ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(٣٠) سی ساڵە لە هەرێمێکی دەوڵەمەند بە سامانی سروشتی خۆمان بەڕێوە دەبەین،لە ماوەی ئەو حکومەتدارییەدا تابلۆکە لە چاوی ئەواندا جوان و لە چاوی ئێمەدا ناشرینە.

لە هەرێمی کوردستان ،هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت و فرە حزبی و ئازادی بیر وباوەڕ و میدیای ئازاد و مافی ژن و یەکسانی جێندەری و ئابوری سەربەخۆ و شەڕی ناوخۆ و ئاشتبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هتد مان هەمووی بینی!

دواتریش،هەناردەی نەوت و بەرهەمهێنانی گازی سروشتی وشەفافیەت و هاوپەیمانی ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا و دۆستایەتی تورکیا و ئێران و تا دەگاتە عێڕاقی شیعی و سوننی هەمووی بینی!

کەواتە بە پێی ئەو مێژووەبێت، سیاسییەکانی ئێمە بە گشتی دەبێت ئەزمونێکی باشیان لە شێوازی بەڕێوەبردن و ئیدارەدان ، لە بوارە جیاوازەکاندا وەرگرتبێت و بەوەش توانای مرۆیی باشیان پەیداکردبێت، تا لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

بەڵام بەداخەوە،دروست ئێستا هەرێمی کوردستان لە نێو قوڵایی قەیرانی سیاسی ، کارگێڕی ، ئابوری ، تەندروستی ، پەروەردەیی ، کۆمەڵایەتی ، ژینگەیی و تا دەتوانین بڵێین ئاینیشدایە!

ڕەگ و سەرچاوەی دروستکردنی قەیرانەکەش دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و ئەو عەقڵییەتە یە کە (٣٠) سی ساڵە ئەم هەرێمەکەی بەڕێوەی بردووە و ئێستاش درێژەپێدەریەتی.

ئەوە بە تەنها ئێمەی جیاواز لەو حوکمەت و حزبانە نین کە ئاوا تابلۆی هەرێم و دەسەڵاتەکە دەبینین ،بەڵکو بەشێک لە هاوپەیمان و دۆست لایەنگرەکانیشیان ڕۆژانە دان بەو ڕاستیانەدا دەنێن وجارجارەش مەترسییەکان دەخەنە ڕوو.

هەرێمێک لە پاش ئەو زەمەنە لە خۆبەڕێوەبردن ،هێشتا کێشە و گرفتی گەورەی لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ و دابینکردنی پێداویستییەکاندا هەبێت و چارەسەری بۆ نەکرێت،دەبێت بڕیار بەدەست و فەرمانڕەواکانی چەند شکستخواردوو بن.

هەرێمێک ڕۆژ بەرۆژ داهاتەکانی زیاتر بکەوێتە دەستی حزب و حزب دەسەڵاتی لە حکومەت و دادگا و یاساو دامەزراوە زانستی و مەعریفییەکان زیاتر بێت،دەبێت فەرمانڕەواکانی چەند شکست خواردوو بن...

لەم هەرێمە، ئەگەر ئازادی بیر وڕا هەبووایە, بە دەیان کەیسی تیرۆرکردنمان نەدەدی،ئەگەر مافی مێینە هەبوایە دوبارەبوونەوەی کوشتنی ڕۆژانەی ژنانمان نەدەبینی،ئەگەر بە فعلی ئابوری سەربەخۆ و شەفافیەتمان هەبووایە،قەیرانی دارایی و ئابوریمان نەدەبینی،ئەگەر حکومەتی هاووڵاتیمان هەبووایە ،بێ ئاوی و خراپی ڕێگاوبان و بێ کاری و بێ کارەبایی و کۆچی لاوان و تێکچوونی شیرازەی خێزانمان نەدەبینی، ئەگەر هێزی نیشتیمانیمان هەبووایە،هەڕەشەی دو ئیدارەیی و دو سنوریمان نەدەبینی, ئەگەر لانی کەمی دادی کۆمەڵایەتیمان هەبوایە،ئەو جیاوازییە چینایەتی و بێ ماڵ و حاڵییەمان نەدەبینی،یان ئەگەر کەمێک لە ڕێکخستنی ژیانی دامەزراوەکان و چاودێریکردن و لێپرسینەوە هەبووایە،ئەو تێکهەڵکێشبوونە ئاینی و سیاسی و حزبی و حکومی و تاکەکەسی و عەشیرەتییەمان نەدەبینی !

وابڕوات و بەم شێوازە بەڕێوەبردنە بەردەوام بن، تابلۆکە لە چاوی ئێمەدا لە سێدارەدانی بە کۆمەڵ پیشان دەدات، سێدارەیەکی گەورە کە ئامادەکراوە بۆ ملی هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە ،ئەوەش کە پڕۆسەی سێدارەکەی بڕیار لی دەداوە و جێبەجێی دەکات، بەداخەوە فەرمانڕەواکانی خۆمانن!

 

  • 1