ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

- فتووحاتی ئیسلامی تەنیا ئایینێكی تازەی نەهێنا، بەڵكوو ئەلفوبێیەكی تازەشی لەگەڵ خۆی هێنا.

- هەموو ئەو شتانەی لەگەڵ ئیسلام هاتن پیرۆز بوون، لەپێش هەموویانەوە ئەلفوبێیەكەیان.

- كوردیی ناوەندە، ئەوەندەی لە دەستنووسەكان و یادەوەریی مێژووی ئێمەدا مابێتەوە، كوردیی ناوەند بە پیتی ئارامی، یان وەك ناسراوە بە پیتی عەرەبی دەنووسێ.

- یەكەم هۆكار لەپشت بەكارهێنانی ئەو ئەلفابێیە ئایینە و دووەم هۆ نەبوونی هیچ ئەلتێرناتیڤێكە لە بەرامبەری.

- مێژووی كورد پێش ئیسلام نەك تەمومژاوییە، بەڵكوو هەر دیار نییە، من بۆ خۆم باوەڕم بەوانەش نییە، كە زانایان دەیڵێن، لەگەڵ ئەوپەڕی حورمەتم بۆ ئەو زانا كورد و ناكوردانەی لەو بوارەدا خۆیان ماندوو كردووە، لەپێش هەموویان مامۆستا و زانای فەرامۆشراو دكتۆر جەمال ڕەشید.

- ئیسلام ئایینێكی گشتگیرە، مەبەستم ئایینی هەموو بوارەكانە، بۆ هەموو بوارەكان یاسا و ڕێنمایی خۆی هەیە. خۆی بە خاوەنی هەموو كایەكان دەزانێ، بۆیە چووەتە هەر وڵاتێك، بەوپەڕی قەناعەتەوە هەموو شتێكی پێش خۆی سڕیوەتەوە.

- نهێنیی كورد بە هیچ زانست و پێشكەوتنێك نادۆزرێتەوە. ئەو گەلە چی بووە؟ چ ئایینێكی هەبووە؟ دەوڵەتی هەبووە؟ كامانەن؟ زانیاریی بەربڵاو لەو بوارە باس كراوە، بەڵام لەبەر نەمانی بەڵگە، كاریگەرییان لەسەر ئەمڕۆ نییە.

- هەموو بازنەكانی ئەمڕۆ بە دوێنێی كوردەوە دەبەستنەوە پچڕاون، یان داگیركەران پچڕاندوویانن و لەناویان بردوون، یان كورد خۆی لە دڵسۆزییانەوە بۆ تازە هاتووەكان. ئەوەی ئەوانیش بۆیان لەناو نەچوو، بۆ خۆیان لەناویان بردوون.

- هەموو ئەوانەش یەك مەبەستیان پێكاوە: پچڕانی كورد لە ڕابردووی خۆی بەتەواوی.

- منیش بۆ یەك ئەنجام ئەو بابەتەم دەوێت، ئەویش ئەوەیە، كە كورد لە مێژووی خۆی پچڕابێ، دەیان ئەڵقەی مێژوویی ون بووبێت، سەرچاوەی بوون و دەركەوتن و دەوڵەتی بووبێتە ڕمڵ لێدان و خەمڵاندن، بێ گومان ئاساوارێك لە پیت و جۆری نووسین و زمانی نەماوە.

ئەلفوبێی عەرەبی یان ئارامی

- دەركەوتنی ئەلفوبێی عەرەبی ڕای جیاوازی لەسەرە، هەم لە سەردەمی دەركەوتنی و هەم لەو سەرچاوانەی لێی وەرگیراوە.

- ئەوەی زیاتر ڕای زانایانی لەسەرە، تێكەڵاوییەكی زۆر لەنێوان پیتی ئارامی و پیتی عەرەبیدا هەیە. زۆریان باوەڕیان وایە، كە سەرچاوەی پیتی عەرەبی، پیتی ئارامییە.

ئیسلام و ئەلفوبێی عەرەبی

- دەركەوتنی ئایینی ئیسلام ئەلفوبێی عەرەبی بردە پلەیەكی زۆر بەرز و بە ڕادەیەك بەشی زۆری ئەلفوبێ و پیت و شێوازە نووسینەكانی سەردەمی خۆی داپۆشی.

- ئەوەی ئەلفوبێی عەرەبیی برەو پێ دا، یەكەم: بووە پیتی پەسندی دەسەڵات، هاوشانی زمانی عەرەبی. هیچ شێوە نووسین و پیت و زمانێك نەیتوانیوە بەبێ پشتگیریی دەسەڵاتێكی بەهێز بژی. فتووحات تەنیا سەردەمی داگیركاری نەبوو، بەڵكوو سەردەمی گواستنەوە و چاندنی زمان و ئەلفوبێی عەرەبی بوو، بەتەواوی دنیادا.

