ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەناوەڕاستی ساڵی 1977 بەدواوە هەندێ جار هەواڵ و دەنگ و باسی بارودۆخی حزبمان لە ناوەراست و خواری عێراق بەشێوەیەكی سنوردار لە رێگای حزبەوە پێمان دەگەیشت، لە هەواڵەكاندا ئاماژە بەجم و جۆڵی پیاوانی ئەمن و رێكخراوەكانی بەعس دەكرا لە دژی هاوڕێیان و چاودێری كردنی بارەگاكانی حزبمان و لێرە و لەوێ فشار خستنەسەر دۆست و ئەندامانی حزب بۆ ئەوەی واز لە حزب بێنن، لە هەندێ شار و ناوچەدا رێگری لە دابەشكردنی رۆژنامەی –(گریق اشعب و الپقافتە الجدیدە) دەكرا و خاوەن كتێبخانەكانیان ئاگادار كردبۆوە نابێت بڵاوكراوەكانی حزب بفرۆشن... هەروا ئەوەش باس دەكرا كە هەندێ هاوڕێیان گیراون و ئەشكەنجە و ئازار دراون... هەموو جارێكیش دوپاتی ئەوە دەكرایەوە كە ئەم هەواڵانە لە سنورێكی تەسك بڵاو بكرێتەوە... بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوكێ و پاشەكەشی رەمەكی و بەر بڵاو لە ناو رێكخستنەكانی حزبمان... لەم بارودۆخەدا لە كۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 1977 رۆژێك هاوڕێ –فاتح رسول- كە سكرتێری لێژنەی مەحەلی هەولێر بوو ئاگاداری كردم كە بۆلای هاوڕێ –ئەبو سەرباز، ئەحمەدی بانی خێلانی- بچم، و ووتی هاوڕێ –ئەبو سەرباز- كاری گرنگ و تایبەتی پێتە، و لە گەڵیدا رێكبكەوە و كارەكان ئەنجامبدا.

لەكاتێكی دیاریكراودا بۆلای هاوڕێ –ئەبو سەرباز- چوومە بارەگای لێژنەی هەرێمی كوردستانی حزبمان و لەگەڵ هاوڕێ –ئەبو سەرباز- كۆبوومەوە... دوای كەمێك قسەكردن لەسەر بارودۆخی ناو شاری هەولێر هاوڕێ –ئەبو سەرباز- هاتە سەر باسە سەرەكییەكە و ووتی، هاوڕێ خۆت ئاگاداری كە حزبی بەعس لە پاشەكشەدایە و لە دژی هاورێیان و رێكخراوەكانی حزبمان جۆرەها فشار دەخەنە سەرحزبمان و دام و دەزگاكانی ئەمن لە بەغدا و ناوەراست و خواروی عێراق كار لە دژی هاوڕێیان و رێكخراوەكانی حزبمان دەكەن و ژمارەیەكی زۆریان لە ئەندامانی حزب و دۆست و لایەنگران دەستگیركردونن، یا هەرەشەیان لێكراوە، ئەم بارودۆخە لەم سنوورە ناوەستێت و بەرەو كوردستانیش دەكێشێت و حزبمان دەكەوێتە بەر ئەو شاڵاوەی كە لە بەغدا و شارەكانی تری عێراق بەڕێوەدەچێت، جا پێویستە بەر لە گەیشتنی شاڵاوەكە و گرتن و راوەدونانی هاوڕێیانمان هەندێ بڕیارمانداوە لەمەكتەبی لێژنەی هەرێمی كوردستان دەبێت بەوریایی و راست و دروست و بەبێ هەڵچوون و پەشێوییەوە ئەنجامییان بدەین، ژمارەیەك لە بڕیارەكان جێ بەجێكردنییان دەكەوێتە ئەستۆی تۆوە، هەرچەندە دەزانم خۆت بایەخ بە پاراستنی نێهێنییەكان