ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مۆرکی شەرمەزاری بە تەوێڵی رەشی ئیسلامییەکەی تورکیا

( مێژووش زمانی هەیە ، رۆژێك دا دێت راستییەکان وەك تیشکی خۆر دەدرەوشێنەوە )

گەلی ئەرمەن لە نەتەوە دێرین و رەسەنەکانی ئەنادۆڵی ناسراو بە ئاسیای بچووك لە تەك نەتەوەکانی کورد و یۆنانییەکان نیشتەجێ بووە ، خاوەن پێگەی تایبەت لەکەلتوور ، رۆشنبیری ، سیاسی ، ئابووری ، بازرگانی و ........ بووە . بەڵام مێژووەك تەژی لە تراژیدیا و بەسەرهاتی جەرگبڕ. هەر لەهاتنی شاڵاوی مەغۆلە دڕندە و خوێنرێژەکان ، بەر شاڵاوی هەزارەیەك لە کۆمەڵکوژی ، پاکتاوی رەگەزی و ئایینی بوووونەتەوە ، بەتایبەتیش دوای دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی ، هەر لە دوای جەنگی دەشتی چاڵدێرانی ساڵی ۱٥۱٤ ی نێوان هەردوو ئیمپڕاتۆریەتەکەی سەفەوی و عوسمانیەکان و دەستنیشانکردنی سنوور کە دابەشکردنی ئەرمینیای لێکەوتەوە . هاتنی لاوانی ئیتیحاد و تەڕەقی ساڵی ۱۹۰٨ و لادانی سوڵتان عەبدولحەمید بە کودەتا ؛ هەڵوێستیان بە ئاڕاستەی توندڕۆیی رەگەزپەرستی رۆیشت و بە تایبەتیش لە گەرمەی جەنگی جیهانی یەکەم ۱۹۱٤ ، هەڵێکی زێڕینیان بۆ رەخسا تا بە پاساوی ( ئاژاوە نانەوەو دەستی دەرەکییان لە پشتە ) تورکە رەگەز پەرستەکان ، بە پێی بەرنامەیەکی داڕێژراو و قێزەون و دوور لە سادەترین بەهای مرۆڤایەتی و پرینسیپەکانی پێکەوە ژیان . وەك شارەزایانی مێژوو ئاماژەی بۆ دەکەن ، جینۆسایدەکە لە رۆژی۲٤ / ٤ / ۱۹۱٥ دەستیپێکرد و پڕۆسەکە تا ساڵی ۱۹۲۳ هەڵمەتی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان بەردەوام بوو . سەرەتا بە رەشبگیری رۆشنبیران ، نووسەران ، رۆژنامە نووسان ، پزیشکان ، بازرگانان و رێبەرانی ئەرمەنیەکان دەستیپێکرد ، بە خاپوورکردن ، راگواستنی بە زۆر ئینجا کۆمەڵکوژی ، زیندانیکردن ، لە سێدارەدان ، برسیکردن ، دەسدرێژی بۆ سەر ژنان ، شەو نخوونی ، هەڵدڕانی سکی ژنی دووگیان بە سەرەنێزە ، فرۆشتنی کچان لەبازاڕی ( النخاسة ) بەرامبەر لەتێ نان و

....... ئەمانەش دوور لە چاوی راگەیاندنەکان کە تێیدا ملیۆنێك و نیو هاوڵاتی ئەرمەنی بێ تاوان لە ناو بردران و بوو بە زامێکی قووڵ و ئازارێکی لەبیر نەکراو لە جەستەی تاکی ئەرمەنی . بەڵگەکانی روسیا ، فەڕەنسا ، بەریتانیا و ئەمریکا حاشا هەڵنەگرن لەسەر پڕۆسەی جینۆسایدکردنەکە .

هەرچەندە دەسەڵاتە یەك لەدوا یەکەکانی تورکیا ، تا ئێستا نکوڵی لەو تاوانە دەکات و دانی پێدانانێت لەگەل هەندێ لە وڵاتە زلهێزەکان ئەو تاوانە وەك کارتێکی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریدێنن ، لەگەل ئەوەشدا ، تا ئێستا زیاتر لە ٤۰ حکومەت و پەڕلەمانی وڵاتانی جیهان ئەم کۆمەڵکوژییەیان بە جینۆساید ناساندووە و جۆ بایدنی ٤٦ ە مین سەرۆکی ئەمریکا ، وەك یەکەمین سەرۆك ، ئەم کۆمەڵکوژییەی وەك جینۆساید ناساند کە بووە مایەی تووڕەبوون گرژی تورکیا و ئازەربایجان .هەرکاتێ ئەو کەیسە بجوولێندرێت و بە جیهانی بکرێت ، تورکە رەگەز پەرستەکان بەرچاویان تاریك دەبێ و ئۆقرەیان لێهەڵدەگیرێ و دەمارگیر دەبن ، تیرۆرکردنی گەورە رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەرمەنی ( هڕانت دینك ) ۲۰۰۷ کە دەڵێ ( تورکبوون یەکسانە بە سڕینەوەی کورد و ئەرمەن ) و بکوژەکەش بە بەرچاوی خەڵك هاواریدەکرد ( موسڵمانینە ئەرمەنییەکم کوشت ) ! زیندانیکردنیرۆماننووسی ناسراو ( ئۆرهان بامۆك ) ، داکۆکیکردنی شێڵگێڕانەی جیم ئۆزدەمیر لە پەڕلەمانی ئەڵمانیا لەسەر دۆسێکە و دەکەوێتە بەر هەڕەشەی تورکە ئیسلامیە رەگەزپەرستەکان ، مێژووناسی تورك ( تانەر ئەکچام ) لە یەکێ لە پەڕتووکەکانیدا، بە بەڵگەوە سەڵماندوویەتی دەوڵەتی عوسمانی فەرمانیدابوو بە جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکان . لە پەرچە کرداری ئیخوانە ئیسلامییەکان کە لەبەرەی سەنگەری عوسمانییەکاندابوون ، نووسەری میسری ئەحمەد عەبدولواحید شەرقاوی ، لە پەڕتووکەکەیدا داکۆکی لە پڕۆسەی جینۆسایدەکە دەکات و ئەرمەنەکان بە هەڕەشە دادەنێت بۆ سەر تورکیای ئیسلامی . هەروەها مۆزەخانەی یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا تەژییە لە ئەرشیف کە بووەتە بەشێك لە یادوەری ئەم گەلە .

داننان بە هەر تاوانێك و لەهەر کونجێکی جیهان بێت ئەڕکێکی ئەخلاقی ، ویژدانی ، داد پەروەرانە و یاساییە ، هەنگاوێکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانەکان لە ئایندە . گەلی کوردی جینۆسایدکراو پێویستە دان بەو تاوانەدا بنێت بە جینۆسایدی بناسێت ، وەك ئەرمەنەکان خوازیارن گەلی کورد ، پڕۆسەی جینۆسایدکردنیان بە رەسمی بناسێت و هەر ئەوانیش پێشەنگ بوون لە داننان بە کۆمەڵکوژییەکەی ئێزیدییەکان لەساڵی ۲۰۱٨ .

تێبینی

سوود لە سەرچاوە مێژووییەکان و سایتەکانی هەواڵ بینراوە

 

  • 1