ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پێشبینی کردن لە مانەوە و بەهێزبوونی یەکێتی ئەوروپا کارێکی نادیار و ئاسان نیە، بەڵام گەر تۆزێك بە مێژووی نوێیاندا بگەڕێی زۆر ڕاستیمان بۆ دەردەکەوێت سەبارەت بە تایبەتمەندی سروشتی ئەوروپاییەکانی ڕۆژئاوا.

گەر پڕوپاگەندەی مافی مرۆڤ بخەینەلاوە، دەبینین کە ئەوروپاییەکان دوو جەنگی جیهانیان بەرپاکرد لە سەدەی پێشوودا، یەکەمیان لە نێوان ساڵانی ١٩١٤/١٩١٨ و دووهەمیان لە ١٩٣٩/١٩٤٥ . ووڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەو سەردەمانەی ئەوروپا لە ڕووی پیشەسازی چەك وتەقەمەنیەوە هەموو جۆرە چەکێكیان بەکارهێنا لە دژی یەکتری لەناوخۆیاندا تەنانەت غازی کوشندەش. خۆیان و زۆربەی زۆری ووڵاتانی دی جیهانیشیان لەو جەنگانەدا تێوەگلان. ئەوەبیر نەکەین پێش ئەو جەنگانەش زۆربەیان بە جیهاندا بڵاوبووبونەوە و خاكو نەتەوەی میللەتانی تریان داگیرکردبو، شەپۆلی ناسیۆنالیزمیان بەرخۆ دابوو. هەر لەسەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا بوو کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیان دابەشکردوو چەند  ووڵاتێکی نوێیان دامەزراند. ئێمەی کوردیش باجێکی گەورەمان داو بێ ووڵات و بێ خاکیان کردین و کردیانین بە میوان لەو ووڵاتانەی دراوسێماندا کە تازە ئەوان دایانمەزراندبوون.

لەو دوو جەنگەدا میللەتانی ئەوروپا لەناو خۆیان و دەرەوەدا نزیکەی سەد ملیۆن کەسیان بەکوشت دا. پاش جەنگی دووهەم تێگەیشتن کە جەنگ ئەنجامدان لەناو خۆیاندا لە بەرژەوەندی کەسیان نیە، بۆیە کەوتنە ئامادەکردنی ئاشتی و تۆوی یەکێتی ئەوروپای ئەمڕۆیان لە ساڵی ١٩٤٧دا چاند.

لەسەرەتادا ئەو یەکێتیە ئەبوایە سیاسەتێکی هاوبەشی سەربەخۆی هەبێت، ئەوە بێجگە لە پاراستنی مافی مرۆڤ و زۆر دەستکەوتی گرنگی دی بۆ هەموو میللەتانی هاوبەشی ئەوروپادا. بەڵام هەرزوو دەرکەوت کە باری ئابوری و سەرمایەگوزاری زاڵ بووبوون بەسەر هەموو لایەنەکانی دیدا کە یەکێتەکە دیاری کردبوو. لەهەمان کاتدا نەیان توانی ئەوسەربەخۆییەی پێكبهێنن کە پێشبینیان کردبوو. پاش کۆتایی جەنگی دووهەم، ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یارمەتی ئابوری و سەرمایەداری زۆری تەرخان کردبوو بۆ هەڵساندنەوەی باری ئابوری ووڵاتە گەورەکانی ئەوروپا کە ئەوکاتە گیرۆدەی کاولبوون و هەژاری بووبوون. ئەمەریکا لەجیاتی ڕۆڵی هاوپەیمان ببینێت،  لە رووی سیاسیەوە بەتایبەت سیاسەتی دەرەوەییەوە زیاتر وەکو کەڵەگای لێهاتبوو بەسەرووڵاتانی ئەوروپاوە و کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی هەبوو لەو ناوچەیەدا، بێگومان هەتا ئەمڕۆش.

ئەتوانین بڵێین کە لە ساڵی ٢٠٠٧ وە بە پێی پەیمانی لیزبۆنەوە یەکێتی ئەوروپا ناسرا لە جیهاندا، هەرچەندە لە ڕووی دەرەوەیەوە وەکو ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەورپا دەبینرێت، لە ڕاستیا، ناوەرۆکی زۆر پەرش وبڵاوو و ئاڵۆز.، حیزبە ڕاست ڕەوەکانی (زەقەکانیان، فاشی و نەوەی نازیەکان)  ووڵاتانی ئەوروپا بڕوایان بە یەکێتی ئەوروپا نیە و داخوازی جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکێتیەن، ئەوانە پێیان وایە کە لە بەرژەوەندی ئەوانە هەر ووڵاتە مشوری خۆی بخوات، زۆر جار بۆ شاردنەوەی سەرنەکەوتنی سیاسەتی ئەوروپا سەرئەنجامی کێشەکانیان دەخەنە ئەستۆی پەنابەران. ئاشکرایە کە ئەمە ڕاست نیە و بەشێك لە بەرهەمی ئابوری ساڵانەی ئەو ووڵاتانە لەلایەن پەنابەرانەوە بەرهەم دەهێنرێت.

