ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

مامۆستا کەمال خدر مستەفا (پەستەک سۆر)

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

ــ لە ساڵی۱۹٤۰ لە گەڕەکی بایز ئاغای شاری کۆیە لە دایکبووە.

ــ بنەماڵەکەیان لە کویە بە ماڵی (پەستەک سۆر) ناسراون،لە کتێبی بیرەوەریەکانیدا، باس لەسەرگوزشتەی ئەم نازناوەیانی کردووە..

ــ باوکی لە ۲٤-٥-۱۹۷۹دا، کۆچی دوایی کردووە.

ــ (جەمال)ی برا گەورەی لە ساڵی۱۹۸٦دا لە تەمەنێکی زوو کۆچی دوایی کردووە.

ــ برای لەخۆی بچووکتری ناوی (فریاد) ە مامۆستای ماتماتیکە.

ــ هەروا پێنج خوشکی هەن بە ناوەکانی؛(قەدریە،گوڵخاتر،ئافتاو،گوڵناز،بەهار)زۆر بەداخەوە ئافتاو خانی خوشکی لە۲۳-۸-۲۰۲۰ بە نەخۆشی گورچیلەو کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد،روحی شاد بێت،یادی بەخێر،هیوای تەمەن درێژیش بۆ مامۆستای برای و هەموو خوشکە بەڕێزەکانی دەخوازین.

ــ مامۆستا کەمال خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (ئولا) ی کۆیە تەواوکردووە.

ــ لە ساڵی۱۹٥٦دا، خوێندنی ناوەندی لە کۆیە تەواوکردووە.

ــ خانەی مامۆستایانی (بەعقوبە) ی تەواوکردووە.

ــ لە۱۳-۱۰-۱۹٦۰ فەرمانی دامەزراندنی بە مامۆستا دەرچووە،لە قوتابخانەی گوندی (باغەجنێر) ی کۆیە دانراوە.دوای دوو ساڵ گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی باواجی لە ناو شاری کۆیە،لەوێ ماوەتەوە تاکو کودەتای۸ی شوباتی۱۹٦۳ .

ــ لە ماوەی پیشەی مامۆستایەتیدا لەم قوتابخانانەش بە ئەرکی پیرۆزی پەروەردە هەڵساوە:(بەیان،هیوا،حاجی قادرــلە کۆیە، کورەک،بنەسڵاوە،زەهاوی ــ لەهەولێر، صهیب الرومي لە رماری)

ــ لە ۱٤-۱۰-۲۰۰٦ خانەنشینکراوە.

٭ مامۆستا کەمال لە ۱-۷-۱۹۷۰ هاوسەرگیری لەگەل خاتوو سەباحەت زاهیر تاهیر کردووە،هەشت منداڵیان بووە،دوو کوڕو شەش کچ.. بەداخەوە کوڕی گەورەی (هانا) ئەندازیاری شارستانی بوو لە ۱۰-۲-۲۰۱۳ بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

هەموو منداڵەکانی بەسەرکەوتوویی خوێندنیان تەواوکردووە:

-- د.سانا،دکتۆرا لە کۆرپەلە(اجنة اطفال)

ــ د. سەهەند،دکتۆرا لە بایۆلۆجی

ــ سیابۆ،بەکالۆریۆس لە ماتماتیک،مامۆستایە.

ــ د. سایە،پزیشکی نەخۆشیەکانی پێست.

ــ د. هەرێم،پزیشکی نەخۆشیەکانی چاو.

ــ د. سەناریا،پزیشکی تیشک و سۆنار.

ــ د.سۆما،پزیشکی دەرمانسازی.

هیوای تەمەن درێژی و هەمیشە سەرکەوتن و بەختەوەریان بۆ دەخوازین.

ماویەتی

خەباتی سیاسی و پیشەیی و پێشمەرگایەتی

٭ سەرەتای تێکەڵبوونی مامۆستا کەمال لەگەل خەباتی پیشەیی و کاری سیاسی بۆ ساڵی۱۹٥٥ دەگەڕێتەوە،لەم ساڵەدا،دەبێتە ئەندام لە یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق ..لە هەموو چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە لە کۆیە بەشداردەبێت..

