ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مرۆڤ دنیا لەسەر شێوەی وێنە دەبینێ، بۆ ئەوەش پێویستی بەوەیە، دنیا بەگشتی، یان دیمەنەكەی بەرامبەری پارچە پارچە بكات، تا وێنە وێنە لە یادەوەریی خۆیدا بیانپارێزێ.

ئەوەی بۆ ڕابردووش هەیەتی، یادەوەریی ئەو وێنە بچووكانەیە، كە پێی دەگوترێ نۆستالیژیا.

پێش ئەوەی مەبەستەكەم لە وێنە و نۆستالیژیا، یان نۆستالیجیا (nostalgai) باس بكەم، پێناسەیەكی دەستەواژەكە دەكەم:

بەوپەڕی سادەیی، نۆستالیژیا واتا(homesick) سۆز و حەنانە بۆ وڵات، بیركردنی وڵات و شار و زێدە. ماناكەی وەك دەستەواژەیەكی باو، وەك لە فەرهەنگی كۆمەڵایەتیی ئۆكسفۆرد هاتووە، واتا:

”نۆستالیژیا بریتییە لە سۆز و عاتیفەیەكی زیاد لە پێویست بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، یان گەڕانەوە بۆ زرووف و حاڵەتێك، كە قابیلی گەڕانەوە نییە، شتێكە، جۆش و خولیایەكە بۆ ڕابردوو.“

مرۆڤ و نۆستالیژیا

مرۆڤ لە گۆشە و نیگایەكەوە، بریتییە لە گڵۆڵەیەك هەست و نەست و بیركردنەوە و یادەوەری. ئەوەی پێویستە ئەو مرۆڤە لەزەتی لێ بكات ئێستایە، ئەوەی پێویستە مرۆ لەناویدا بژی ئێستایە، كەچی مرۆ ئەوەندەی گیرۆدەی دوو زەمەنی (نەبووە!)، هەرگیز بیر لە ئێستا ناكەتەوە.

دوو زەمەنە نەبووە، بریتین لە:

یەكەم: دوێنێ، پار، پێرار، هەفتەی ڕابردوو، مانگی ڕابردوو. ساڵی ڕابردوو، هەموو ئەو زەمەنانەی پەیوەندییان بە ڕابردووەوە هەیە. كورد بەردەوام ئاخ بۆ سەردەمی منداڵیی هەڵدەكێشێ، لەكاتێكدا هیچ لەزەتێكی لە منداڵیی خۆی نەكردووە، خواردنی پێویستی نەبووە، لە خۆشییەكان بەشبڕاو بووە، لە كاتی نەخۆشیدا سەردانی دكتۆری پێنەكراوە، سەفەری نەكردووە، شوێنی نووستنی گونجاو نەبووە، كەچی بەردەوام ئێستای خۆی بە یادكردنەوەی ڕابردووی (شیرین!) تاڵ دەكات.

دووەم: بە خەیاڵكردنەوە نەك (پلاندانان) لە داهاتوو، ئێستای خۆی لەناو دەبات و ژیانی ئێستای بۆ چارەنووسێكی نادیار (دوا دەخات)، هەندێكیان بۆ خەونێك، كە شایانی هاتنەدی نییە، بەشی زۆریشیان بۆ ژیانێكی بەهەشتییانە و تەمبەڵانەی دوای مردن.

شیرینیی ڕابردوو، نۆستالیژیای وێنەكان

- بۆچی هەمیشە ڕابردوو شیرینە، بەتایبەتی لای تاكی كورد؟

وەڵامی ئەو پرسیارە قورس نییە، بەتایبەتی بۆ گەلێك، كە لە واقیعی خۆی ڕادەكات، ڕاكردن لە واقیع یەك مانای هەیە، ئەویش خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیاریەتیی ڕووداوەكان. تاكی ڕۆژهەڵاتی و بەتایبەتی كورد، بەرپرسیاریەتیی ئێستا هەڵناگرێت و هەمیشە بەدوای ئەوەوەیە (وەلی ئەمرێك) بۆ بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆی پەیدا بكات، نەك لەبەر ئەوەی متمانەی پێیەتی، بەڵكوو بۆ ئەوەی شكستەكانی دواتری بخاتە سەر شانی ئەو.

- تەنیا خاڵێكی گرنگ هەیە لە شیرینیی ڕابردوودا، ئەویش تەمەنە، تەمەنی بە شێوە ئاسایی و تەقلیدییەكەی هەمیشە بەرەو پێشەوە دەكشێت، هەمیشەش لە ڕۆژەكاندا شتێكی لێ ون دەبێت، توانا و هێز و جوانییە. ئەو توانا و هێز و جوانییەی كە هیچ سوودێكی لێ وەرنەگیراوە. تەنیا بە چاوەڕوانییەكی بێ بنەما و یادوەرییەكی بەتاڵ بەفیڕۆ دراوە.

