ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەدوای شۆڕشی پیشەسازییەوە، لەسەرو بەندی سەرهەڵدانی کاپیتاڵیزمدا نەک تەنها مرۆڤەکان بەڵکوو سروشتیش کەوتوەتە بەردەم چاوچنۆکی وچەپۆکی دڕندانەی سیاسەتەوە، لەبەندەکانی یەکەمین کۆنفراسی جیهانی بۆ ژینگەو سروشت کەلەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لەساڵی ( 1972 ) کەلەشاری ستۆکهۆڵمدا سازکرا، باسی پەیوەندی گرنگ وبەسودی نێوان ژینگەو مرۆڤ دەکات لەیەکەم بەندابەم شێوەیە نوسراوە ( دەبێت مرۆڤ مافی تەواوی لەئازادی و یەکسانیدا هەبێت، کەژیانێکی خۆشگوزەران و کەرامەتی بۆ بڕەخسێ، بەهەمان شێوەش دەبێت لەگەڵ سروشت وژینگەدا، دادپەروەربێت) پاراستنی سروشت کەهاوشانە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا بۆگەشەی بەردەوام و بونیەی مرۆڤایەتییە، چونکەلەڕوی ژیارییەوە هەر ژینگە و سروشتە ئۆکسجینمان پێ دەبەخشێت بۆمانەوە، زۆر دەمێکە نادادی ونایەکسانیەکان هێڵی سوری تێپەڕاندوە لەڕوی تێکدانی سروشت و ژینگەوە، تەنها و تەنها سروشت لەڕوی دەسکەوت و سەرمایەوە سەیردەکرێت و لێی دەڕوانرێت هەرچەندە مرۆڤ وەک تەوەری گرنگ بۆ بەردەوامی و مانەوەی ژیان سەیر دەکرێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین هاوکێشەگرنگەکە مانەوەی سروشتە ، دەبێت ڕەچاوی ئەوەش بکرێت کەئەم ژینگەیە تەنها موڵکی نەوەیەک نییەو بەس، دواتر خاوەندارێتی تایبەت نییەو بۆهەموانە بەبونەوەرانیشەوە لەسەر هەسارەکەمان.

لەسەروبەندی دەرکەوتەی کێشە ناوخۆیەکانی تورکیا وبەرتەسک کردنەوەی ئازادیەکان و باوەڕ بوون بەتاک ڕەوی وهەوڵدان بۆ گەڕانەوەی خەلافەتی عوسمانی کە لەهەوڵی بەرفراوانکردنی جوگرافیاکەیدا، لەشکرکێشی نوێی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ژینگە و هەرێمی کوردستان بەردەوامە ، هەواڵی گەرم ودڵتەزێن قسەوباسە لەسەر لەشکرکێشی سەربازی تورکیا بە بیانوی هەمەجۆرو مەبەستدار ، لەهەموخراپتر وێنەکان و هەواڵەکان ئەوە دەدات بەچاو گوێماندا کەهاوشان ژینگە و سروشتیشمان لەناو دەچێت، بەتاڵان دەبرێت.

بەداخەوە بۆ ئەم سستەمە حوکمڕانەی لای خۆمان لەناوخۆی خۆیدا بۆپاڕێزگاری ولەخەمی پاراستنی ژینگەدا نەبوبێت ، وە لەسەر بنەمایەی سستەمی نادادی و نائینسانیدا پێناسە و وێنەی بۆ بکرێت، کە بەبەردەوامی لەڕابردودا لەهەوڵی کوشتنی هەست وسۆزی نەتەویدا بووبێت، تەنها و تەنها بۆخزمەتی چەند حزبێک یان چەند کەسێک بوو بێت، چۆن دەتوانێت ببێتە پارێزەر بۆژینگەو هەرێمەکەمان ،هاوکاتیش حکومەتی فیدراڵی عێراقیش وەک باس دەکرێت ئاگاداربێت و بەپرس و ڕای ئەو ئەم داگیرکاریە وبەتاڵان بردنی ژینگەیمان بەردەوام بێت، بەداخەوە وڵاتانی بەناو مرۆڤ دۆستان لەخەمی بەشی خۆیاندان، ئەمەجگەلەو ڕەچاو نەکردنەی ئەم هەرێمە لەلایەن هێزی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، ئیتر چۆن دەتوانین بڵێن سەروەری و مرۆڤ بوون و وژینگەمان پارێزراو دەبێت.

ڕێگاچارەی گونجاو و لەبار بۆبەرنگاربونەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژیەو نمونەکانی ، یەک هەڵوێستی جەماوەری ویەکدەنگی ڕێکخراوەکانی تایبەت بەم بوارانە و تەنانەت تواناکانی تاکە کەسی و ویەکڕیزی ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەی پێوستە کەلەخەمی خاک و نەتەوەو ژینگە و سروشتی کوردستاندان. بەیەک دەنگ بڵێن(نا)، هاوارمان یەک بێت و بڵێین بابەس بێت داگیرکاری و ئەنفالێکی ترو نوێ لەشێوازی ژینگەییدا.

  • 1