ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ھێرشی پشتیوانانی ئیسلام بۆ بازگەی زەمەقی - تەپەکوڕە و تەپی سەفا و گردی درۆزنە لەکاتی جیاوازدا

 ھێرش و پەلامارەکانی چەکدارە تیرۆریستەکان بەردەوامی ھەبوو، لە ھەر یەکێک لەو ھێرش و پەلامارانانەدا قوربانی لێدەکەوتەوە و شەھید و بریندارمان لە ھێزی پێشمەرگە هەبوو، کە بەم شێوە بوون:

 — بازگەی زەمەقی/ شەوی چواری یازدەی ٢٠٠٢ چەکدارەکانی پشتیوانانی ئیسلام کە زیاتر بە (ئەنسارولئیسلام ) ناسرابوون، پەلاماری بازگەی زەمەقییاندا و سێ پێشمەرگەی یەکێتی شەھیدبوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون، لەوانیش کوژراو ھەبوو و دووتەرمی چەکدارە تیرۆریستەکان بەجێما.

 — فێرگەی عینەب و دەرەشیش/

 ئێوارەی ڕۆژی ٢٠٠٢/١١/٢٨ پشتیوانانی ئیسلام جاریکی تر بە چڕی بۆردومانی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی حزبمانیان کرد لە ھەردوو فێرگەی عینەب و دەرەشیش، سەرەڕای سەختی تۆپبارانەکە پێشمەرگەکانمان بێ زیان بوون.

— تەپە کوڕەو تەپی سەفاو گردی درۆزنە/

کاتژمێر ٤،٢٠ بەیانی ڕۆژی ٢٠٠٢/١٢/٤ ھێزەکانی پشتیوانانی ئێسلام (ئەنسارولئیسلام) لە ھێرشیکی فراواندا پەلاماری سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان دا لە تەپەکوڕە و تەپی سەفا و گردی درۆزنە،  زیاتر لە پەنجا پێشمەرگە شەھید بوون و تەرمەکانیان لە سەر جادەی خوڕماڵ ـ تەویڵە فڕی دابوو، خەڵک پەیتا پەیتا دەچوونە تەماشای تەرمەکان و ھەندیک بۆ ناسینی شەھیدەکان و بەشێکیش بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاریی و ھەندێ لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش ئامادەبوون، ھەواڵەکان بڵاو بوویەوە کە ئەو شوێنانەی پشتیوانانی ئیسلام دەستیان بە سەردا گرتبوو لە ئەنجامی خیانەتی چەند پێشمەرگەیەکی یەکێتی بووە و ئەوان چاوساغیان کردبوون بۆ ئەو ڕەبیە و سەنگەرانە.

چەکدارەکانی پشتیوانانی ئیسلام لە ھەموو ڕەبیەکان کشانەوە تەنیا لە گردی درۆزنە نەبێت کە نزیک بوو لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەی حیزبمان بەتایبەتی لە فەوجی سلێمانی، نێوانی ئەوان و پێشمەرگەکانی ئێمە زیاتر لە (کم) نەدەبوو، گەیشتن بە ڕەبیەی گردی درۆزنە و مانەوە لەوێ گەیشتن بوو بە قوڵایی سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە، ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی سەخت بوو بۆ ئێمە و بەکەمی و بەوریاییەوە ھاتوچۆی سەنگەرەکانمان دەکرد.

کەتیبەی تۆپخانەی یەک بەسەرپەرشتی ڕاید جەلال عادل تاڵەبانی یاریدەدەری فەرماندەی کەتیبە و لە دووری ٨ کم لە جادەی کۆنی ھەڵەبجە و بەرەو ئاوی زەڵم، تۆپبارانی سەختی چەکدارەکانی پشتیوانانی ئیسلامی کرد لە گردی درۆزنە و سەنگەرەکانیانی خاپور کرد و بواری نەدان تاکە فیشەکیک ئاراستەی سەنگەرەکانی ئێمەش بکەن، ئەوانەی نەکوژرابوون و  لەوێ مابوونەوە کەمتر بوون لەژمارەی پەنجەی دەست و ڕووخا بوون.

پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی، پێش خۆرئاوابوون نزیک بوونەوە لە سەنگەرەکان بەمەبەستی پەلاماردانی ئەو چەکدارانەی مابوونەوە لە ڕەبیەی گردی درۆزنە، مەحموود سەنگاوی و حەمەی حەمە سەعید و ڕابەری سەید براھیم گەیشتنە لامان و بە بینینی من و فەرماندە و پێشمەرگەکان لە نزیکترین سەنگەر لە گردی درۆزنەوە گەلێ خۆشحاڵبوون و پەیوەندیان کرد بە کاک کۆسرەتەوە لە ھەڵەبجە و ئەویش لە دوای ھەواڵپرسین خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و سوپاسی کردین، لە وەڵامدا پێم گوت ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە و سوپاسی ناوێ.

ئەو چەکدارانەی لە گردی درۆزنە مابوونەوە کە دەرکەوت چوار چەکدار بوون، پێش ئەوەی پێشمەرگەکانی یەکێتی پەلاماریان بدەن ھەڵاتن و خۆیان ڕزگار کرد و گەڕانەوە بۆ سەنگەرەکانیان لە تاوێرە.

ھێزی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی لە تۆڵەی شەھیدەکان و ئەو زەرەر و زیانەی لە ئەنجامی ئەو ھێرشە بەربڵاوەدا بەریانکەوتبوو، چوونە گوندی شەشک و خێڵی حەمە و گۆمەلار و سەنگەریان لێدا و لەو شوێنانە مانەوە، بەپێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەل کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی ئەنجامیان دابوو کە دەبوو، ئەو ناوچانە ناوچەی (محرەمە)بن و ھیچ لایەنێکی شەڕکەر بوونی نەبێت، چونکە یەکێتی زانیارییان ھەبوو زۆرجار لەو شوێنانەوە ھێزەکانی پشتیوانانی ئیسلام دزە دەکەن و پەلاماری سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە دەدەن و بە ئاسایی لەو شوێنانەوە پاشەکشە دەکەن.

(ماویەتی)

  • 1