ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەم ساڵانەی دواییدا، بەتایبەت لە سەردەمی حوکمڕانی ئەردۆغانەوە لە تورکیا، ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا کەوتوونەتە شکەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا تورکیا هێشتا سەر بە ڕۆژئاوایە و مل کەچی بڕیارەکانیانە؟ بەتایبەت پاش بڕیارەکانی ئەردۆغان لەبواری سیاسەتی دەرەوەیا. وەك دەزانین تورکیای ئەمڕۆ دەستکردی ووڵاتانی ڕۆژئاوایە لە ساڵی ١٩٢٣دا، تورکیا پاشماوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیە.

 ووڵاتانی ڕۆژئاوا، هەروەکو ڕۆمانیە کۆنەکان دەیانووت پارچەپارچە بکە و حوکمڕانی بکە، بەوشیوەیە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیان پارچەپارچەکرد و کەوتنە حوکمڕانی ناوچەکە. بێگومان پلانەکەیان ئاشکرایە، تورکیایەکی سێکولاری نوێیان دروست کرد، تەنانەت پیتی نووسینیشیان پێ گوڕین لە پیتی ئیسلامیەوە بۆ پیتی لاتینی. لەهەمان کاتدا ئەو تورکیایە دەبوایە ببێتە پێشکەوتووترین قەڵای ڕۆژئاوا دژ بە پەرە سەندنی یەکێتی سۆڤیەت. ڕێکخراوی ناتۆ لەساڵی ١٩٤٩دا دامەزرا و لەساڵی ١٩٥٢دا تورکیا وەکو ئەندام وەرگیرا هەربۆیە ووڵاتانی ڕۆژئاوا هەمیشە حوکمەتەکانی تورکیایان پاراستووە و شانازبوون بەسیاسەتی ئەتاتورك.

(لێرەدا پێویست ناکات مێژووی دابەشکردنی کوردستان و ناڕەوایی سیاسەتی ووڵاتانی ئەوروپا دووپات بکەینەوە)

ئەمڕۆ ووڵاتانی ڕۆژئاوا بەچاوێکی پڕشکەوە دەڕواننە سیاسەتەکانی ئەردۆغان، کەچۆن دەسەڵاتی دەستەی سەربازی لاوازکردووە لە تورکیادا، هەروەها تورکیایەکی سێکولاری ئەتاتورکی لاوەخستووە وحیزبێکی ئیسلامی گەیاندۆتە پلەی دەسەڵات، هەروەها ئەردۆغان دەستی لەگەڵ ڕووسیادا تێکەڵکردووە و سیستەمی موشەکی پێشکەوتووی 400S لە ڕووسیا کڕیوە ئەوەش دژ بە پەڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوی ناتۆیە، هەروەها لەبواری جەنگی دژ بەسوریادا دەتوانین بڵێین کە تورکیا بەشێوەیەکی سەربەخۆ دەجوڵایەوە بێ گوێدانە داواکاریەکانی ڕۆژئاوا.

نزیکەی بیست ساڵ لەمەوبەر، سکرتێری کۆنسەی پاراستنی ووڵاتی تورکیا تونچەر کیلینچ ووتی؛ پێویستە کە تورکیا بیر لە بوون بە ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا نەکاتەوە و لە ڕیکخراوی ناتۆ بێتە دەرەوە، پێویستە کە تورکیا هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕوسیا و ئێراندا ببەستێت. ئەردۆغان هێشتا پێی لە دوو پێڵاودایە. ئەردۆغان گوێ لە هەڕەشەکانی ئەمەریکا ناگرێت. وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود کاوس ئۆغلو بەئاشکرا دەڵێت، گەر ئەمەریکا چەکی پێشکەوتوومان پێ نەفرۆشێت وەکو فڕۆکەی 35 F ئەوا ئامادەین فڕۆکەی 57 SU لە ڕوسیای بکڕین. لەهەمان کاتدا، تورکیا خەریکی دروستکردنی بنکەیەکی ئەتۆمیە بەیارمەتی ڕۆزئەتۆمی ڕوسی لە ناوچەی ئاقۆیو لە تورکیا.

لەلایەکی دیەوە تورکیا ناخوازێ پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ووڵاتی چیندا تێك بدات لەسەرر کێشەی میللەتی یوگوری کە زمان تورکن و خواستی جۆرە جیابوونەوەیەك دەکەن لە چین. ئەمەریکا زۆر هەوڵدەدات کە تورکیا دژ بە چین تێوەبگلێنێت.

بەهەمان شێوە تورکیا هاوپەیمانی ئێرانە بەتایبەتی دژ بە کورد و ناخوازێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێراندا تێك بچێت هەروەکو ترامپی سەرۆکی پێشووی  ئەمەریکا داخوازبوو لە تورکیا.   

ئەوە بیر نەکەین کە هیچ ووڵاتێکی ڕۆژئاوا و ناتۆ، لەبواری جەنگی سوریادا ڕێگریان لە تورکیا نەکرد دژ بە کوردەکانی سوریا، تەنها لەسەر ڕۆژنامەکانیان تۆزێك بۆ"هاوڕێ"  کوردەکانیان فرمێسکیان هەڵڕشت و ڕەخنەی درۆیان لە ئەردۆغان گرت. ئەمڕۆ تورکیا بەهێزی سەربازیەوە لە لیبیایە (لیبیا لەلایەن ناتۆووە لە ساڵی ٢٠١١ دا  بۆردومان کرا و قەزافی سەرۆکی لیبیایان بەکوشت دا)  و لەهەموو کێشەیەکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ئەکتەرێکی بەهێزە و خۆی دەسەپێنێت، تورکیای ئەردۆغان وەکو ووڵاتێكی سەربەخۆ دەجوڵێتەوە.

لەڕاستیدا ئەوەی کە زیاتر ووڵاتانی ڕۆژئاوا دەترسێنێت تەنها بەهێزبوونی ئەردۆغان نیە لە ڕووی سیاسیەوە، گەر تورکیا هەتا دێت زیاتر ببێتە ووڵاتێکی سەربەخۆ لەڕووی ووزە و ئابوری و سەربازیەوە، گەر ڕووی بازاڕەکانی وەرگێڕێ بەرەو ووڵاتانی ڕۆژهەڵات، ئەوا هەتا دێت فشاری ووڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر تورکیا بەرەو خۆرئاوایی دەچێت.

هەڵەکانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا لەبواری سیاسەتی دەرەوەدا هێندە زەقن کە جێی باوەڕیش نین، ئەمڕۆ سیاسیەکانی ئەو ووڵاتانە تاڕادەیەك لە وون بوو دەچن یان لە مرۆڤێك کە نازانێت بەرەو کوێ دەڕوات.

هیوادارم کە برا کوردەکانمان لەوە تێبگەن، گەر ووڵاتانی دراوسێمان دۆستی کورد نین، ئەوا بێگومان ووڵاتانی ڕۆژئاواش دۆست نین و بەپێچەوانەوە هەتا ئەمڕؤش ئێمە کۆڵەواری سیاسەتەکانی ئەوانین. 

  • 1