ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

   

لە سەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی عێراقەوە، کە تا ئێستا ئێمەش بێ ویستی خۆمان بەشێکین لەو دەوڵەتە، سیستەمی پەروەردە و خوێندن بە جۆرێکە بونیادنرا، کە مامۆستا دەکاتە تەوەر و هەموو شتێک دەبەسترێتەوە بە بوونی ڕۆڵی ئەو لە پرۆسەی پەروەردەدا. ئەم بە تەوەرەیی کردنەی مامۆستا، وێرای هەبوونی توانایی پەروەردەیی نوێ و ئامرازی پێشکەوتووی تەکنەلۆژی، بە تایبەتی لەو سەردەمەدا، کە بشێ بکرێتە میتۆدێکی دیکە بۆ فێربوون و تێگەیشتنی قوتابی وەک ئەوەی لە دنیادا هەیە، وایکردووە کە بە بێ ڕۆڵی مامۆستا لە نێو پۆل و قوتابخانەدا، قوتابی نەتوانێت خوێندن بە باشی و سەرکەوتوویی فێرببێت. بۆیە لە غیابی مامۆستادا، کرداری فێربوون لای قوتابی سەخت دەبێت و نە خوێندنی ئۆنڵاین، نە شاشەی مۆبایل و تابلێتەکان، نە تەلەفزیۆنی پەروەردەییش، ناتوانن ئەو ڕۆڵەی مامۆستا دەیبینێت بیبینن. بە تایبەتیش لە بازنەی یەکەمی بنەڕەتیدا. چونکە لەو سێ قۆناغەدا، بە تایبەتیش پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، کردەی فێربوون پێویستی بە چەندین میتۆد و شێوازی پەروەردەیی و دەروونی و جەستەیی هەیە. ئەم کردارە پەروەردەییانە، بەبێ بوونی مامۆستا لە نێو پۆل، مەحاڵە بتوانرێت بە ڕێگە و شێوازی دیکە پراکتیزە بکرێن و سەرکەوتووبن. قوتابی کە دێتە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی(بە تایبەتی ئەگەر پێشتر لە باخچەی ساوایان نەیخوندبێت)، وەک پەڕەیەکی سپی وایە و دەبێ مامۆستا ڕۆژانە و بە چەندین وانە و بە بەردەوامیش، بنەما سەرەتاییەکانی خوێندن و نووسینی، لە وێنەوە دواتر بۆ پیت، پاشانیش بۆ وشەی سادە و بچووک، فێر بکات. ئەم ڕێکارانە نەک بە خوێندنی ئۆنڵایین ناکرێن، بگرە سوودێکی ئەوتۆشی بۆ قوتابییان نییە و کارەکە وەک ئەوە وایە، تەنها بە ڕێکردن بێت. بۆیە دەبوو لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، هاوشێوەی پۆلی دوانزە، قوتابییانی ئەو پۆلەش (واتا یەکەمی بنەڕەتی) لە نێو قوتابخانە بهێڵێتەوە و بە هیچ شێوەیەک  دایان نەبڕێت. وەک چۆن بە پاساوی ئەوەی پۆلی دوانزە، قۆناغێکی چارەنووسسازە و ئاییندەی قوتابی پێوە بەندە و دەبێ قوتابی هەر لە نێو پۆل بخوێنێت وەک ئەوەی ئێستا ئەوان بەردەوامن لە خوێندن، دەبوو بە هەمان شێوەش، قوتابییانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، کە قۆناغێکی زۆر هەستیارتر و گرنگترە لە پۆلی دوانزە، بەردەوام بووانە لە خوێندنی نێو پۆل. ئێستا گەورەترین گرفتی مامۆستایان و قوتابییانی ئەو قۆناغە ئەوەیە، کە ناتونن هەموو پیتەکانی زمانی کوردی بە تەواوەتی فێری قوتابییان بکەن و میتۆدی بابەتی کوردیش لەو قۆناغەدا، دەبێ بە پلانی پەروەردەیی داڕێژراو و پێش وەختە، بخوێنرێت و تەواو بکرێت. بۆ نموونە : پیتەکانی (د، ا، و) لە وەرزی یەکەمن و پیتەکانی (ح، غ، چ) لە وەرزی دووەمن، بۆیە دەبێ فێری بەپێی وەرزەکان ئەو پیتانە فێری قوتابییان بکرێن. بە داخەوە دوو ساڵە نەتوانراوە لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، سەر لەبەری پیتەکان فێری قوتابییان بکرێن. وەک مامۆستایەک ترسێکی گەورەم هەیە کە نەوەیەکی نەخوێندەوار لە داهاتوودا، لە ئاستی نووسین و فێربووندا دەربکەوێت. چونکە کە قوتابی فێری پیتەکان نەبوو، ئیدی فێری کردارەکانی دیکەی ناونان و گوزارشت و ناسینەوە نابێت. بۆیە گەورەترین هەڵە ئەوە بوو، کە قوتابییانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتییان، لەو ڕێنماییانەی لیژنەی کۆرۆنا دەریدەکات هەلاوێر نەکرد. مادامەکێ قوتابییانی پۆلی دوانزە بچنەوە نێو پۆلەکان، پۆلی یەکەمی بنەڕەتیش بۆچی لە پۆلدا نەخوێنن، کە پۆلێکی یەکجار هەستیار و گرنگە. ئەمە یەکێک بوو لە لێکەوتە هەرە نەرێنییەکانی داخستنی دەرگای قوتابخانەکان، کە ڕووبەڕووی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بووەوە. هەڵبەتە باس لە پۆلەکانی دیکە ناکەین، چونکە قوتابی لە قۆناغەکانی دیکەدا، ئەو قۆناغانەی بڕیوە و پیتەکان فێر بووە و دەکرێت، بە خوێندنی ئۆنڵاین و یاخود لە ماڵەوە، پێ داچوونەوەی بۆ بکرێت و هاوکاری بن. بەڵام هەرگیزاو هەرگیز، هیچ دایک و باوکێک ناتوانێت منداڵەکەی لە ڕێگەی شاشەوە فێری ناساندن و فێربوونی پیتەکان بکات. تەنانەت ئەگەر مامۆستایەک پسپۆڕییەکەی ئەلف و بێی کوردی نەبێت، وانەی کوردی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی پێ نادرێت. مامۆستای ئەو قۆناغە، دەبێ چەندین خەسڵەتی دەروونی، پەروەردەیی، جەستەیی و جووڵەیی و دەنگی هەبێت، کە هەموو ئەمانە دواجار کار لەسەر هزر و تێگەیشتنی قوتابییانی ئەو پۆلە دەکات. بێگومان تا ئێستاش (ساتی نووسینی وتارەکە) هیچ پلانێک نییە بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان. لە بری ئەمە، وەزارەتی پەروەردە، خوێندنی ئۆنڵاینی لە ڕێی کۆدەوە کردە ناچاریی و وەک بژاردەیەک لە پێناو بەردەوامی قوتابییان لە خوێندندا، ئێستادا کاری پێ دەکات. بەڵام خوێندنی ئۆنڵاین بە بڕوای من لە بەر ئەم خاڵانەی خوارەوە سەرکەوتوو نییە:

