ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای ئەوەی لە ماوەیەكی دیاریكراودا تۆڕێكی نهێنی دابەشكردنی پۆستەی ناوخۆیی حزب تەواو بوو، و هاوڕێیان لێهاتووانە دەستبەكاربوون و ئەركەكان بە ڕێكوپێكی جێبەجێكرا، هەر بۆ زانین هاوڕێیان و ماڵە حزبییەكان بە نهێنی مانەوە و تا ڕاپەڕینی گەلی كوردستان لە ئاداری 1991 ئەو ژمارە هاوڕێیانە وەكو سەربازی ون لە گۆڕەپانی تێكۆشان بەردەوام بوون، و تاكو ئێستاكە شتێكی وایان دەربارەی نەگوتراوەو نەنووسراوە، كەچی دەبوو ئەو هاوڕێیانە مەدالیای خۆڕاگری و ئازایەتیان لە كۆڕی جەماوەری فراواندا پێشكەش بكرێت. دوای ئەوەی ئەو ئەركەم تەواو كرد لەسەر داوای هاوڕێ- ئەبو سەرباز- سەردانم كرد و، بەرووێكی خۆشەوە پێشوازی لێكردم و هەندێ وتووێژی گشتیمان كردو هاوڕێ هەندێ پرسیاری لێكردم دەربارەی دەنگوباس و هەواڵەكانی ناو شاری هەولێر و دەوروبەریی، ئینجا گوتی، بابێینەوە سەر هەندێ بابەت بە ئەرك و كاری داهاتوومان لە ناو شاری هەولێر دەبێت هەندێ كاری نهێنی تری پێویست بكەین. یەكێك لەم كارە پێویستانە كە دەبێت زۆر بەوریایی و هێمنی ئەنجامی بدەیت، ئەوەیە دەبێت دوو ماڵی حزبی دروست بكەین بە هەمان ئەو خاڵ و مەرجانەی پێشتر باسم كردووە، بەڵام خاڵێكی گرنگ هەیە كە بریتییە لە (ئەو دوو هاوڕێیەی ماڵەكانیان دەكرێتە ماڵی حزبی دەبێت وەكو پێشمەرگەی ناوشار ئامادەیی كاركردن بن و لە بەكارهێنانی چەك لێزان بن و شارەزایی تەواوی ناو شاری هەولێر بن و ئەگەر پێشتر پێشمەرگە بووبن باشتردەبێت،نابێت بەهیچ شێوەیەك هیچ هاوڕێیەك هاتوچۆی ماڵەكان بكەن و تۆش لێیان دووربكەویتەوە و،ئاگادارییان بكەوە لە كاتی پێویست ماڵەكانیان لە لایەن حزبەوە بەكاردێت و دەبێت ئامادەبن بۆ مانەوەی هاوڕێیان و حەشاردانی هەرشتێك كە پێویست بێت بشاردرێتەوە. هاوڕێ تێیگەیاندم كە ئەوە كاریكی زۆر خەتەرناكەو دەبێت ئەو دوو هاوڕێیە ئاگاداری ئەم بابەتەبن و بە هەندی وەربگرن.

هاوڕێ- ئەبو سەرباز- بەردەوام بوو گوتی، جگە لەم دوو ماڵە و ئەو دوو هاوڕێیە پێویستمان بە سێ ماڵی تر هەیە، بەهەمان مەرجەكانی پێشوو كە باسمان كردوون و باشە ئەگەر هاوڕێیەكان و خێزانەكانییان بەتەواوی ئامادەین ماڵەكانییان ماڵی حزب بنو ئەگەر خانووەكان گەورە و فراوان بن، و كرێگرتەش نەبن و بتوانین هەندێک گۆڕانكاری تێدا ئەنجامبدەین. ئینجا بزانین چۆن ئەم ئەركەشمان بەرێوەدەچێت؟ لە وەڵامداگوتم دڵنیابە بەبێ گیروگرفت ئەنجامدەدرێت. هاوڕێم بەجێهێشت و هەر بەڕێوە بەم ئەركانەوە سەرقاڵ بوون. بۆ ئەركی یەكەم كە پێویستە دوو هاوڕێی لێزان لە بەركارهێنانی چەك و شارەزای هەولێربن، تێگەشتم ئەركییان چییە و چیدەكەن؟ بۆیە ژماریەك هاوڕێی پێشمەرگەم خستنەوە یاد وبارودۆخی هەریەكیان لە روو خێزانیەوە و شوێنی ماڵەكان و پەیوەندی هەریەكەیان لەگەڵ خزم و دۆست و هاوسێیەكان بیر لێكردەوە، ئینجا لە رووی ئامادەیی هاوسەرەكانیان دا، لە ئەنجام دا، هاوڕێ –حەسەن عەبدوڵا- ئەبو فەلاح-م بەگونجاو و چاك زانی بەهۆی ئەوەی ئەم هاوڕێیە یەكێك بوو لە پێشمەرگەكانی هەندرێن و لە ناوشاریش پێشمەرگایەتی كردبوو هەروا لە كاری حزبی دوور خرابۆوە و پەیوەندی سنووردار كردبوو، سەرباری ئەوەی –دایكی فەلاح- ماوەیەكی باش لە ناوچەی بەرسرین لەگەڵ هاوڕێ –ئەبو فەلاح- ژیا بوو و ئامادەبوو بۆ جێبەجێ كردنی ئەركی حزبی. هاوڕێی دووەم بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەركەكە هاوڕێ- تەلعەت قەساب-م بەباش و لێهاتوو بۆ ئەركەكه زانی، لەبەر ئەوەی ماوەیەك پێشمەرگەی ناو شار بوو، شارەزایی هەموو كون و قوژبنێكی ناو شار بوو، ئامادەیی بێسنوورو بێدوودڵی بۆ جێبەجێكردنی ئەركی حزبی هەبوولە ماڵەوەی شوێنی شاردنەوەی گەلێك شتی هەبوو، هەروەها –حەساری- مەڕوماڵاتی هەبوو، دەكرا جۆرەها ئەركی تێدا ئەنجامبدرێت، جگە لەمانەش دایكی –هەندرێن- بۆ كاری حزبی بەردەوام و هەموو كات لەسەر پێ بوو. دوای ئەوەی ئەم دوو هاوڕێیەم بۆ ئەركەكە بە گونجاو و لێهاتوو زانی، بەتەنیا پەیوەندیم پێوەكردن و بەدرێژی ئەركەكەم خستەروو، و هەموو لایەنەكانم بۆ روونكردنەوە، و داوای راوبۆچوونی ئەوانم پرسی و چییە؟ هاوڕێ –حەسەن عەبدوڵا، ئەبو فەلاح- لە وەڵامداگوتی، من شیوعیم و پێشمەرگەی حزبم و حزب هەر ئەركێكی هەبێ و بەمنی بسپێرێت ئەوە بێ دوودڵی ووەستان جێبەجێی دەكەم، گوتم هەربژی حزبیش هەر ئەوەی لەتۆ رادەبینی و لەمڕۆوە پەیوەندیت بە من نامێنێ و ماچم كردو لێك جیابووینەوە. پاشان لەگەڵ هاوڕێ- تەلعەت قەساب- لە ماڵەوەیان كۆبوومەوە و باسی كار و ئەركی داهاتووم بۆ كرد و بەبێ پێچ و پەنا هەموو لایەنەكانی ئەركەکەم خستەروو و گوتم، بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەم ئەركە چیدەڵێیت؟ لەوەڵامدا هاوڕێ گوتی، لە خوام دەوێ حزب ئیشی وا بەمن بكات و زۆرم پێخۆشیشە و جێگامان زۆرە بۆ شاردنەوەی هەموو شتێك، هاوڕێ –تەلعەت قەساب- ئەندامی لیژنەی شار بوو بۆیە ئاگادارم كردەوە كە پەیوەندی لەگەڵ من و هەموو هاوڕێیان ببڕێت، گوتی دەزانم و خەمت نەبێت بەر لەوەی من ئەو ماچ بكەم ئەو منی لەباوەش گرت و ماچی كردم. ئاگاداری –ئەبو سەربازم- كردەوە كە هاوڕێ –تەڵعەت قەساب- و حەسەن عەبدوڵا- ئامادەن بۆ جێبەجێ كردنی ئەركەكەیان و پەیوەندییان بە منەوەنەماوە.