ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

١- سێکوچەکی پەروەردە (پڕۆگرام، مامۆستا، قوتابی) ین، ئەوانە لەنێو قوتابخانەو خوێندنگادا پراکتیزە دەکرێن. خوێندن واتا ئامادەیی مامۆستاو فێرخواز لەنێو پۆل، ئامادەییەکی هۆشەکی و هۆشمەندانە، بێ ئەو ئامادەییە، خوێندن بەرهەمی نییە. لەواقیعی سیستەمی فێرکاری کوردستاندا، بەهۆی پاشەکشەی پەروەردە، قوتابی لەپۆل و بەدەیان شێوازی وانە وتنەوەو چاودێری و بەدواداچوون، ئەنجا لەوانەکاندا جێماوەو خولیای خوێندنی نەماوە، جا تۆ بێی خوێندنی بۆببەیتە ماڵ و بۆی بخەیتە سەر ئایپادو مۆبایلەکەی دەبێت چۆن بخوێنێت؟! ئەو مۆبایل و ئایپادەی، بەو بێ سانسۆری و پەروەردەیە، فێرخوازی لەبازنەی خوێندن دابڕی و کردییە کۆیلەیەکی دەستی تەکنەلۆژیا. ئەوە لەکاتێکدا هەزاران خێزان لەسادەترین ئامێری تەکنەلۆژیاو هێڵی ئەنتەرنێت بێبەشن.

٢- پۆلەکانی خوێندن چونکی بچووک و جەنجاڵ وداخراون، بێگومان لەبڵاوبوونەوەی کۆرۆنا مەترسیدارن، کاتێک بڕیاری داخستنی قوتابخانەکان دەدرێت، دەبوو گونجاوترین و باشترین رێکاری پەیڕەوکردنی خوێندنی ئەلیکترۆنی بگیرێتەبەر، زەمینەی بۆ خۆشبکرێت، نەک وەک ئێستا هەزاران قوتابی هەن سەریان بەباتێکدا نەکردووە، چرکەیەک چیە سەیری ڤیدیۆیەکی وانەکانیان نەکردووە، باشە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کێماسی و دۆخە دەکرێت؟ دەیان مامۆستاش هەن بەدواداچوونی سایتی خوێندنی ئەلیکترۆنی و قوتابییەکان ناکەن و بیانووشیان بڕوایان پێ نییە! ئەدی بڕوانەبوونی دەیان مامۆستا بەو شێوازی خوێندنەو ئیلزامیبوونی خوێندنەکە چۆن چارەدەکرێت؟ بەکورتی سەرگەردانی و سەرلێشێواوی وبەڕێکردنی خوێندنەو بەس.

٣- راستییەک هەیە ٣٠ساڵە خوێندن بەزمانە باوەکە کراوەتە "فشە"، بەحزبیکردن و پڕکردنەوەی شوێنە هەستیارەکانی بەکەسانی نەشارەزاو واعیزی حزبی دەمێکە خوێندنی لەبەهاو مەعریفە بەتاڵ کردیتەوە. ئەوە هەر ئەمڕۆی خوێندنی ئەلیکترۆنی نییە، خوێندنی بێنرخ کردووە، بەڵکو دوێنێی پڕ لەگرفت و پەراوێزخستنی پەروەردەیە بەئەمڕۆی گەیاند، کە ئێستا لەخراپترین دۆخی خوێندندایە. بەبڕوای خۆم خوێندن بەئەلیکترۆنیش دەڕوات، قوتابی لەپەنایدا دەپەڕێتەوەو دەچێتە قۆناغێکی دی، بەڵام لەزانیاری دەکەوێت، لەفێربووندا ناپەڕێتەوە، ئەوە کرۆکی کێشەکەیە. بەدەست من با ئەوساڵم بەهەژمارنەکردنی خوێندن حساب دەکرد، زۆر باشترە قوتابی بەکەشکۆڵی بەتاڵی زانستەوە بچێتە قۆناغێکی دی، تایبەت منداڵانی بنەڕەتی کەزۆریان فێری نووسینی پیت و خوێندنەوەو سەرەتاییترین رێگای فێربوون نابن.

٤- با قسەیەک لەو "بانێکەو دوو هەوایە"ش بکەم کەلۆژیکی تێدا نییە: قوتابیانی قوناغی دەو یازدەی ئامادەیی دەوام ناکەن، چونکی کۆرۆنا هەیەو خەتەرە، وەلێ پۆلی دوازدەی ئامادەیی دە ژوورەکانی قوتابخانە دەکەنەوەو کۆرۆنا تخوونی ئەمان ناکەوێت! یان چییە ئاخر ئەوانە قۆناغیان هەستیارەو تاقیکردنەوەی وەزاری دەکەن. راستی خوێندن هەموو قۆناغێکی گرنگە، ئەوە پەروەدە نییە تاقە پۆل و قۆناغێک بەگرنگ ببینێ و دەوام هەبێت، وەلێ دەوامی یازدە پۆلی بنەڕەتی و ئامادەیی دابخات! منداڵێک کە لەسێیەم ساڵی خوێندنیدایەو فێر نابێت ناوی بنووسێت، زۆر هەستیارترەو لەپۆلی دوازدەش لێکەوتەکانی کارەساتبارن. بەس بەکێ بڵێین و بۆکێ بنووسین؟!

 

  • 1