ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەوەبو لە سەردەمى حکومەتەکەى ـ عادل عبد المهدى ـ دا پەرلەمانى عێراق بە زۆرینەى دەنگ بڕیارێکى دەرکرد سەبارەت بە چونە دەرەوەى هێزە چەکدارەکانى ئەمریکا و کارەکانى لە عێراق.

       ئەوەتەى حکومەتى ـ مستەفا کازمى ـ پێک هاتوە و پاش سەردانەکەى بۆ (واشنتۆن) و گفت وگۆ لەم بارەیەوە لە بەینى عێراق و ئەمریکادا دەستى پێ کردوە.

هێز و لایەنە سیاسیەکانى عێراق سەبارەت بە ئەنجام دانى ئەو بڕیارەى پەرلەمان بوون بە دو بەشەوە بەشێکى زۆرى شیعە و قومیە توندڕەوەکان و دیموکراسى و سەربەخۆ خوازانى وڵات. بە جیاجیا و هەر لایەک بە مەبەستى تایبەتى خۆى. داواى هەرچى زوتر جێبەجێ کردنى ئەو بڕیارە ئەکەن و شیعە توندڕەوەکان بە هەمو شێوەیەک (فیکرى, سیاسى, جەماوەرى, ئەمنى) و تەنانەت هێزى سەربازى/ یش گوشار ئەخەنە سەر حکومەت تا بە زوترین کات ئەو بڕیارە ئەنجام بدات و بەکردەوە واتە بە پشتى ئێران پەیتا پەیتاى حکومەتى ئەمریکا سەغڵەت و نیگەران ئەکەن. ئەم حاڵەتە نائاساییە بەردەوامە و لە پەرەسەندن دایە.

       وەک ڕون بۆتەوە ئەم کێشەیە پەیوەندیەکى توند و ڕاستەوخۆى بە هەڵبژاردنى پەرلەمان/ ەوە هەیە. کە بریارە لە تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ دا (٢٠٢١) ئەنجام بدرێ. چونکە سەنگ و میزانى هەر یەک لەو دو بەشە (یار و نەیارى) مانەوەى ئەمریکا لە عێراق دا. لە پەرلەمانى داهاتودا ئەبێ بەمایەى گۆڕانکاریەکى سیاسى لەبەر چاو لەم وڵاتەدا!! گومان لەوەش دا نیە لایەنى (دۆڕاو) شکست خواردو هەرگیز بەو دەرئەنجامە ڕازى نابێـت بیر لە رێگا چارەیەکى تر ئەکاتەوە بۆ پاراستن و زامنکردنى بەرژەوەندى خۆى لەم وڵاتەدا و مەترسیەکە ئا لێرە دایە. 

       بەم هۆیەوە حکومەت و لایەنگرانى ئەمریکا بەجدى هەوڵ ئەدەن کە هەرچى زوە هەل و مەرج و پێداویستیەکانى هەلبژاردنەکە هەیە ئامادەى بکەن و پەنایان بردوە بۆ دام و دەسگا نێو دەوڵەتیەکان کە هاوکاریان بکەن بۆ جێبەجێ کردنى هەڵبژاردنەکە لەکاتى خۆى دا.

       ئەو لایەن و گروپ و هێزانەیش کە نەیارى ئەمریکا/ ن هەمو تواناى خۆیان و پشتیوانەکانیان خستۆتەکار بۆ چ دواخستنى هەڵبژاردنەکە, چ پەنابردن بە هەر کارو کردەوە یەک (سیاسى , ئەمنى, سەربازى) کە ڕێگر بێ تەگەرە بێنێتە ڕێى هەلبژاردنەکە و تێکدانى!!

بێ گومان ئەم دو هەوڵ و تەقەلایە ئەبنە مایەى ئاژاوە و پشێوى و بگرە ڕودانى شەڕى ناوخۆ لە عێراق دا!! بۆیە ئەم کۆبونەوە و گفت وگۆیانە لە نێوان عێراق و ئەمریکا دا. درێژە ئەکێشێ و ئەنجامى نابێ هەتا دواى هەڵبژاردنى پەرلەمان کە کورد واتەنى ( لایەک بەلایەکى تردا ئەکەوی).

لێرەدا دو ڕاستى هەیە کە ئەبێ پیان بزانین

یەکەم ـ حکومەتى ئەمریکا ئەیەوێ شێوازى پەیوەندى و مانەوەى لە عێراق دا بگۆڕێ. بە ژمارەیەک ڕێکەوتن و بەین بەستنى جۆراوجۆر (ئابورى, ڕۆشنبیرى, سیاسى و ئەمنى ( نەک سەربازى)). هەروەها مەشق پێکردن و چەکدارکردنى و شارەزاکردنى بەشە چەکدارەکانى عێراق. بەو بیانوەوە کە ـ داعش ـ پەیتا پەیتا خۆى ریک ئەخاتەوە و هێرش و پەلاماردانەکانى لە زیادبون دایە و عێراق بە تەنها ئەو توانایەى نیە کە ڕوبەڕوى ببێتەوە.

ئەم بۆچونەى حکومەتى ئەمریکا بەلاى سیاسیەکانى بەشى دوەمى خەڵک عێراقەوە پەسەندە و ڕۆژى ٦/٦ (فوزى حەریرى) سەرۆکى دیوانى سەرکردایەتى هەرێم جەختى لەسەر کرد, هەرچەندە لەوانەیە لێرەدا هەمو کورد یەک هەڵوێست نەبێ!

دوەم ـ نابێ ئەوەیش لەیاد بکەین کە ئەم کێشمە کێشە لە عێراق دا دەرئەنجامى ناکۆکى و دوژمنایەتى نێوان ئێران و ئەمریکا یە لە خۆرهەڵاتى ناوەراست دا. کە هەردولایان عێراق/ یان کردوە بە مەڵبەندى سەرەکى ئەم ململانێ یەى خۆیان. تا لایەکیان زاڵ ئەبێ بەسەر ئەوەکەى تریان دا کورد واتەنى ( ئاو ناکرێ بەم ئاگرەدا).

 

 

                                                    

   

    

        

  

 

  • 1