دووەم: پیرۆزی، لەپشت هەموو وشەیەكی عەرەبییەوە پیرۆزییەكی گەورە هەیە، ئەو پیرۆزییە تەنیا بۆ مانا و واتای وشەكان و ئایەتەكان نەبوو، بەڵكوو بۆ پیت بە پیت و خاڵ بە خاڵی زمانی عەرەبی بوو.

- چەندان دەستنووس هەن ئەوە پیشان دەدەن، كە ئەلفوبێی عەرەبی سەرەتا هیچ خاڵ و سەر و بۆرێكی نەبووە، خوێندنەوەی نووسینی عەرەبی جۆرێك بووە لە سەلیقە و ڕاهاتن.

- دەستكاریكردن و دانانی سەروبۆر و خاڵ بۆ پیتەكان ئاسان نەبووە، هەم شارەزایی و توانای داهێنانی دەوێت، هەم بوێری، زیادكردن یان كەمكردن و گۆڕینی پیتێك، كارێكی ئاسان نەبووە، چونكە ئەوە دەسكاریی كتێبی پیرۆزە.

- فتووحات ئەلفوبێی عەرەبیی بڵاو كردەوە، بە ڕادەیەك ئێستا زیاتر لە پەنجا زمان بە پیتی عەرەبی دەنووسن، كە سەرچاوەكەی لە پیتی ئارامییەوە هاتووە.

- لەوانە: زمانی بەلووچی، زمانی هاوسی، زمانی كشمیری، زمانی سندی و جاوی، زمانی ئۆردو و تاجیكی، زمانی تۆكسی و فارسی، زمانی ئەزری و بینجابی و توركیی عوسمانیش و چەندان زمانی دیكە.

- قسەكەرانی ئەو زمانانە زۆر زۆرن، جاوی سەد ملیۆن و بەنجابی شەست ملیۆن كەس قسەی پێدەكەن، هەمووشیان بە ئەلفوبێی عەرەبی دەنووسن. تەنیا زمانێكی كەم ناسراوی وەكوو (هاوسی)، كە زمانی نەتەوەیی نێجیرییەكانە، پەنجا ملیۆن كەس وەك زمانی یەكەم قسەی پێدەكەن و سی ملیۆن كەس وەك زمانی دووەم. هەمووشیان لە كاتی نووسیندا بۆ زمانەكەیان ئەلفوبێی عەرەبیی ئارامی بەكار دەهێنن.

- كەواتە جگە لە كورد زۆر خەڵكی دیكە، كە زمانی خۆیان عەرەبی نییە و زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە، لە كاتی نووسیندا ئەلفوبێی عەرەبیی ئارامی بەكار دەهێنن و ئەو پیتانە ناوی دیكەشی هەیە.

ئەنجام

- بەشی هەرە زۆری ئەو نەتەوانەی، كە زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە و پیتی عەرەبی بەكار دەهێنن، دەستكاریی پیتەكانیان نەكردووە، بەڵكوو دەنگی زمانەكەی خۆیان لەگەڵ پیتەكان گونجاندووە.

- بەشی هەرە زۆریان كێشەی قورسیان هەیە، چەندان دەنگیان هەیە، كە ئەو پیتانە ناتوانن دەریانبڕن، ئەوەش وای كردووە، كە لە كاتی خوێندنەوەدا پشت بە وێنەی دەنگەكان نەبەسترێ، بەڵكوو پشت بە یادەوەری و زەین ببەسترێ.

- بەپێچەوانەوە، كورد دەنگە تایبەتییەكانی زمانەكەی خۆی لەگەڵ هێمای پیتەكان نەگونجاندووە، بەڵكوو هەمیشە هەستی كردووە لە شوێنێكدا دەبێ دەستكاریی ئەو پیتانە بكات.

- هەوڵی زۆر هەبووە بۆ دروستكردنی هێمای تازە، یان دەستكاریكردنی وێنەی پیتە عەرەبییەكان. تا دواجار تۆفیق وەهبی، مامۆستای بلیمەتی زمان و دەنگسازی، لە هەوڵەكانیدا سەركەوت، وێنەی تایبەتی بۆ بەشی هەرە زۆری دەنگە كوردییە تایبەتەكان دانا. لەو كارەی تۆفیق وەهبی بۆ زمانی كوردی كردی، تا ئێستا بۆ هیچ كام لەو زمانانە نەكراوە، كە بە پیتی عەرەبی دەنووسن.