دەدەیت، بەڵام هەر بۆ وریاكردنەوەت دەبێت ئەو ئەركانەی ئەنجامییان دەدەیت هیچ هاوڕێیەك نەزانێت و كەسیش نابێت هەست بەجولە و پەیوەندییەكانت بكات، ئەنجا ووتی، ئێمە لە مەكتەبی لێژنەی هەرێم بڕیارمانداوە لە هەندێ بواری كاری حزبی ئاشكرا پاشەكشە بكەین و هەندێ ئەرك و كارمان و هاوڕێیانمان بەرەو كاری نهێنی و دوور لە چاوی بەعس و پیاوانی ئەمن بەرین و دووریان بخەینەوە لە كاری جەماوەری و نواندنی چالاكی ئاشكرا... واتا دەمانەوێت

پاشەكەیەكی رێكخراو-الترجع المنڤم- ئەنجامبدەین... یەكێك لەم بڕیارانەی كە داومانە، ئەوەیە، كە دەبێت چەند ماڵێك و دووكانێك و شوێنێك پەیدا بكەین بۆ كاری زۆر نهێنی و گواستنەوەی پۆستەی حزبی لێژنەی هەرێم بۆ مەكتەبی سیاسی و بەپێچەوانەوە و هەروا بۆ شارەكانی- كەركوك و سلێمانی و نەینەوا و دهۆك .. بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركە پێویستمان بە ژمارەیەك هاوڕێ هەیە كە ئامادەبن ئەو ئەركە لەئەستۆ بگرن و پێویستە بە تەواوی ناسراوبن لەلایەن خۆتەوە ئازاو وریاو نهێنی پارێزبن و ئامادەبن ماڵەكانیان یان دوكان و شوێنی كاركردنییان بۆ كاری حزبی تەرخان بكەن، هەروا پێویستە ئامادەبن پەیوەندی لەگەڵ خزم و كەسوكارییان ببڕن یان كەم بكەنەوە و دوورە پەڕێز بژین و پێویستە هاوسەرەكانیشیان ئامادەبن ئەو ئەركەی لە ماڵەوەیان لە ئەستۆ بگرن و نهێنی پارێزبن و باشە ئەگەر منداڵییان نەبێت یان بچوك و ژمارەیان كەم بێت، هاوڕێ –ئەبو سەرباز- بەردەوام بوو، ووتی، یەكەمجار ماڵێكمان پێویستە ببێَتە ماڵی سەرەكی ئەو كارە، هەموو پۆستەكان بێنە ماڵەكە و لە ماڵەكەوە بەڕێ بكرێت و تەنیا ئەوە هاوڕێیەی لە مەكتەبی هەرێم دیاری دەكرێت هاتوچۆی ماڵەكە دەكات... پاشان هاوڕێیەكی گەنجی وریاو ئازاو نەترس و عەرەبی زانمان پێویستە لە خێزانێكی دیارو ناسراوبێت و سەر بە حزب بن و هاوڕێیەكەش ئامادەبێت پۆستەی حزب بباتە بەغدا بۆ مەكتەبی سیاسی و هێنانەوەی پۆستە بۆ هەولێر...بەڵام پێویستە ئەو هاوڕێیە كە پۆستە لە ماڵە سەرەكییەكە وەرنگەرێت و هەروا پۆستە لە بەغداوە نەیەنێتە ماڵەكە، بەڵكو پێویستە لە ماڵێكی تر ئەم ئاڵوگۆڕە بكرێت، و هاوڕێیەكی تر پۆستەكە بۆ ماڵە سەرەكییەكە بگوازێتەوە، هاوڕێ –ئەبو سەرباز-لەسەر باسەكە بەردەوام بوو، ووتی، پێویستمان بە ماڵێك یان دوكانێك هەیە بۆ ئەوەی پۆستەی لێژنەی مەحەلی نەینەوا وەربگرن و بیدەنەوە(( ئەگەر دووكان بێت باشترە لە ماڵە)) وە دوكانێكی ترمان پێویستە بۆ وەرگرتنی پۆستەی كەركوك و دوكانێكی تر بۆ پۆستەی سلێمانی باشە ئەگەر دووكانەكان