یەکەم: زۆربەی هەرە زۆری قوتابییان لە هەرێمی کوردستاندا، شارەزاییەکی ئەوتۆیان لەو جۆرە خوێندنە نییە و پێیەوە ئاشنا نین، بۆیە نازانن بنەماکانی فێربوون لەو ڕێگەیەوە بە باشی چین.

دووەم: تۆڕەکانی ئەنتەرنێت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، لەو پەڕی خاوی و سستی دانە و ئەوەی بەلای کۆمپانییاکانەوە گرنگە، قازانجە نەک کواڵیتی و خێرایی پەخشی تۆڕەکانییان.

سێیەم: قوتابیانی گوندەکان ، نازانن خوێندنی ئەڵیکترۆنی چییە و  ئەوان تەنها ڕاهاتوون بە کەشی نێو پۆل و فێربوون لە ڕێگەی بەر یەککەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ مامۆستادا، بۆیە ئەو جۆرە خوێندنە ئێستا لە قوتابخانەی گوندەکاندا هەر کاری پێ ناکرێت.

چوارەم: پرۆسەی پەروەردە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، لە چوارچێوەی فۆڕمێکی فێربوونی شرۆِڤەیی دایە. بەو مانایەی دەبێ مامۆستا جۆرەها ڕێگە تاقی بکاتەوە، تاکو قوتابی فێردەبێت. سات وایە مامۆستایەک لە پۆلدا بۆ ماوەی چەندین جار، جەخت لە فێرکردنی قوتابییەک دەکاتەوە، ئەوسا تیاشیدا سەرکەوتوو نابێت. ئیدی نازانم چۆن بە ئۆنڵاین ئەمە دەکرێت؟!

پێنجەم: ئەم جۆرە خوێندنە، پێویستی بە چەندین هۆکاری بەرجەستەیی و پاڵپشتی هەیە وەک: (ئامێرێکی مۆبایل یان تابڵێت، پڕکردنەوەی کارتی ئەنتەرنێت، هەبوونی کارەبای بەردەوام، زامنکردنی پەخشی خێرا و لەرەی بەرز بۆ تۆڕەکانی گەیاندن) ئایا ئەمانە هەمویان بە ئاسانی دەستە بەردەبن؟

شەشەم: کەشی نێو پۆل و پەیوەندی قوتابی لە نێو قوتابخانە و ژینگەی قوتابخانەدا، بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت لەگەڵ ماڵ. قوتابی لە قوتابخانەدا، هەست بە ئاسوودەیی و چێژێکی زۆری ڕوحی و دەروونی دەکات. سەرنج بدەن، کاتێ مامۆستا داوا لە قوتابییەکانی دەکات، تێنووسی ڕێنووسکردن دەربهێنن، چەند بە جۆش و خرۆشەوە ڕێنووس دەکەن و پێشبڕکێی یەکتری دەکەن کە کامیان نمرەی بەرزتر دەهێنێت. ئەمانە و گەلێک جیاوازی تر، کە ڕەنگە دەرفەت نەبێت ئاماژەیان پێ بدەین.

 بە بڕوای من وەک مامۆستایەک، هەرچۆنێک بێت، دەبێ دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە. بە تایبەتیش کە ئێستا تێکەڵاویی و گردبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو شوێنێک هەیە و دەبینرێت. ئیدی بۆ دەبێ قوتابخانەکان بە داخراوی بمێننەوە؟ تەنانەت بۆ مامۆستایانیش زۆر پێویستە قوتابخانەکان بکرێنەوە. چونکە زۆرینەیان لە کافێ و  چایخانەکانەوە بە دەم یاریکردنەوە، کاتەکانییان دەبەنە سەر، لە جیاتی ئەوەی لە قوتابخانە و لە نێو قوتابییاندا بن.

 

 

 

*  مامۆستا لە قوتابخانەی (کەڕەکی بنەڕەتی)، لە سنووری قەزای ڕواندز.

 

  • 1