ئەتوانین بڵێین کە ووڵاتە ئەندامەکانی یەکێتی ئەوروپاش لە ڕاستیا باوەڕێکی تەواویان بە سیاسەتی ئەو یەکێتیە نیە! لە ساڵی ٢٠١١ دا فەرەنسای سارکۆزی و ئینگلتەرا بێویژدانانە پەلاماری لیبیایان دا و داگیریان کرد تەنها بۆ مەبەسەت و بەرژەوەندی خۆیان، ئەوەش بەرهەمی سیاسەتێکی هاوبەشی ئەوروپی نەبوو، پاش هێرشەکانی ئەو دوو ووڵاتە، ووڵاتەکانی تری ئەوروپا بەشداریان لەو داگیرکردنەدا کرد، هەریەکەیان بۆ ئەوەی بێ بەش نەبێت لە دابەشکردنی سامانی لیبیادا.

{بێگومان ئەوروپا چاوەڕێی ئەوە نەبوو کە ئەمڕۆ لیبیا ببێتە گۆڕەپانی تەراتێنی تورکیا و ڕوسیا، ئەوەش نیشانەی کەم بینینی سیاسەتمەدارانی یەکێتی ئەوروپایە}.  

ئیگلتەرا کە ئەندامێکی سەرەکی و بەهێزی یەکێتی ئەوروپا بوو، ساڵی ٢٠٢٠ بەیەکجاری لەو یەکێتیە کشایەوە، ئەو بڕیارەی میللەتی ئینگلیزی بە ئاشکرا لاوازی یەکێتی ئەوروپای خستە روو.

لەڕووی قورسایی سیاسیەوە لە جیهاندا یەکێتی ئەوروپا ئاشکرایە بێ هێزە و پشتی تەواوی بە ئەمەریکا بەستووە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناتوانێت هیچ بڕیارێکی گرنگ لەسەر ئاستی سیاسەتی جیهانی بدات، هەروەکو لە جەنگی سوریادا یەکێتی ئەوروپا ڕۆڵێکی لاوەکی و تا ڕادەیەك شارەوەی هەبوو، بەهیچ شێوەیەك ناڕەزایی ڕاستەقینەی بەرامبەر بە سیاسەتی دەستدرێژیکردنی تورکیا لە سوریا و ناوچە کوردیەکاندا نەکرد. هەموو هەڕەشەکانیان لە تورکیا تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی ڕای گشتی و کوردە ساویلکەکان بوو. لە ڕاستیدا یەکێتی ئەوروپا ساڵانە زیاد لە شەش ملیار ئێورۆ دەبەخشێتە تورکیا بە ڕووکەشی بۆ ڕاگرتنی ڕێڕەوی پەنابەرانە، بێجگە لە وەرگرتنی ئەو مەبلەغە زۆرە، تورکیا کێشەی پەنابەران وەکو چەکێك بەکاردەهێنێ دژ بە یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەنجامدانی داواکاریەکانی. لەهەمان کاتدا ٧ ی نیسانی ٢٠٢١  بینیمان ئەردۆغان تا چ ڕادەیەك ڕێز لە سەرۆکی کۆنسەی ئەوروپا دەگرێت لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا.

بیرمان نەچێت، ووڵاتانی ئەوروپا کە هەمیشە ئاڵای مافی مرۆڤ ئەشەکێننەوە، لە ساڵی ١٩٩٩ دا بەیەك دەنگ و لەژێر فشار و هەڕەشەی تورکیا و ئەمەریکادا سەرۆك ئۆچەلانیان لە ئەوروپا دەرکرد، ئاشکرایە کە ئەو سیاسەتەی ئەوروپا  خەڵاتێك بوو بۆ تورکیا.

گەر ووڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا سیاسەتێکی سەربەخۆ و پلانێکی سیاسی نوێ بۆ یەکێتیەکەیان نەکێشێن و لەژێر کاریگەرێتی ئەمەریکادا نەیەنە دەرەوە ئەوا ئەشێ دوا ڕۆژی یەکێتیەکەیان زیاتر بەرەو لاوازی بڕواو بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا.

  • 1