٭ لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی چواردەی تەمموزی۱۹٥۸ ،کە ڕژێمی پاشایەتی گۆڕدرا بە کۆماری، خەباتی نهێنیش بۆ ماوەی چەند ساڵێکی کەم گۆڕدرا بۆ خەباتی ئاشکرا..لە دوای یانزەی ئەیلولی۱۹٦۱ کە شەڕ لە باشووری کوردستان دەستی پێکردو دوایی ناونرا بە شۆڕشی ئەیلول، حزبی شیوعی عێراق هەموو هەوڵێکی خستۆتەکار بۆ ڕاگیرانی شەڕو چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لەسەر بنەمای ئاشتییانە،دروشمی(دیموکراسیەت بۆ عێراق و ئاشتی بۆ کوردستان) ی بەرزکردۆتەوە.چالاکی جەماوەری بەردەوامی لەم ڕێگایەدا دەنواند..

٭ لە ۸-۸-۱۹٦۲ لە کۆیە لەبەردەم مزگەوتی گەورە،گردبوونەوەیەک ئەنجامدراوە،مامۆستا کەمال تیایدا بەشدار بووە،لەبەر ئەوەی ڕۆلێکی دیاری لە گردبوونەوەکەدا هەبووە،لە لایەن پۆلیسی نهێنی چاودێری خراوەتەسەر.. کە کودەتای هەشتی شوباتی۱۹٦۳ روویداوە،ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندام و کادیروسەرکردایەتی حزبی شیوعی عێراق،بەهۆی ئیرهابی بەعس و حەرەس قەومی روویان لە کوردستان کردووە،بەشێکیان چوونەتە کۆیە ،دەرگای ماڵی مامۆستا کەمال کراوەبووە بەڕووی هاوڕێیانی حشع ،مامۆستا کەمال دەڵێ:" هاوڕێ عەزیز محەمەد هاتە کۆیە، هاوڕێ عومەر عەلی شێخ( ابو فاروق) یەکێک بوو لەو هاوڕێیانەی هاتنە ماڵمان"..

٭ دوای کودەتاکە فەرمانی گواستنەوەی مامۆستا کەمال بۆ شارۆچکەی قوڕنەی پارێزگای بەسرە دەرچوو، بەڵام نەچووە..لە هەمان کاتدا فەرمانی دەستگیرکردنیشی دەرچووە.خۆی بەدەستەوە نەداوە،لەگەل هاوڕێیانی چوونەتە گوندی کلکە سماق،لای مامەڕەزاییان،کە زۆر هاوکاری هاوڕێیانی حزبی شیوعیان کردووە لەو کاتە ناخۆشەدا،دوای رووداوو کارەساتەکانی پاش کودەتای شوباتی۱۹٦۳..

٭ ئەوکاتە مامۆستا کەمال پلەی حزبی ئەندام قەزا بووە،کە هاوڕێیان لە ئایاری۱۹٦۳ بنکەی ئاوەگردیان دامەزراند،لەگەل هاوڕێیانیدا دەستیان کردووە بە دروستکردنی خانوو جێگای حەوانەوەو فڕنی نان و شوێنی پێویستی تر..

٭ لە دوای کودەتای بەعسی فاشی و هێرشی سوپای بەعس بۆ سەر کۆیە لە حوزەیرانی۱۹٦۳،دەستکرا بە دەرکردنی ئەو ماڵانەی کەسێکیان لە لایەن ڕژێمەوە داواکراوبوو، ئەوەبوو باوک و دایک و خوشکەکانی مامۆستا، بەناچاری کۆیەیان جێهێشت وچوون بۆ گوندی سماقولی و هەروا زۆر ئەزیەت و ناخۆشیان چەشتووە ،بەڵام باوکی مامۆستا کەمال، ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕووگرژی لە بەرامبەر کەمالی کوڕی نەنواندووە لەسەر هەڵوێستی سیاسی..

٭ لە دوای کودەتای عەبدولسەلام محەمەد عارف لەسەر بەعسیەکان،لە ۱۸-۱۱-۱۹٦۳ مامۆستا کەمال چۆتە قەڵادزێ، لەوێ چاوی بە هاوڕێ عەزیز محەمەد کەوتووە.

