ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەعات 7 و 45 خولەكی بەیانییە، ئەو كاتەی دەمەوێت بەرەو شوێنی كارەكەم و ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی سەرشانم بەڕێ بكەوم، سواری پاسێك دەبم و لە پشتی پشتەوە دادەنیشم.

بەو بەرەبەیانییە، كە مرۆڤ پێویستی بە پشوویەكی كورتی رۆحی و دەروونی و هێوربوونەوە هەیە، بابای شوفێر سترانێكی (شاد)ی بۆ سەرنشینان هەڵكردووە و ناوە ناوەش جگەرەیەك دادەگیرسێنێت و لەنێو دووكەڵدا قانگمان دەدات.

چەند خولەكێك نابات، پیرەژنێك بە دەست ئاماژە بۆ وەستانی پاسەكە دەكات، كە شوفێرەكە ئۆتۆمبێلەكە ڕادەگرێت، بەساڵداچووە داماوەكە، نیوەی دەرگاكە بە تەواوی ناكاتەوە، كە بابای شوفێر پێ لەسەر سكرێتەر دادەگرێت و هێندەی نامێنێت كارەساتێكی دڵتەزێن ڕوو بدات.

لەنێو سەرنشینەكاندا هاتوهاوار دروست دەبێت، یەكێك دەڵێت، ئەرێ تۆ بەشەری.. هەی؟ ... توت. خۆ خەریك بوو ئەو پیرەژنە بەدبەختە بە تایەكانت بشێلێت. ئەوەی تەنیشتیشی درێخی ناكات و هەرچی قسەی سووكە ئاڕاستەی شوفێری پاسەكەی دەكات.

شوفێرەكە بە تووڕەییەكی پێشبینیكراوەوە، ئاوڕێك دەداتەوە و ڕووەو دوو سەرنشینەكە قسە دەكات: فەرموون بۆ خوارەوە، ئەگینا... دیسان توت.

بە كورتی، شەڕ لەسەر پیرەژنەكە لە نێوان دوو سەرنشینەكە و شوفێرەكە دەقەومێت، تێر یەكدی بە قسەی توند و برینداركەر دەشۆنەوە و پاشانیش جارێكی دیكە بەڕێ دەكەوینەوە.

 

لە رێگادا، فێرخوازێك دەیەوێ بچێتە كۆلێژ و پاسەكەش بۆی ڕادەگرێت، لە پشتەوە تەكسییەك دەشكێنێتەوە سەرمان و دوای هۆڕنلێدانێكی زۆر، لەگەڵ شوفێری پاسەكەدا تا دڵیان ئاو دەخواتەوە، جنێو و قسەی ناشیرین بە یەكدی دەفرۆشن.

كە لەوێش دەربازمان دەبێت، دووبارە ئاڕاستەی ڕێگاكە دەگرینە بەر، بەڵام چی ڕوو دەدات؟ دوو گەنج (كە پێدەچوو هاوڕێ بن) لەنێو پاسەكەدا دەماقاڵە دەكەوێتە بەینیان و مەسەلەكە دێتە سەر وەشاندنی چەقۆ و كەتەروەشاندن و تەقەكردن، لێ خەڵكی خێرۆمەند و ئاشتیخواز، هێمنیان دەكەنەوە و ناهێڵن خوێن بڕژێت.

هێشتا لە تەیكردنی ڕێگا بەردەوامین، كەمێك دواتر، یەكێك لە سەرنشینەكان گەدەی تێك دەچێت و بەسەر كوشنەكاندا دەڕشێتەوە، شوفێرەكە دەیكاتە گاڵەگاڵ و هەمدیس شەڕی دەستەویەخە و خۆخاڵیكردنەوە لە یەكدی، درێژە بە چیرۆكی تووڕەیی و شەڕانگێزی دەدات.

پیاوێكی ڕیشسپی و دنیادیتە، كە وەك خۆی گوتی خوێندەوارە و فەرمانبەری حكوومەتیشە، بێزاریی گەیشتە ترۆپك و چیدیكە نەیتوانی بێدەنگ بێت.

ئەو كە لەسەر كورسییەكەی پێش من دانیشتبوو، بە دەنگێكی بەرز ئاماژەی دایە شوفێر و سەرنشینەكانیش: ئەرێ ئەم هەموو تووڕەیی و شەڕانگێزییە لە پای چی؟ پەند و وانەتان لەو هەموو حاڵەتانەی كوشتن و خۆكوشتن و دەستدرێژیكردنە سەر یەكدی وەرنەگرت؟ كە هێندەی نەماوە ببێتە دیاردە و رۆتین و ماڵی هەمووان كاول بكات؟ ئێمە تا كەی فێری لێبووردەیی و ئاشتەوایی و پێكەوەسازان و پێكەوەهەڵكردن دەبین؟ ئەرێ بۆ لە وەتەرەكانی تووڕەیی یەكتر دەدەین؟ سازش بۆ یەكتری ناكەین و تەنانەت چێژیش لە شكاندنەوەی یەكدی وەردەگرین؟ بۆۆۆ؟

كاتژمێر 8 و 23 خولەكە، كە دەچمە سەر كار و چیرۆكەكەیان بۆ دەگێڕمەوە، بەڵێنم پێ نادەن كە چاوپۆشی لە دواكەتنم بكەن، گوتیشیان كە دوور نییە وەك سزادانێك، بڕێك لە مووچەكەم كەم بكەنەوە.

  • 1