ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 مامۆستاو نووسەر عەبدولکەریم شێخانی

   بەشی یەکەم

 

    وتەی بەرایی:

 ٭ مامۆستاو نووسەری بەڕێز عەبدولکەریم شێخانی(تەمەنی درێژبێت) بە وێنەی سەری سپی وەک بەفر،خاوەن دڵ و دەروونێکی سپی بێگەردە،خاوەن مێژووو رابردوویێکی پاک و سپی و رۆشنە،خاوەن سامانێکی مەعنەوی سپی نەک زیوین بەڵکو زێڕینە. مرۆڤێکە بە دەیان ساڵ خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی کردووە،زیاتر لە ٦۰ ساڵیشە شەیداوئەوینداری قەڵەم و دەفتەرو کتێب و کۆمپیوتەرو نووسین و وەرگێڕانە.لە وەرگێڕانی بەرهەمی ئەدەبیدا دەستێکی باڵای هەیە،بەرهەمی نایابی هەیە،لە وتارنووسینیشدا کەم وێنەیە.لە بیروباوەڕدا کوردێکی دڵسۆزو پێشکەوتنخوازە،لەڕێبازی راستەقینەی کوردایەتی هەرگیز لاینەداوە،بەڵێنیشی داوە تاکو چاوەکانی ساغ بن،دەست وپەنجەو هزرو میزاجی کوردەواری ساغبن،بەردەوام بێت لە نووسین،لە وەرگێڕان، لە داکۆکی کردن لە مافەکانی مرۆڤ، لە بیرو وشەی ئازاد، لە خزمەتکردنی وشەی کوردی پیرۆز.

 ٭٭ ناوی تەواوی: عەبدولکەریم مەحموود تەها،ناسراو بە مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی.

 ٭ ساڵی ١٩٣٣ لە شاری کۆیە لە دایک بووە.

 ٭ خوێندنی سەرەتایی لە هەردوو قوتابخانەی کۆیسنجەقی ئولاو سانیە تەواوکردووە.

 ٭ ساڵی ١٩٥٠ خوێندنی ناوەندیشی لە کۆیە تەواوکردووە.

 ٭ دوای تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی،چۆتە هەولێرولە دواناوەندی هەولێر وەرگیراوە.لەدوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، چۆتە بەغداو لەوێ خولی پەروەردەیی مامۆستایانی تەواوکردووە.

 ٭ لە ساڵی ١٩٥٣ بە مامۆستا لە قوتابخانەی گوندی (گوبان) سەر بە قەزای کفری لە لیوای کەرکوک دامەزراوە.

 ٭ دوایی وەکو مامۆستا بۆ گوندەکانی (میرزا رۆستەم) و(بنگرد) و (سەرکەپکان) لە قەزای رانیە گوازراوەتەوە.. دوایی بۆ گوندی (نازەنین) ئینجا بۆ هەولێر گوازراوەتەوە.لە ساڵی ١٩٦٠دا لە قوتابخانەی (گۆڤەندی ئێواران) و (بۆتان) خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی کردووە.

 ٭ بە هۆی پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە ساڵی ١٩٦٢ تاکو ساڵی ١٩٦٤ زیندانی کراوە.ئاشکرایە بەشێکی زۆر لە مامۆستا نیشتمانپەروەرەکان تێکەڵ بە خەباتی سیاسی و حزبایەتی دەبوون.

 ٭ لە دوای بەربوونی لە زیندان،لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و تاکو ناوەڕاستی هەشتاکاندا،وەکو مامۆستاو پەروەردەکارێکی دڵسۆزو شارەزاو زمان شیرین لە چەندین قوتابخانەی شاری سلێمانی خزمەتی کردووە.

 ٭ مامۆستا جگە لە وانە وتنەوە،بەشداربووە لە وەرگێڕانی چەندین کتێبی پرۆگرامەکانی خوێندن تایبەت بە هەردوو قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی، لە عەرەبییەوە بۆ سەر زمانی کوردی.

 ٭ لە ساڵی ١٩٨٥دا، لەسەر داوای خۆی و بۆ خۆڕزگارکردن لە گێچەڵەکانی رژێمی بەعس خۆی خانەنشین کردووە.

 

  • 1