووڵاتیان لە ئاین و بیروباوەڕ و ئەنجامدانی مەراسیمی ئاینی بۆ موسوڵمان و ئێزیدی و کرستیان و کاکەیی و جولەکە و زەردەشتی و سابیئەی مەندایی و سەرجەم ئاین و بیروباوەڕەکانی دیکە دابین دەکات.

13ـ پێڕەوکردنى جاڕنامەى جیهانى مافەکانى مرۆڤ لە دەستوور و جەختکردنەوە لە سەر ئازادییە مەدەنییەکان و سیاسییەکان و ئابووری و کەلتورییەکان و مافە گشتى و تایبەتەکان و ئازادى ڕا و دەربڕین و خۆپیشاندان و رێکخستن لە میانەى پڕەنسیپ و بنەماکانى دەستووردا.

14ـ هەرێمی کوردستان بەشێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، و هەوڵی بونیادنانی پەیوەندیی دۆستایەتی نێوان سەرجەم گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلانی جیهان و نێوان وڵاتان دەدات.

15ـ دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی و مافە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی هاووڵاتی، و پەیڕەوکردنی ئەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتییانەی کە زامینی ئەو مافانە دەکات.

16ـ هەرێمی کوردستان لە سیاسەتەکانیدا پشت بە گەشەکردنی هەمەلایەن و بەردەوام و بنەماکانی حوکمڕانی باش و شەفافیەت و هاووڵاتیبوونی کارای کوردستانی دەبەستێت و، کار بۆ پاراستنی کەلتووری نیشتمانی هەموو گەل و پێکهاتەکان دەکات.

17ـ هەرێمی کوردستان پابەندە بە پاراستنی خاوەندارێتی گشتی سامانە سرووشتییەکان (نەوت، گاز، ئاو، کانزاکان)، و سەرچاوەکانی، بەو پێیەی موڵکی گشتی گەلن، و لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بەکار بێن، و ببنە مایەی هێنانەدی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان.

18ـ پاراستنى دارایى گشتى و بنیاتنانى ئابوورى نیشتمانى لە رێگای پاراستنی هەمەجۆرى شێوازەکانى موڵکایەتى و پێداویستی بەدیهێنانى دادوەرى کۆمەڵایەتى، و هاندانی وەبەرهێنان و پاراستنی مافی بەکاربەر و پێشبڕکێی ئازاد و رێگەگرتن لە قۆرخکاریی و پاراستنی ژینگە.

19ـ هەموو هاووڵاتیان ئازاد و یەکسانن لەبەردەمی یاسا لە ماف و ئازادیی و ئەرکە گشتییەکاندا، و کەرامەتی مرۆڤیش مافێکی سەرەکیی و پارێزراوە، و رێگە بە جیاکاری نێوان هاووڵاتیان بەهۆی رەگەز یان رەچەڵەک یان زمان یان ئاین و بیروباوەڕ و سامان و پێگەی کۆمەڵایەتی و بیروڕای سیاسی یاخود ئینتماى نەتەوەیى و ئایینى و مەزهەبى نادرێت.

20ـ هەرێمی کوردستان ئازادیی ژنان و مافەکانی و بەشداریکردنی لە سەنتەرەکانی بڕیار و یەکسانی جەندەری زامن دەکات.

21ـ هیچ تاوان و سزایەک نابێ تەنیا بە گوێرەی دەقێکی یاسایی نەبێ، گومانلێکراویش بێ تاوانە تا ئەوکاتەی لە دادگایەکی دادوەردا تاوانەکەی بەسەردا دەسەپێت. هەروەها کەسانی سڤیل لەبەردەمی دادگایەکی بەدەر یان دادگای سەربازیی دادگایی ناکرێ. نابێ کەسی سڤیل دەستگیر بکرێ یان بپشکنرێ یان بەند و دەستگیر بکرێ یان ئازادیی کەسێتی نەهێڵرێ تەنیا بە بڕیارێکی پێشووی دادوەر نەبێت. هەرێمی کوردستان ئازادیی مانەوە و جوولەکردن بۆ هەموو هاووڵاتییان زامن دەکات.

22ـ زامنکردنى ئازادى رۆشنبیرى و داهێنان و پشتگیریکردنی ئەدەب و هونەر و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپور و ناوچە پارێزراوە سروشتییەکان و رێزگرتنى هەمەجۆرى هزریى و سیاسى و نەتەوەیى لە رۆشنبیرى نیشتمانى گشتیمان و رۆشنبیرى نەتەوەکان و سەرجەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان.

23ـ ئازادی بیروڕا و رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەگەریی و شێوازەکانی راگەیاندن، و مافی دامەزراندنی حزب و سەندیکا و یەکێتی و ئەنجوومەن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، و کۆبوونەوە و ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە.

24ـ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزی ئاسایش و پۆلیس چەکداری کوردستانین و موڵکی گەلن و دامەزراوێکی نیشتمانی کراوەیە، و لە لایەن دامەزراوە دەستوورییە هەڵبژێرراوەکان بەرێوەدەبرین، و رێگە لە دامەزراندنی میلیشیا دەگیرێ.

25ـ مافی دابینکردنی ژیانێکی هێمن و ژینگەیەکی پاک و دوور لە پیسبوون، هەروەها مافی دابینکردنی خۆراکی تەندروست و شوێنی ژیان و چاودێریی تەندروستی و ئەنجامدانی وەرزش، ئەمە وێڕای مافی بوونی بیمە لە دژی بێکاری و نەخۆشی و پیری، بە گوێرەی رێنماییە یاساییەکان و هاریکاری کۆمەڵایەتی.

 

 

 

 

  • 1