ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڕاستە کە ئەڵێن، هەر کەسە ئاو بۆ لای ئاشەکەی خۆی ڕائەکێشێ!

ووڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەوروپا و بە تایبەت ئەمەریکا، لە چەند سەدەیەکەوە هەموو هەوڵێکیان داوە وا لە میللەتانی جیهان بکەن کە باوەڕ بە سیستەمی کەپیتالیزمی بهێنن و بیکەن بە سیستەمی بەڕێوەبردنی ووڵاتەکانیان. گەر ئەم سیاسەتەی ووڵاتانی ڕۆژئاوا تەنها لەڕێی لێدوان و ووردکردنەوە و شیکردنەوەی سیستەمە ئابوریەکانەوە بوایە بۆ بەڕێوەبردنی ووڵاتانی جیهان، ئەوا ئەو سیاسەتە تەنانەت جێی ڕەخنەش نەدەبوو، گەر بۆچوونەکەی ئەوان ئەوەندە ڕاست و بەکەڵك بوایە بۆ بەرژەوەندی گشتی میللەتان، هەموو میللەتێکی هوشیار کەپیتالیزمی دەکردە تەنها ڕێگای بەڕێوەبردنی ووڵاتەکەیان.

لە ڕاستیدا، بەتایبەت ئەمەریکا، بەزۆرداری و بە شەڕ و هەڕەشە بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە و هەرچی ئەو سیستەمەی کەئەوان پێێان باشە نەیگرێتە خۆ ئەوا دەبنە دوژمن. لە ساڵی ١٩٦٢ وە لە ڕێی بانگەوازی ژمارە ٣٤٤٧ ئەمەریکا ئابلۆقەی ئابووری سەپاندووە بەسەر ووڵاتی کوبادا، تەنها گوناهی کوباییەکان ئەوە بوو کە بەهۆی شۆڕشێکی گشتیەوە خۆیان لە چنگی باتیستەی خۆفرۆش و فاشی سەرۆكی حوکمەتی ئەو ووڵاتە ڕزگار کرد و سیستەمێکی سۆشیالیستیان هەڵبژارد بۆ بەڕێوەبردنی ووڵاتەکەیان.

ئەمڕۆ پاش ئەو هەموو هەوڵ وشەڕو تەقەلایەی ئەمەریکا و ووڵاتانی ڕۆژئاوا، بنچینەکانی سیستەمی سۆشیالیستی خەریکە دەبنە ڕاستیەك لەو ووڵاتەنەدا و چی دی پێیان ناکرێت بیشارنەوە و تۆمەتی نالەباری بخەنە پاڵ. لە ساڵی ٢٠١٦ دا لەڕێی ڕاپرسیەکەوە، وا دەرکەوت کە میللەتی ئینگلیزی لە ڕاستیا سیستەمی کەپیتالیزمیان پێ خۆش نیە و زۆر لەوان سیستەمی سۆشیالیستی بە شیوەیەکی پۆزیتیڤ دەبینن بۆ بەڕێوەبردنی ووڵاتەکەیان.

لەهەمان ساڵدا لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی هارڤەرد ئاشکرای کرد کە ئەو ئەمەریکیانەی تەمەنیان لەنێوان ١٨ تا ٢٩ ساڵدایە پشتگیری کەپیتالیزم ناکەن. لە ڕاپرسێکی ساڵی ٢٠١٨ دا دەرکەوت کە سێ یەکی گەنجانی ئەمەریکا خۆیان بە سۆشیالیست دەزانن. لە ئۆسترالیا بەهەمان شیوە لە ٪٥٨ لەدایكبوانی ساڵانی نێوان ١٩٨٠ و ١٩٩٦ پێیان وایە کە سۆشیالیزم سیستەمێکی سەرکەوتووترە. دوێنێ تەنانەت ڕۆژنامەنووسانیش نەیاندەوێرا بە نووسین و بە ئاشکرا ڕەخنە لە کەپیتالیزم بگرن، ئەمڕۆ کێشەکە هێندە گەورە بووە کە ئیتر ناچارن راستی لەسەر کەپیتالیزم بڵاوبکەنەوە. وەکو ئەو زانیارانەی سەرەوە سەبارەت بە ڕێپرسی لەسەر ڕۆژنامەی گاردیان بڵاوبۆوە.

