ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەڵكشانی كێشمەكێش و ململانێكانی نێوان كورد و هێزە شیعیەكان گەیشتۆتە ئاستێك كە پێویستی بە هەڵۆێستەیەكی جدی و بابەتیانەی ورد هەیە چونكە تا دێت لێدوانەكان توندترو كێشەكان قووڵتر دەبنەوە، بەڕاستی نازانرێت‌ چی دەگوزرێ و چی دەكرێت هیچ ئاراستەیەكی روون دیار نییە، كە ئەگەر دۆخەكە لەمە ئاڵۆزتر بێت، بەرزبوونەوەی كێرڤی دژەكان بەچی دەگات، نازانرێت ئەو ناكۆكیانەی نێوان كورد و شیعە كە لە ئێستادا هەستی پێدەكرێت، بەكوێ دەگات وچ واقیعێك بەرهەمدێنێ . ئایا ئێمە كە سەرگەمین بەو رووداو و پێشهاتانە، چۆن بیر دەكەینەوە؟ چ چاوەڕوانییەكمان هەیە لەو بڕیارو راسپاردانەی كە ئەحزابی دەسەڵاتداری كوردستان دەریدەكات‌ و چۆن هەنگاو بەئاڕاستەی گۆڕانی دۆخی مێژوویی‌و جوگرافی دەنێت، گەرەنتی حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان لەو دۆخەدا چیە و چی ئەلتەرناتیڤێك بۆ ئەم قۆناغە شك دەبات كە ئێستا لە پێناو بەرژەوەندی تەسكی حزبدا مامەڵەی لەگەڵ دەكات؟

قسەكە زیاتر لەسەرئەوەیە كە چڕبوونەوەو درێژەدان بەو لێدوان‌و تۆمەتباركردنەی یەكتری، تاچەند دەتوانێت خزمەت بەهێوركردنەوەی دۆخەكەو كاری سیاسیی هەمەلایەنە بكات. چونكە لە ڕاستیدا بەرجەستە بوونی هەرناكۆكیەكی سیاسی بۆخۆی دەبێتە هۆی دروستبوونی شقڵێكی مەترسیدارو دواجار كاریگەریی خۆی لەسەر ئاستە كۆمەڵایەتییەكەش دادەنێت و ئاسەوارەكانی لە‌سەر ئاشەتەوایی كۆمەڵایەتی تۆختر دەبێتەوە و ڕەنگە ئەگەرەكانی مردنی دیموكراسیەت بۆ سێستەمی حوكمڕانی لە عێراق زیاتر گەشە بكات و ببێتە هۆكاری شكانەوەی دەرئەنجامێكی خراپ.

بەشێوەیەكی گشتی گەر كەمێك وردتر دیقەت لەم بابەتە بدەین ئەتوانین بێژین هەموو ئەو لێدوانانەی كە لەسەر ئاستی سیاسیی دەدرێن، شوێنەواری خۆیان لەزەمینە كۆمەڵایەتییەكەدا جێدەهێڵن و كاریگەری راستەوخۆیان دەبێ لە سەر تاكی عیراقی ، شاراوە نیە لەم رووەشەوە‌ زەمینەی‌ سیاسی كۆمەڵگەی عیراقی كە زیاتر زەمینەیەكی ئاینی تایفیە و هێز و ئایدیا تایفیەكان بەڕێوەی دەبەن خەریكە دەبێتە زەمینەی تاقیكردنەوەو نمایشكردنەوەی هەمان ئەو سیاسەت و پارادایمانەی كە لە مێژووی هاتنە سەركاری هێزە شیعیەكانی ئێران لە سەردەمی خومەینی دا دروست بوو بەرانبەر بە مەسەلەی كورد. واتا ئەوەی ئێستا هێزو لایەنە شیعەكانی عێراق دەستیان داوەتێ هەڵگری هەمان تێروانینی ئێرانە بەرانبەر مەسەلەی كوردو هەمان سیاسەتی ڕابردووی ئەوان دوبارە دەكەنەوە نەك شتێكی تر، واتا ئەم نمایشە سیاسییەی كە ئێستا ئامادەیی لەناو گوتاری سیاسی لایەنە شیعیەكانی عێراقدا هەیە‌ مەترسیەكی گەورەیە و ئەوە دەسەلمێنێ كە ئەوان بوونی كورد وەك نەوتەوەیەكی خاوەن مێژوو ناخۆیننەوە و دەیانەوێ كێشەكە لە بازنەیەكی تەسكدا قەتیس بكەن و ڕێگری بكەن لە دەسكەوتەكانی، لە بەرانبەر ئەمەشدا كورد برێك گەمژانە مامەڵە دەكات و خاوەنی گوتارێكی هاوبەشی سیاسی نیشتمانی نیە و هەر هێزە و دەیەوێ بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتەكانی خۆی هەنگاو بنێ ، واتا ئاش لە خەیاڵێك و ئاشەوان لە خەیڵێكی تر، ئەواتا لە تەواوی پرسە چارەنووس سازەكاندا هەموان لەپێناو شەرعیەتدان بەسیاسەتە چەوتەكانی خۆیان دەیانەوێ لەو ڕێگەیەوە رەوایەتی‌ بەخۆیان بدەن بۆ دەستەبەركردن و بە دەستهێنانی قازانج و مەرامەكانیان و هەرلایە و بە لایەكدا رایدەكێشێ ، بەكورتیەكەی ئەو كێشانەی كە ئێستا لەئارادان، ئەوەندەی كێشەی بەرژەوەندی حزبین چارەكێكی ئەوە كێشەی جەوهەری‌ و نەتەوەیی نین، كە گۆرانكاریە مێژوویی‌و جوگرافیەكان بەدوای خۆیدا هێناوە، واتا لەم نێوانەدا كێشە جەوهەرییەكان بەلاوەنراوە و زیاتر ململانێكانیان چڕ كردۆتەوە لە سەر بەرژەوەندی حزبی و بە دەستهێنانی پلە و پایەی بە هێزكردنی حزب كە حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان بۆ داهاتوی خۆیان لە عێراقدا كاری لە سەر دەكەن و بونەتە سورەی بەر لە شكر بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانیان.

 

  • 1