ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خۆشەویستم كریستینا:  بەر لەوەی بێمە كوردستان، من چەند وتار‌و زانیارییەكم لەسەر كوردەكان‌و مێژووی كوردستان هەبوو، بەڵام زانیارییەكانم لەو بارەیەوە هەمەلایەنە‌و تێر‌و تەسەل نەبوون. پێشتر وتارێكی فەیلەسوفێكی ئەوروپی (ئارنسبت گلنەر)م خوێندبۆوە لەبارەی هەندێك لە نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و لەوانەش كورد‌و سۆماڵییەكان، ئەو فەیلەسووفە راشكاوانە دەڵێت: كورد‌و سۆماڵی لە رووی خەبات‌و تێكۆشان لە دژی دوژمنەكانیان‌و داڕشتنی گوتاری خۆیان بە رووی دەرەوەدا نەتەوەن، بەڵام لە رووی ناوەخۆیی نەتەوەنین، یاخود لە رووی فیكری‌و كلتوری‌و تیئۆری بنەمای نەتەوەییان نییە، من ئەوكات پێم وابوو ئارنست گلنەر لە رابین‌و قسەكردن لەسەر ئەوە زوڵمێكی گەورەی لە هەردوو نەتەوەی كورد‌و سۆماڵییەكان كردووە، بەڵام كە هاتمە كوردستان‌و لەبارەی بیركردنەوە‌و فیكری سیاسی‌و  كلتوری كۆمەڵایەتی كوردەوە تێگەیشتم‌و زانیم ئارنست گلنەر لەسەر هەقە‌و بەڵێ‌ كوردەكان لەپێناوی ئازادی‌و رزگاری نەتەوەیی فیداكاری‌و ئازایەتی‌و شكۆی گەورەیان نواندووە، شەڕی فاشیەت‌و دیكتاتۆریەتیان كردووە‌و قوربانییەكەی گەورەیانداوە، بەڵام بەرووی ناوەوەی خۆیاندا بنەمایەكی پتەوی نەتەوەیی‌و نیشتمانیان نییە، من لە نامەكانی رابردووشم باسم كرد كوردەكان هەستی عەشایەری‌و ئایینی‌و بنەما لۆكاڵییەكانی بەهێزترە لە هەستی نیشتمانی‌و نەتەوەیی، لە ئێستاشدا كوردەكان لە كۆمەڵگایەكی تەقلیدی‌و عەشایەری‌و ئایینی‌و وەرچەرخاون بۆ كۆمەڵگایەكی حزبی، هەستی حزبیان زاڵترە بەسەر هەستی نەتەوەییاندا، ئەگەر وانەبوایە نەدەبوایە تاكە یەك كورد ئامادەبێت شەڕی ناوخۆ بۆ حزبەكان بكات، نەدەبوایە پشت لە خوێن‌و فرمێسكی ئەنفال‌و جینۆساید بەگشتی بكات‌و بچێت شەڕی ناوخۆ بۆ هەردوو حزب بكات، هەربۆیەش من وایدەبینم كوردەكان چەندە كێشەیان لەگەڵا دوژمن هەیە ئەوەندەش كێشەیان لەگەڵا خۆیان هەیە، ئەوەندەی كوردەكان زەبریان بەركەوتووە ئەوەندەش خۆیان زەبر‌و لێدانیان ئاراستەی یەكتری كردووە.

بەشێكی زۆری خەڵكی ئەم وڵاتە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان‌و لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناڕازی‌و ئۆپۆزسیۆنن، بەڵام رۆژی دەنگدان سەریان لەبەرخۆدەنێن‌و ملیان لاردەكەن‌و دەنگ بەهەمان ئەوانە دەدەنەوە كە هەرگیز نوێنەرێكی راستگۆی ئەوان نەبوونە.

  • 1