ئەوەی کەلێنێکی دیاری خستۆتە ناو کەپیتالیزمی بێ سنوورەوە، هوشیاربوونەوەی میللەتانی ڕۆژئاوایە سەبارەت بە دواڕۆژیان بەتایبەت لە بواری ژینگەدا. ئاشکرایە کە کەپیتالیستەکان تەنها بیر لە بەرژەوەندی خۆیان دەکەنەوە، حوکمەتەکانیان تەنها سەرجەمی بەرهەمی ناوخۆ دەبینن بێ گوێ دانە دواڕۆژێکی نزیك و دوور، ئەوەی کەبەلایانەوە گرنگە بتوانن هەمیشە زیاتر بەرهەم بهێنن و بفرۆشن. ژینگە لەسەر ئاستی هەموو جیهان هەتا دێت بەرەو پیسبوون و لەناوچوون دەچێت.

میللەتانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا هوشیاربوونەتەوە و گەیشتوونەتە ئەو ئاستەکەی کە ناکرێ هەموو جیهان ببێتە بەرهەم بۆ کەپیتالیستەکان. دوێنێ لە ئەفریقا تەنانەت ڕەگەزی هەندێ ئاژەڵیشیان بەیەکجاری لەناو برد.

ئەوان نابێت ئەو مافەیان هەبێت. 

مارکس پێی وابوو کە کەیتالیزم هەمیشە لەبەرهەم هێناندایە نەك لەبەرئەوەی کە کە بەرهەمەکانی پێویستن بەڵکو دەبێ هەتا دەتوانێت زیاتر بفرۆشێت.

مرۆڤایەتی دەبێ پێکەوە بڕیار لەسەر دواڕۆژیان بدەن، نەك ژمارەیەك کەپیتالیست بڕیار لەسەر دواڕۆژی مرۆڤایەتی بدات.

ئەوە بیر نەکەین کە هەتا دێت سیستەمی دیموکراسی بەرەو لاوازبوون دەڕوات، ئەویش بەهۆی دەست تێوەردان و زۆرداری ودزی و چەوساندنەوەی میللەتان لەلایەن حوکمەت و کەپیتالیستەکانی هەندێ ووڵاتانی جیهانەوە.

لەساڵی ١٩٤٩ دا کەسایەتیەکی گەورەی وەکو ئەلبێرت ئاینیشتاین ووتارێکی بەنرخی نووسی لەسەر گرنگی و بەکەڵکیی بنچینەکانی سۆشیالیزم. ئەو پێی وابوو کە لایەنە خراپەکانی ئابووری کەپیتالیزم تەنها لەڕێی سۆشیالیزمەوە چارەسەر دەکرێت.

ئاینشتاین دەیوت گەر سەرمایە ئەوەندە زۆر بێتە ناودەستی کۆمەڵێکی کەم لە ووڵاتێکدا ئەوا ئۆلیگارکیەكی ئەوەندە بەهێز دروست دەبێت کە زۆر زەحمەت دەبێ کە سیاسەت بتوانێت کۆنترۆڵی بکات.   

جیاوازیکردن و هەڵبژاردنی سیستەمی سۆشیالیستی یان کەپیتالیزمی نابێت ببێتە هۆی پێشبڕکێکردن، پێویستە میللەتان بە سەربەستی و ئارەزوی خۆیان سیستەمێك هەڵبژێرن، بەڵام دەرکەوتووە کە کەپیتالیزم گەیشتۆتە دوا هەمین جێگای وەستانی.  

  • 1