- پەیوەندیی وێنە و نۆستالیژیا

هەموو ئەو توانا بەسەرچووانە، هەموو ئەو خەونە بەدینەهاتووانە، بە ڕواڵەت لە وێنەكاندا وەك خۆیان ماون، بە ڕواڵەت وێنەكان پارێزەری جوانیی تەمەنن. ئەلبوومەكان دەكرێنەوە و پاڵەوانەكان ناوی خۆیان نیشانی نەوەی نوێ دەدەن و چیرۆكی پڕ شكۆی (لەدەستچوویان) دەگێڕنەوە. چیرۆكێك نە كاتی خۆی ڕووی داوە و نە لە داهاتووشدا سەمەرەیەكی هەیە.

- تاكە شتێك لە بەفیڕۆدانی تەمەن و تۆماركردنی بە شێوەی وێنە بەجێ دەمێنێ، شانازییەكی بەتاڵ و هیچە.

تامی ڕاستەقینەی وێنە

تامی ڕاستەقینەی وێنە لە تەمەنێكدایە، كە هەموو شتەكان بە ماهیەتی خۆیانەوە دەبینین، تێدەگەین و دان بەوەدا دەنێین، كە ئێمەش بوونەوەرێكی سروشتین و وەكوو باڵندە و بەرخ و درەخت و هاوسێ و بێژەرانی ناو شاشە و ئەكتەرەكان، تەمەن دەمانگۆڕێت و توانا و ڕووخسار و جەستەمان وێران دەكات، دەبێ بەو پاشماوەی (ماوە) ڕازی بین و لەگەڵی هەڵبكەین. ئەو كاتە وێنەكان دەبن بە بەشێك لە ئێمە و نەك نەفرەتیان لێ ناكەین، دەبنە مایەی شانازی، بەڵام شانازییەك، كە ئێستا هیچی پێ ناكڕدرێت، نە كچێك تۆی خۆش دەوێت لەبەر ئەوەی (وەختی) خۆی جوان و قۆز بووی، نە جەستە پتەوە و بەهێزەكەت توانای ڕۆیشتن و كاری جارانی ماوە، نە دەنگت لە نووزەوە تازە دەكاتەوە بە سەدا.

تامی ڕاستەقینەی وێنە دەشێ حوزنێك دروست بكات، كە ڕووحی نۆستالیژیا لای تۆ بەرجەستە دەكات، حوزنێك بۆ شوێن و ڕەنگ و زەمەنی خۆت. ڕاستە كەسانێك هەن نۆستالیژیا دەبێتە بەشێك لە ژیانیان و تاڕادەیەك بە ئومێدی گێڕانەوە، یان پێگەیشتنەوەی بژین، بەڵام ئەوە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت، كە نۆستالیژیا ئەگەر بەردەوام بوو، جگە لە تاڵكردنی ئێستا كارێكی دیكەی پێناكرێت. ئەوەی ڕوونە چەند لە ژیانی (ئێستا) زیاتر تێكبشكێین، زیاتر پەنا بۆ یادەوەری و نۆستالیژیا دەبەین.

تەمەن و نۆستالیژیا

ئەوەی لەبەردەم نۆستالیژیادا چۆك دادەدات تەمەنە، هەموو شتەكانی ئێستامان دەشێ لە ڕابردوو جوانتر بكەین، خانووەكەمان، جلوبەرگمان، خواردن و سەیارەمان، هەموو شتێكمان دەكرێ لەوانەی لەناو وێنەكەدان (كە لەڕابردوودا گیراوە) باشتر بكەین، تاكە شتێك، كە هەرگیز ناكرێت جوانتر بێت (خۆمانین)، خۆمان بە گەنجی و ددانی سپی و قژی ئاڵتوونییەوە لە حەوشەیەكی بێ سەر و بەر و بەجلوبەرگێكی دەڵب و ناشیرینەوە وەستاوین، ئێستاش لەسەر قەنەفەیەكی شیك و ماڵێكی ڕەنگین بە ڕووخسارێكی دەڵبەوە وەستاوین.

نۆستالیژیا بۆ ڕووخسارە بەڕەونەقەكە، بە هیچ هێزێك قەرەبوو ناكرێتەوە. ئەوەش ئەو هێزە شاراوەی نۆستالیژیایە، كە چەند بە (حوزنێكی شیرین) بەناوبانگە، سەد ئەوەندەش وێرانكەرە.

  • 1