لەناو بازاڕی هەولێر بن بۆ ئەوەی هاتوچۆكردن بۆ دوكانەكان ئاسان بێت... بەڵام بۆ پۆستەی لیژنەی مەحەلی دهۆك ئەگەر ماڵێك بێت و لە نزیك گەراجی دهۆك بێت لە نزیك مزگەوتی كوێتی بێت لەبەر ئەوەی پۆستەكەی – لیژنەی مەحەلی دهۆك- هاوڕێیەكی ئافرەت دەیهێنی و دەباتەوە، بۆیە ئەگەر ماڵ بێت بۆ هاوڕێیە ئافرەتەكە ئاسانتر دەبێت.. ئەوە ئەركی ئەو ماوەیەت دەبێت و دووبارەی دەكەمەوە نابێت هیچ هاوڕێیەك بزانێت یان هەست بەم كارەت بكات..!! لە كۆتایدا هاوڕێ- ئەبو سەرباز- ووتی، خاڵێكی گرنگ هەیە باش بوو بیرم كەوتەوە، ئەویش ئەوەیە پێویستە ئەو هاوڕێیانەی بۆ ئەو كارانە دیاری دەكەین. پەیوەندی حزبییان لەگەڵ رێكخراوەكانییان ببڕن و هێدی هێدی لە كاری حزبی و ئامادەبوون لەگەڵ كۆبوونەوەی حزبی و پچڕاندنی هەموو جۆرە پەیوەندییەكی حزبی لەگەڵ هاوڕێیان و دۆستان و لە شوێنی كاركردندا باس لە حزبایەتی نەكەن و واخۆیان دەربخەن كە بێلایەنن و بەهیچ جۆرێك بەرگری لە حزبمان ناكەن... دەبێت هاوڕێیەكان پەیوەندی تاكەكەسی- فردی- لەگەڵ خۆت رێكبخەیت و ناوە ناوە هەواڵ و دەنگ و باسی حزبییان بۆ باس بكە... ئەو هاوڕێیانە نابێت رۆژنامەكانی حزب بە ئاشكرا بكڕن و دوای خوێندنەوەییان نابێت لە ماڵەكانییان كۆیان بكەنەوە... ئەنجا ووتی، هەنگاوی یەكەم دەبێت لەماڵە سەرەكییەك و هاوڕێ پۆستەبەرەكە بۆ مەكتەبی سیاسی و ماڵێكی تر بۆ ئەوەی كاتێك پۆستەی بەغدا دێت لێی دابنرێت و لێیەوە وەریبگرێت پاشان بۆ ماڵی سەرەكی لەلایەن هاوڕێی خاوەن ماڵەكە بگوزرێتەوە ، بابزانین هەنگاوی یەكەم چۆن دەبێت ، پاشان دەچینە سەر ئەنجامدانی هەنگاوەكانیتر... هەركاتێك ویستت بێیتە لام بۆ كاری پێویست دەتوانی بێیتە ماڵەوە... لە كۆتایدا ووتی، خۆت بەبرپرسی هەولێریت و هاوڕێیان دەناسی و پەیوەندیت لەگەڵ زۆربەیان لە ئاستێكی باش و هاوڕێیانەیە و خۆت راستەوخۆ پەیوەندی بەو هاوڕێیانەوە بكە كە بۆ ئەركەكان دەستنیشانییان دەكەیت، بەبێ ئاگاداری بەرپرسی حزبییەكانییان بۆ ئەوەی كارەكان بە تەواوی بە نهێنی بچنەبواری جێ بەجێكردنەوە، لە كۆتایدا ووتی، هیوادرام سەركەوتووبیت...! ووتم سوپاس هاوڕێ، دڵنیابە ئەركەكان لە بەر رۆشنایی رێنماییەكان بەبێ كەم و كورتی ئەنجامدەدەم و جێگای رەزامەندیتان دەبێت. هاوڕێ –ئەبو سەرباز-م بەجێهێشت و بەرەو بارەگای لێژنەی مەحەلی رۆیشتم، قسەو رێنماییەكانی هاوڕێ –ئەبو سەرباز-م گەڵێك بەهەند وەرگرت و زانیم كارو ئەركێكی یەكجار گرنگ و بایەخدارە و دەبێت باشترین هاوڕێ و وریا و نهێنی پارێز بۆ ئەو كارانە بدۆزمەوە و ئامادە بكەم...

 

  • 1