ئینجا بیرم لە دەستنیشانكردنی سێ هاوڕێی تر بۆ كاری نهێنی حزبی و ماڵەكانیان بكەنە ماڵی حزبی بووە جێگای بایەخ پێدان، و یەكەم هاوڕێ كە بۆ ئەم مەبەستە بە باشی دەزانم هاوڕێ –كەریم رەوف-بوو، لەبەرئەوەی هاوڕێیەکی خاوەن ئەزموونێكی چاكی كاری حزبی بوو، هەروا خانوویەكی گەورەی لەگەڕەكی رووناكی هەبوو، رووبەڕەكەی 700م2 دەبوو، ژوورێكی زۆری تێدابوو، لەماڵەوە ژمارەیان كەم بوو، بریتی بوون لە(خۆی و دایكی خالید و ماجید)، سێ منداڵیان لە یەكێتی سۆڤیەت دەیانخوێند و ماڵی –ئاشتیش لە بەغدا بوو، هەر هەموویان كادیر و ئەندامی حزب بوون، كاتێك ئەم بابەتەم لەگەڵ هاوڕێ –كەریم رەئوف- دایكی خالید- باس كردو ئەركەكەم بۆ روون كردنەوە بەبێ دامان و بیركردنەوە هەردووكیان گوتیان، ئەو ماڵە گەورە بۆ حزب نەبێ بۆچییە؟ لایەكی ماڵەوە بۆ كاری حزب ئامادە دەكەین، ئاگادارم كردنەوە پەیوەندی حزبیتان لەگەڵ هاوڕێیان ببڕن و هاتووچۆی خزم و دۆستان كەم بكەنەوە، گوتیان بەبێ كەموكورتی بڕیاری حزب جێبەجێ دەكەین. پاشان چوومە ماڵی مامۆستا(سالح قادر بەگ- كە ئەندانی لیژنەی شاری هەولێر بوو، ماوەی دوو ساڵ بوو پەیوەندی كرابووە تاكی- فەردی- لە رەواندوزەوە بۆ هەولێر هاتبوو، ماڵیان لە ئازادی بوو، دوای ئەوەی بەكورتی باسی بارودۆخی سیاسیم بۆ كردو هەڵوێستی حزبی بەعسم خستەروو، پاشان باسی بڕیاری حزبم بۆ كرد كە دەبێ پاشەكشەی رێكخراو بكەین لەبەرئەوەی فشارو هێرشی حزبی بەعس بۆ سەر حزبمان بگاتە كوردستان و حزببە باش دەزانن ماڵی ئێوە بكرێتە ماڵی حزب، بۆ ئەم مەبەستە ئامادە بن، هاوڕێ ساڵح گوتی، ئەم بڕیارە ماڵی ئێمە ماڵی حزبە، هاوڕێی سێیەم كە لەبەرچاوم بوو، و بەچاكم زانی بۆ ئەركەكە، هاوڕێ –ئەبودارا- بوو، كە ئەندامی لیژنەی مەحەلی هەولێر بوو، بەر لە دووساڵ كارێكی تایبەتی بۆ حزب دەكرد و بەشداری لە كۆبوونەوەكانی لیژنەی مەحەلی نەدەكرد، لەماوەی ئەو دووساڵە لەبەرچاوان دووركەوتەوە و ماڵی لەگەڕەکی باداوان بوو، كارە تایبەتیەكەشی بەرەو نەمان دەچوو، بۆیە ئەو خۆی و ماڵەوە ئامادەبوون، هەروا شارەزایی هەبوو لەكاری چاپكردن و ئیشكردن لە چاپخانەی نهێنی حزب و ماڵەكەشی گونجاو بوو بۆ دامەزراندنی چاپخانەیەكی نهێنی. باسكردنی بابەتەكە لەگەڵ هاوڕێ –ئەبو دارا- ئاسان بوو بەبێ بینەوبەردە ئامادەی جێبەجێ كردنی بڕیاری حزب بوو، بەم شێوەیە ئەم ئەركەشی بەبێ گیروگرفت تەواو بوو، ئاگاداری هاوڕێ –ئەبو سەرباز-م كردەوە كە ئەرك و بڕیارەكەی حزب تەواو بوو، هەموو شتێك ئامادەیە،هاوڕێ –ئەبو سەرباز- گوتی، دەستخۆش كە ئەركەكە بەبێ گیروگرفت تەواو بوو، بەڵام ئەرك و كارەكانمان بەم زوانە تەواو نابێت و تازە لەسەرەتای رێگاداین بەردەوام دەبین! گرنگ ئەوەیە كارەكانمان بە نهێنی جێبەجێ بكرێن و ئاشكرا نەبن! هەتاكو ئێرە بەباشم زانی باسی لێوە بكەم، شتی زۆرتر ماون باسیان بكەم، بەڵام كاتی باسكردنیان نەهاتووە.

  • 1