٭ کە وتووێژی نێوان حکومەتی بەغداو شۆڕشی کورد بەردەوام بوو، لە ماوەی نێوان شوباتی۱۹٦٤ تاکو ئاداری۱۹٦٥ ،مامۆستا کەمال گەڕاوەتەوە سەر پیشەی مامۆستایی لە کۆیە،بەڵام دوای کۆتایی دانوستانەکەو شکستهێنانی و دەستپێکردنەوەی شەڕو ئاڵۆزی لە کوردستان،مامۆستا پەیوەندی بە هاوڕێیانی کردۆتەوەو بۆتەوە پێشمەرگەو ماوەیەک بەرپرسی بنکەی ئاوەگرد بوو، دوایی وەکو کادیری حزب گەڕاوەتەوە ناوچەی کۆیە،لە دۆڵی تۆبزاوە کە لێژنەی قەزای کۆیەی لێ بووە،دوایی لە ڕۆژهەڵاتی کۆیە ڕۆلی کادیری بەرپرسی حزبی بینیوە..

٭ لە دوای دەرچوونی بەیاننامەی ۲۹ی حوزەیرانی۱۹٦٦ کە بە بەیانی بەزاز ناسراوە،مامۆستا کەمال ئەمجارەش گەڕاوەتەوە بۆ سەر پیشەی مامۆستایی لە کۆیە،دوایی گوازراوەتەوە بۆ گوندی گۆمەشین، دوایی بۆ تەق تەق،دوایی کۆیە،لەسەر خەباتی سیاسیش بەردەوام بووە، بە ئاشکراو بە نهێنی..

٭ لە شوباتی۱۹۷۰ لە بەغدا لە هەشتەمین کۆنگرەی مامۆستایانی عێراق وەکو نوێنەری لیستی پیشەیی بەشدار بووە..

٭ لە دوای دەرچوونی بەیاننامەی یانزەی ئاداری۱۹۷۰ بەردەوام بووە وەکو مامۆستاو تێکۆشەرێکی نیشتمان و کورد پەروەرو هاوکارێکی بە جوڕئەتی لیستی پیشەیی مامۆستایان..

٭ لە۸-۱۱-۱۹۷٥ بەهۆی سیاسی و بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوازراوەتەوە بۆ پارێزگای رمادی و ماوەی سێ ساڵ لە دوورخراوەیی ماوەتەوە..

٭ مامۆستا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا،لە کاتی شەڕی عێراق ئێراندا،لەو کاتەی چەتەکانی جەیشی شەعبی لە قوتابخانەکاندا دەگەڕان بۆ ئەوەی بە خورتی مامۆستایان ببەن بۆ (جەیشی شەعبی)،هەمیشە خۆی نەداوەتە دەست،وەکو زۆر لە مامۆستایان و فەرمانبەران تەحەدای (پیاو)ەکانی ڕژێمیان دەکردولەسەر بەڵێننامەیەکدا ئیمزایان دەکرد کە لێی نووسرابوو(لا اتطوع ولا ادافع عن الوطن)چونکە مەسەلەکە بەرگریکردن نەبوو لە نیشتمان،بەڵکو بەشداربوون بوو لە بەرگریکردن لە ڕژێمی بەعس و لە شەڕێکی ناڕەوا..

٭ هەر بە هۆی بارودۆخی ناهەمواری ئەوکات،مامۆستا لە ساڵی۱۹۸۸ خۆی خانەنشین دەکات.

٭ لە ٤-۹-۱۹۹۳ لەسەردەمی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە سەر پیشەی مامۆستایی و تاکو دواجار خانەنشین بوونی لەساڵی۲۰۰٦ .

٭ خەڵاتی ڕێزلێنانی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی پێبەخشراوە.

٭ لە ساڵی۲۰۱۷ کتێبی (بەسەرهات و یادەوەریەکان) ی بڵاوکردەوە.

٭ تاکو ئێستا مامۆستا کەمال لەسەر هەڵوێستی نیشتمانی و کوردایەتی ڕاستەقینەی بەردەوامە..

هیوای تەندروستی باش و تەمەن درێژی بۆ دەخوازین..

 

  • 1