ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

       

    

تەنیا چوار مانگ، حكوومەتی هەرێم توانی، مووچە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دابەش بكات. لە پێنجەمین مانگدا، گەڕایەوە خاڵی سفر و جارێكی دیكە، مووچە بووە سەردێڕی یەكەمی هەواڵەكان. لە ڕاستیدا، پاساوی حكوومەت هەرچییەك بێت لەوبارەیەوە، بیانووی نالۆژیكی و نابڕواهێنەرن و ئەم گرفتە تەنیا یەك ئاماژەی هەیە ئەویش، خەمساردی و بێ باكی حكوومەتە لە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، كە سەرەتاییترین و سادەترین و یاساییترین مافی خۆیانە. لە هەموو وڵاتێكدا، پێوەرەكانی مووچە ستاندران و پەیوەندییان بە كۆكردنەوەی داهات و هەڵكشان و داكشانی ئابووری و خەرجییەوە نییە، چونكە ئەم سێكتەرە، بە یاسا ڕێكخراوە و چەسپاوە، بۆیە حكوومەت ناتوانێت دەستكاری بكات. كەچی لەو هەرێمە بچووكەی ئێمەدا، كە داهاتەكەی بە قەد دە وڵاتی ئەفریقی و عەرەبی دەبێت، مووچە نەك بە لێبڕینەوە دابەش دەكرێت، بگرە دواش دەكەوێت و وەك گەمەكردنێك بە فەرمانبەرانی لێهاتووە. لە بەرامبەریشدا، گوتەبێژی حكوومەت سوپاسی فەرمانبەران دەكات، وەك ئەوەی بوونەوەری ئاسمانی بن و تەنیا بە سوپاسەكەی ئەو بژین! بێگومان فەرمانبەران مووچەیان پێویستە نەك سوپاس و مەرایی بەرپرسان و لاوانەوەی حكوومەت. ناكرێت ئەو هەموو داهاتە هەبێت، نرخی نەوت بەو ئەندازەیە بەرزبێتەوە و ئەو هەموو گومرگ و پێ بژاردن باجە هەبێت، كەچی حكوومەت بە پشتی كیسەڵ مووچە دابەش بكات و بە دوو ڕۆژ مووچەی یەك وەزارەت بدات. ئێمە هەموومان دەزانین حوكمڕانییەتی تەنیا دابەشكردنی مووچە نییە، بەڵام دابینكردنی مووچە، ئەركێكی سەرەكی و بنەڕەتی و لە پێشینەیی هەر حكوومەتێكە ئەگەر هەست بكات بەرپرسیارە بەرامبەر توێژی فەرمانبەرانی خۆی. گرفتی مووچە لە هەرێمی كوردستاندا، وەك حكایەتی مێشی لێهاتووە و هەمیشە بە داخەوە فەرمانبەران باجەكەی دەدەن. ئەم گرفتە پێویستی بە چارەسەرێكی بنەڕەتی و ڕیشەیی و هەمیشەیی هەیە. ناكرێت هەر جارە و بە بیانووێك مووچەی فەرمانبەران بكرێتە قوربانی ململانێی حزبی و لەو نێوەندەشدا، خەڵكە هەژار و ستەمدیدەكە باجەكەی بدەن. زۆرینەی خەڵكی كوردستان، بە هۆی ململانێی دوو هێزەكەوە لە ڕابردوودا، كراونەتە فەرمانبەر و گوزەرانییان لە سەر مووچەیە. بۆیە دواكەوتنی كاریگەرییەتی خراپی لە سەر ژیان و بژێوییان دەبێت و هۆكاری چەندین كێشەی خێزانی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەییە. پێویست حكوومەت هەست بە بەرپرسیاریەتی بكات و چیتر مووچەی فەرمانبەران، وەك گەمەی زار و مار لێ نەكات و مانگانە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك دابەشی بكات و چیتر مافی فەرمانبەران پێشێل نەكات.

 

 

 

  • 1